سیازدە پاسەوانی شاژنی بەریتانیا زیندانی کران

08/09/2020
فۆتۆ: 

لە قەڵای وندسور کە یەکێکە لە بارەگا فەرمییەکانی شاژنە ئیلیزابێسی دووەمی پادشای بەریتاینا، ١٣ پاسەوانی زیندانیکراون بەهۆی ئەوەی بنەماکانی خۆپارێزییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشێلکردووە.

ڕۆژنامەی میترۆی بەریتانی بڵاویکردەوە، سزای زیندانیکردن لە نێوان ١٤بۆ ٢٨ ڕۆژ بۆ هەر یەکێک لەو ١٣ پاسەوانە  دەرچووە و، لەزیندانی گلاهاوسی سەربازیی لە شاری کولشیستەر زیندانی دەکرێن.

تاوانەکەیان ئەوەبوو، لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە ئاهەنگێکی بچوکدا لەسەر قەراغی ڕوبارێک، بینراوون کە تیکەڵاوی کەسانی ئاسایی و هاووڵاتیان بوون و مادە کهولییەکانیان لەگەڵ خواردوونەتەوە.

چوار لەو پاسەوانانە لە ئاهەنگەدا بینراون مادەی هۆشبەری کۆکاینیان بەکارهێناوە، ئەوەش بووەتە هۆی بڕیاری دوورخستنەوەیان بدرێت لەڕیزەکانی سوپا، دوای ئەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەیان تەواو دەبێت

کۆشکی شاهانە ئەگەری ئەوەی داناوە ئەو پاسەوانانە دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن و بیگوێزنەوە بۆ شاژنە ئەلیزابێس و شازادە فلیپ، کە بەزۆری لە قەڵای وندسور دەمێننەوە بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە.

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا تەشەنەی کردووە، شاژن و هاوسەرەکەی کۆشکی باکینگهامیان جێهێشتووە و وەک خۆپارێزییەک لە پەتاکە لە قەڵای ویندسور نیشتەجێ بوون.