بەیان سەلمان: کورد بە حوکمی جۆگرافیاکەی مێژوویەکی تا ڕادەیەک داخراوی بەسەر خۆیدا هەیە.

07/09/2020
فۆتۆ: 

سازدانی: شاخەوان سدیق


ڕۆماننووس (بەیان سەلمان) پاش بڵاوكردنەوەی هەریەكە لە ڕۆمانەكانی (نەوەكانی مادائیی و بەسەرھاتەکانی خەزنە مەملووک و لە بەرزای شواراكانەوە و شەوانی ئادەم و یاد داشتی عەتر و ئاگر) لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لە ئێستادا ڕۆمانێكی نوێی ئامادەی چاپەو بڕیارەی بەم زوانە چاپ و بڵاوبكرێتەوە، دەربارەی ئەم كارە نوێیەشی پێمان باشبوو لەم دیدارەدا بیدوێنین.

ژیان: وەك ئاگادارین لە ئێستادا ڕۆمانێكی نوێتان ئامادەیە بۆ چاپ، دەكرێ بزانین ناونیشانی ئەم ڕۆمانە نوێیەتان چیەو ماوەی چەندێكە كار لەسەر ئەم بەرهەمە نوێیەت دەكەی؟

بەیان سەلمان:  لە رٍاستیدا ناونیشانی ڕۆمانەكەم ''دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان" ە كە دەزگای ئەندێشە چاپ و بڵاوی دەكاتەوە. ئەتوانم بڵێم نزیکەی چوار ساڵم پێچووەو بەدرێژای ئەو ماوەیەش بەردەوام كارم تێداكردوە. هاوکات کاری ترم کردووە و ڕۆمانی تریشم نووسیوە، کە بە پێی بەرنامەی چاپخانەی ئەندێشە ئەمەیان بەم نزیکانە چاپ دەکرێت و ئەویتریشیان دەکەوێتە وەرزی بەهار. بەڵام بۆ ئەم ڕۆمانەیان ماوەیەکی زۆرم ویست. دەبوو لە زۆر وردەکاری بکۆڵمەوە و بچمەوە ناو ئەو دەمانەی ڕووداوەکان هاتوونەتە پێشێ. تەنانەت بۆ چەندین وڵاتیش بڕۆم کە دەکەونە سەر دەریا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای ژیانی کەنارەکان و دۆخی خەلكەکەی و هەلومەرجی ئەو سەردەمە بم کە ڕووداوەکانی تێدا گێڕاوەتەوە. 

ژیان: دەكرێ‌ بزانینین هێڵی گشتی ڕۆمانەكەت بەكورتی دەربارەی چی یە؟  وەك زانیارییەكی كورت بۆ خوێنەرانت؟ 

بەیان سەلمان: مەرجان کە كە سایەتی سەرەکی ڕۆمانە کەیە، هەمیشە خولیای گەشتكردنی هەیە. بەپێی گێڕانەوەكان، ئەو لە بنەماڵەی زەندییەکانە، کە کاتی خۆی لە ئێرانەوە گەیشتونەتە ولایەتی بەسرا، لەسەردەمی حوکمی عوسمانییەکان. ئیدی بە قەولی خۆی کەشتییەکی بە بۆماوەی لە باوکی و باپیرەیەوە بۆ ماوەتەوە و دەیەوێ لەوەدوا گەشتی خۆی پێی بکات. تا کوێ رەوتەکانیان بەردەوام دەبێ؟ هەتا چەند بەرگە دەگرن؟ چیان لێ دەست دەکەوێ و چیش دەدۆڕێنن؟ چی پاڵ بە مەرجانەوە دەنێت دەرچێت؟ چ هۆیەک پاڵی دەنێت تیمێکی کەشتیوان بخاتە دوای خۆت؟ بۆ ئەوانیش دوای دەکەون؟ بۆ ئەم ولات و ئەم وڵات دەکات؟ لەگەڵ گەشەی ڕووداوەکان وردە وردە خولیای پیاوێکمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە دروست کەلەڕەقە، وەک هاوکارەکەی (زێفیر) زۆرجار پێی دەڵێت، بەڵام مەرجان ئەو کەسەشە، کە خەون دەکاتە چارەنووسی خۆی و نازانێت واتای پاشەکشێ چییە. 

ژیان:خەون و سەفەر  ئەو سیفاتە گرنگەكانەی مرۆڤن كە هەمیشە هۆكاری زیندوێتی بوونین، دەوترێت ئەو مرۆڤەی خەونی نەبێت بەتایبەت خەونی گەورە مەحاڵە ژیانێكی گەورە بژی، سەفەریش حەزی مرۆڤە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە شوێنە كەشف نەكراو نەبینراوەكانی دونیا، چۆن بوو تۆ بڕیارتدا ڕۆمانێكی وا گەورە كە تێما سەرەكیەكەی خەون و سەفەری مەرجانە بنووسی؟ 

بەیان سەلمان: بیرۆكەی سەفەر بەكەشتی لەوانەیە خەونی خۆم بێت؟ کورد بە حوکمی جۆگرافیاکەی مێژوویەکی تا ڕادەیەک داخراوی بەسەر خۆیدا هەیە. گەشت بە گشتیی کرانەوەیە بەرەو دەرەوە، بە تایبەتی لە دەریادا بەرەو نادیار، بەرەو شکاندنی ترس دەمانبات. چی لە خەون گرنگرە بۆ هێنانەدی ئەو گەشتە؟ خەون لەم ڕۆمانە دەبێتە بەشێکی تەواوکەری ژیان. یان دەبێتە رزگارکەر لە ئازار و تەنگانە و بگرە شکستی کەسەکانیش. دەبێتە ڕێنماکەر بۆ ئەوەی بەدوای تیشک بکەون، کۆڵ نەدەن و لە تاریکی نەترسێن. زۆرجار کەسانێک هەن ناڕاستەوخۆ تاریکی خۆیانمان بۆ پێشنیار دەکەن، خەون بەو شێوەییەی لەم ڕۆمانە کارم پێ کردووە، بەرگریە دژی ئەو جۆرە کەسانە. پاشان گەشتکردن زۆر گرنگە، لێرەشدا باس لە گەشتێک دەکەم کە مرۆڤ بتوانێت بە نێوەندیدا فێر بێت، داهێنەر بێت، ترس ببەزێنێت و بەخۆیدا بچێتەوە. دەکرێ تووشی کۆسپ بێیت، بەڵام دوجار کلیلی ژیان بە دەست خۆت دەبێت ئەگەر، هێشتت خەون ڕێنماییت بکات.

ژیان:ئەگەرچی ڕۆمانەكەت تەواو فەنتازیەو زادەی خەیاڵی خۆتە، بەڵام وەك هەندێك لە ئیشەكانی پێشووت، مێژووت وەك كەرەستەیەك بەكار هێناوە بۆ یارمەتیدانی ڕیتمی گێڕانەوە لە ناو ڕۆمانەكەیا، ئەم ئیشكردنە لەناو مێژوەیا چۆنە لای تۆ؟

بەیان سەلمان: هەمیشە بەنێوەندی خەیاڵ، بەدوای مێژووەیەکی کورد و جیهانەوەم. مەبەستمە زیندووی بکەمەوە، لە ئەرشیف دەریبێنم، دیسان بیخمە ژێر تیشک، بەو شێوەییەش بێت کە وەک ڕۆماننووسێک چۆن دەیبینم؟ چونکە بەڵگەنامەی مێژوویی زۆرن لەسەر ڕووداوگەلێک، با ئەمڕۆ نەشکەونە بەرچاو، بەڵام کاتێ بە خەیاڵ ئیش دەکەینەوە لەناو مێژوودا، دەستمان واڵایە، دەتوانین ئەوە دروست بکەین کە خۆمان دەمانەوێت. ڕاستی و خەیاڵ وەها سەیر دەکەم، کە ئەوەی یەکەم خانوویەکە بە دروستکراویی دەچیتە ناوی، هیچ هونەرێکی تێدا نییە. ئەوی تریان خشت بە خشتی خۆت دروستی دەکەیت و بە ئارەزووی خۆت ئیشی تێیدا دەکەیت. بە کورتی دەستبەستراو نابیت. دیارە وەک پێشتر لە چاوپێکەوتنەکانم ئاماژەم پێ کردووە، هیچ کات هەموو مێژوو ناهێنمەوە بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکەم، بەلكو ئەو بەشە تەوزیف دەکەم کە هاوکاریی لایەنە فانتازییەکەیە بۆ گەشەکردنی ڕۆمانەکە و ناساندنی کەسایەتییەکان و سەردەمێک کە تێیدا ژیاون.

ژیان:خەون لەم ڕۆمانەدا، دیوێکی تراژێدیایە یان کۆمێدی، یان هەردووکیان؟ 


بەیان سەلمان: لە ڕاستیدا وام کردووە هەردوو دیوی بێت. لەناو خودی تراژێدیای کەسەکان خۆیان دۆخی نەهامەتییان کەمدەکەنەوە و بە روحییەتێکی ساناوە وەریدەگرن. یان هیچ نەبێت بتوانن تێیپەڕێنن. پێمخۆشە خوێنەریش لەگەڵیاندا بەشداری ئەو لایەنە کۆمێدییە بێت. ژیانمان لەناو واقیعدا بەزۆری تراژێدیا بەسەریدا زاڵە، هیچ نەبێت بەشێکی بە ڕوانگەیەکی کۆمێدی لێی بدوێین، تەنانەت ئەگەر لەناو هەناوی تراژێدیاش بێت. بێجگە لەوەی خودی ژیان تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. بێ هەردوو دیوی تراژێدیا و کۆمێدیا ناکاتە پێناسەی ژیان! 

ژیان:بەو شێوەیەی دەیڵێیت، جیاواز لە زۆرێك  لە كارەكانی ترت لەم ڕۆمانەیا خوێنەر بەر دیوی كۆمیدیاو جۆرێك لە گاڵتەوكەپ دەكەوێت؟ ئەگەر بەڵێ، ئەم شێوازە نوێیە لای تۆ و ئیشكردنت لەگەڵ كۆمیدیا چۆنە و لە بەرچی پێت خۆش بوو لە ڕۆمانەكەدا هەبن ئەو دیمەنانە؟

بەیان سەلمان: بەڵێ، لە ڕۆمانی لەم جۆرەدا، زۆربەی ڕووداوەکانی لە ناو گەشتی دەریایە، ناکرێت تەنها تراژێدیا تەوەری سەرەکی بێت. گرنگە بزانین چۆن لە کاری وەهادا کۆمێدیا بخەینە خزمەتی دەقێک. چۆن درۆ و ڕاستی بخەینە پاڵ یەک بۆ ئەوەی بڵێین ژیان یەک ڕەوتی نییە، بەڵکو ڕاستی و درۆ و کۆمێدی و تراژێدی، نەزانین وزانینیش، هەموو ئەوانە پێکەوە چەرخی ژیان بەڕێوە دەبەن. بێگومان ئەوە جۆرێکە لە یاریکردنیش لە نێوان دۆخی کۆمێدی کە تێکەڵ بە خودی تراژێدیا دەبێت. ئیشکردن لە کۆمێدیا زۆر قورسە، بۆیە پێویستە لەناو خودی ڕۆمانێک بزانین کەی و لەکام شوێن ختوکەی خوێنەر بدەین. دیارە ئەم لایەنەش ڕێژەییە، چونکە لەسەر بۆچوونی خوێنەر و هەلومەرجی شوێنی خوینەر و باری دەروونی وەستاوە گەر بە کۆمێدی وەریدەگرێت یان نا. بەڵام لەلای خۆمەوە بۆ ئەوەی لایەنی تراژێدیاکە خوێنەر ماندوو نەکات و باری قورس نەکات، پەنام بۆ ئەوە بردووە.

 
ژیان: زۆربەی كارەكانی بێشوت كۆتای كراوەیان هەبوەو هەمیشە قسەی ئەخیرت بۆ خوێنەر خۆی جێهێڵاوە، ئایا لەم كارە تازەیەشدا بەر هەمان تەكنیك دەكەوین و كۆتای ڕۆمانەكەت كراوەیە یان نا؟



بەیان سەلمان: بەڵێ، من لەكارەكانی خۆمدا زیاتر ئارەزووم لەو جۆرە ئیشكردنەیە كە زۆرێك لە كۆتای ڕۆمانەكانم كراوەبن، بەتایبەتی لە ڕۆمانی بەسەرهات دا، وەک گوتیشم ئەم ڕۆمانە سێبەشی ڕووداوەکانی لەناو دەریادایە، بۆیە پێم باش بوو کۆتایی کراوە بێت. ئەمەش بوار بۆ خوێنەر بەجێدهێڵێت خۆیشی بەدوای خەونی خۆی بکەوێت. وەک پێشتریش گوتومە، خودی ژیان کراوەیە تەنها مردن ڕەوتی شتەکان دەوەستێنێت، خودی ژیان وەستانی تێدا نییە، هەر پێناسەی ژیان ئەو نەوەستانەیە! ئیدی بۆ دەبێ لە ڕۆمانێکدا دەرئەنجامێکی کۆتایی هەبێت؟