کازمی دۆسیەی ئەمنی شارەکانی باشور ڕادەستی سوپا دەکات

07/09/2020
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی (ئەلعەرب)ی لەندەنی لەژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەنیازە دەسەڵاتی ئەمنی پارێزگاکانی باشور ڕادەستی سوپای عێراق بکات.

ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "مستەفا کازمی بەوئاراستەیە کاردەکات، کە پشت بە هێزەکانی سوپا ببەستێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆسیە ئەمنی لەناوخۆیی پارێزگاکانی باشور، ئەو هەوڵانەش هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆی هێزە سیاسییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوو، چەکی گروپە چەکدارەکانی دەرچوو لە یاسا و چەکی هۆزەکان لە ناوەڕاست و باشوری عێراق لەلایەک و چەکی گروپە چەتەکان و تاوانی ڕێکخراو و باندەکانی تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان لە لایەکی تر، بوونەتە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم توانای هیزە ئەمنییەکان بۆ سەپاندن و جێبەجێکردنی یاسا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە حکومەت بە دوو ئاراستە کاردەکات لەسەر بارودۆخەکە، یەکەمیان ئەنجامدانی زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی ئەمنی فراوان لە شارەکانی باشور، دووەم دەستکاریکردنی پەیکەری پێکهاتە سەربازییەکان و راسپاردنیان بە ئەرکی ئەمنی.

ئەو هەوڵانەی حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، کازمی جارێکی تر دەستی کردووەتەوە بە گۆڕانکاری لە پەیکەری ئەمنی و سەربازی هێزە جیاجیاکان، لەوانەش هێزەکانی سەپاندنی یاسا لە بەغدای تێکەڵ بەهێزەکانی پۆلیس کرد، پێکهێنانی فەرماندەییەکی نوێ بە ناوی فەرماندەیی  (سۆمەر) بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنی لە سێ پارێزگای باشور، کە بریتین لە پارێزگاکانی زیقار و موسەنا و میسان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا ڕوونکراوەتەوە، سنورداربوونی دەسەڵاتی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان لە پارێزگاکانی باشور، بووەتە هۆی دوودڵییەکی گەورە بۆ دانیشتوان و خودی حکومەتیش، بۆیە گەر دۆسییەکە بدرێتە دەستی سوپا، ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە چاوەڕواندەکرێت ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لەچاودێریکردنی جموجوڵی چەکی بێ مۆڵەت و ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆیی پارێزگاکانی باشور زۆرجار ناچار دەبن هودنە و ڕێککەوتن بکەن لەناوچەکانی باشور، چونکە زۆرجار چەکی هۆزەکان بەهێزترە لەچەکی پۆلیس، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دۆسیەی ئەمنی بخرێتە پەراوێزەوە و بایەخی ئەوتۆی پێ نەدرێت.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، کۆنترۆڵکردنی چەکی پێ مۆڵەت ململانێکانی هەڵبژاردنەکان چڕتر دەکاتەوە، چونکە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئەمنی کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە دەنگدان و بەشدارییەکی دادپەروەرانە لە هەڵبژاردنەکاندا.