گەڕان بە شوێن حەقیقەتی دیموکراتیک دا خوێندنەوەیەکی سەر پێی بۆ کتێبی پارانۆیا شیعری حەمەی کەریمی

09/09/2020
فۆتۆ: 

قادر نیازی

ئەگەر بمانھەوێ لە سەر جەریان و ڕەوت یا دۆخێکی شێعری بدوێین کە بە شێعری بەرەی چوار ناسراوە، پێویستیمان بە ھەندێ فاکتۆری کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و ڕەنگە سیاسیش ھەبێ.

ئەوەی کە شێعری بەرەی چوار لە چ شوێن کاتێکدا سەری ھەڵداوە و موختەساتەکانی چی بووە و ئیدعاکانی چی و تا ئێرە چۆن ھاتووە، قسەی زۆری لە سەر کراوە. ئەوەی ڕاستی بێ، ھەندێ لە ڕەخنەگران سەرھەڵدانی ڕەوتی شێعری بەرەی چوار دەگەڕێننەوە سەر دەسپێکی ڕێفۆرم‌خوازی لە ئێراندا؛ بەڵام ئەو ڕوانینە ڕەنگە دروست نەبێ.

بە ھۆی ئەوەی ئەدەبیاتی کوردی لانی‌کەم لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا ئێستا خاوەنی ‌ئەو دیالکتیکە لەگەڵ کۆمەڵگا نەبووە، بۆیە گرێدانەوەی لەگەڵ فەزایەکی سیاسیش دروست نییە، چ بگا بەوەی کە ڕەوتێکی ئاوانگاردی شێعری وەک پاشکۆی قەیرانێکی سیاسی بھێندرێتە ئاراوە کە لە بناغەرا تووشی فەشەل و نسکۆ بوو.

ئەو فاکتۆرەی بەر و پتر لە ھەموو فاکتۆرەکان شوێن‌دانەر بوو لەسەر سەرھەڵدانی بەرەی چوار، دیالکتیکی ئەدەبیاتی کوردی بوو لەگەڵ ئەدەبی جیھانی و یۆنیڤێرساڵ. واتە ئەو ھەڵوێستەی شێعری بەرەی چوار کە پتر لە ھەموو شتێک، بووە ھۆی خۆ لە قەرەدانی دابڕانێکی جیدی ‌لە شێعری بەر لە خۆی.

ھەر ئەوەش وای کرد کە شێعری بەرەی چوار تا ڕادەیەکی زۆر بخرێتە ژێر پرسیار. بە ھەر حاڵ قسە و باس لەمبارەوە زۆرە و لەم وتارەدا ناگونجێ.

بەوەشەوە پاش تێپەڕبوونی نزیک بە بیست ساڵ لە سەرھەڵدانی شێعری بەرەی چوار، کاتی ئەوە ھاتووە خوێندنەوەی جدی بۆ بکرێ. 

بەو پێشەکییەوە ئەگەر بڕوانینە شێعری پارانۆیا لە نووسینی حەمەی کەریمی، بەو ئەنجامە دەگەین کە پارانۆیا لە دۆخی پڕۆسەسازیی زمانیدا خۆی دەدۆزێتەوە.

بەو واتایە کە بە گوێرەی خسڵەتی بەسووژەبوونی زمان لە شێعری بەرەی چواردا، خوێنەر لەگەڵ شێوازێک لە دێکانستراکشێن بەرەوڕوویە کە نموودەکانی پتر لە ھەموو چەمک و مژارەکان لە زمانییەتی زمانی شێعریدا دیار و بەرجەستەن.

ئۆبژەسازی لە شێعری پارانۆیادا ھەر دەو ڕاستایەدایە. بە واتایەکی تر تا بە لایبرێنتە زمانییەکانی پارانۆیادا ڕۆدەچین، فاکتۆرە ستاتیکییەکان بە گوێرەی ئەو ستراتژییەی کە شاعیر تەواو ئاگاھانە و بە دانستە بۆ پارانۆیای دیاری کردوون، باشتر دەردەکەون.

 ئەگەرچی پارانۆیا خاوەنی مانیفێستێکی لە پێش‌دا دیاریکراو نییە و تەواوی ھێز و وزەی خۆی لە ستراکچێری زمان‌دا دۆزیوەتەوە کە خاوەنی پێکھاتەیەکی پێشکەوتوو و ئاوانگاردی زمانییە، بەڵام ئەوە ھیچکات بە مانای ئەوە نییە کە پارانۆیا خاوەن ستراتژی نییە.

سەرەکیترین خسڵەتی شێعری بەرەی چوار بە تایبەت پارانۆیا، بە سەر داکەوتنی لە ناکاوی خوێنەرە بە سەر ھەندێ بواری تیۆریک و ھزرھێن و ئەندێشەمەداردا کە لە کۆتاییدا خۆی لە دووتۆی ھەندێ بواری تیۆریکی وەک پۆست‌مۆدێڕنیسمدا کەشف کردووە.

لە شێعری پارانۆیادا بەر و پتر لەوەی لەگەڵ گوزارەگەلی ڕۆمانتیک و ئایدۆلۆژیک و سانتی‌مانتاڵ بەرەوڕووبین، خۆ لە گۆڕەپانی ھەندێ بواری حیرفەیی و ئەدەبی و ئاوانگاڕی زمانیدا دەبینین. 

لە "پارانۆیا"دا، بە پێی ئەو ئەلمانانەی کە شاعیرانی ڕەوتی چوار باسی دەکەن، سووژە بە گشتی ھەستی پێدەکرێ، ئەرکی کاراکتێر و پێرسۆنا بە ڕوونی دیارە. ئەوەیکە لە پارانۆیادا تا ڕادەیەکی زۆر بەرەوڕووی وێرانیی ناوکۆیی (context) دەبینەوە، زیاتر لەوەی تیۆری‌زەدەییەکی داڕووشاوی ئەدەبێ بێ، ڕێک ھێمای ئاوانگاردبوونێکی ئیجابییە کە لە کاناڵی زمانەوە ڕاگوێزی گشتییەتی دەق دەکرێ.

ڕووخاندنی ھەندێ فەزای سانتیمانتاڵ و لە بەرامبەردا خوڵقاندنی فەزایەکی دیموکراتیک بۆ مانۆڕی زمان و ھەست بە بوونی شارکردن لە پارانۆیادا و ھەروەھا داندرانی بەجێ و ڕێی کاراکتێر و پێرسۆنا و چەندین خسڵەتی پۆزەتیڤی تر لە دەقەکانی ناو ئەو کتێبەدا، وای کردووە کە تایبەتمەندیی ئاوانگارد بە پارانۆیا ببەخشێت.

چۆنکە شاعیر زۆر بە باشی ئەو فەزا دیموکراتیکەی کە لە شار و لە حزووری کارەکتەرەکاندا ھەیە، ڕەچاو کردووە؛ ھەر ئەو دیموکراسییەی کە لە دەقێکی ئەدەبی و بە تایبەت شێعری شاردا دەبیندرێ. پارانۆیا دیموکراسی نە بە پێی چەندایەتیی حزووری کارەکتەرەکان، بەڵکوو لە کوالیتی و چۆنیەتی حزووری کارەکتەرەکاندا دەبینێ، واتە دەڕوانێتە چۆنیەتی خۆنیشاندانی کارەکتەرێک لە دەقێکدا.

بۆیە من پێموایە شاعیری پارانۆیا،‌ لەو بوارەدا پتر لەوەی لە واقعی دیموکراسی بدوێ، پژاوەتە سەر حەقیقەتی دیموکراتیک بێ ئەوەی لە زمانییەتی زمان و ئەدەبییەتی دەق و سووژەبوونی زمان دوورەپەرێز بووبێ.

بەرجەستەترین نموودی خۆنیشاندانی کارەکتەرەکان لە پارانۆیادا ئەوەیە کە توانیویانە بەوجۆرەی کە پێویستە دیالۆگیان ھەبێ، کاریگەرییان لە دەقدا نیشان بدەن و ڕاستەوخۆ بوار و بەستێنێکی پۆلی‌فۆنیک بخۆڵقێنن کە تێیدا ھەموو دەنگەکان شوێنی تایبەتی خۆیان ھەبێ لە بردنەپێش و بەئاکام گەیاندنی دەقدا. 

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی پارانۆیا ئەوەیە کە شاعیر توانیوێتی "سووژە" بە باشی بورووژێنێت، سووژە لە " پارانۆیا"دا ئەندێشە بەرھەم دێنێ و بە جیدی لە بەرانبەر خوێندنەوەی سەقەت لە دەقی ئایینی‌دا ڕاوەستاوە و ئەو خوێندنەوانەی کە لە دەقە پیرۆزەکان کراوە، دەباتە ژێر پرسیار و کێشەیان بۆ ساز دەکا، ھەر ئەم حاڵەتە لە شێعردا خوێنەر ئیرجاع دەدا بە جۆرێک سووژە، وەک مژارێکی جدی و غایب ھەم لە دەقی ئایینی‌دا ھەم لە دەقی ئەدەبی‌دا.

بە پێچەوانەی ئەدەبی کلاسیک کە بە داخەوە سووژە زۆر جار گوێڕایەڵ و ملکەچ و موقەییدە، شاعیر لە دەقی شێعریی "پارانۆیا"دا بە باشی لە بەرانبەر ئەو موختەساتانەی سووژەدا وەستاوەتەوە، بە چەشنێک پێشنیاری جۆرێکی تر لە بەکارھێنانی سووژە دەدا لە دەقدا و بۆ خۆیشی جۆرێکی تر لە سووژەی بە کارھێناوە، سووژەیەکی ئازادیخواز و لە ھەمان کاتدا یاخی و عاسی، سووژەیەکی موعترز و بە ھەڵوێست، سووژەیەکی شۆڕشگێر کە لە ھەمبەر تێکستە پیرۆزەکاندا ڕادەپەڕێ و دەوەستێتەوە، سووژەیەکی بە ھەڵوێست و رەخنەگر:
"و اقسم بالعێر و الشعر
بە شێعر نا
بە مووە زیادەکانم کە دنیا پێ بەستەمە
شتێک پێویست‌تر بۆ کابووسی شەوانەم 
سەرگەرمییەک وەک تەرجەمەی ئەوێک بم سەرەوخوار دانیشتوو
لە خۆما فوبیا بم و خەتخواردوو
خەتەر ئەکەم خەتەر
جەستەم بە ترافیک چوو ترا تر 
غارەت بووم بە ئایەتەکانی رەجم و زیلزالەکانی رب العالمین
فوو ئەکەم بە تاریکی مەحزا
بکێشم دەرد، بکێشی عەرد لە تاو توخمە زۆڵەکانی ئادەم ...) 

یەکێکی تر لەو کارانەی کە حەمەی کەریمی لە "پارانۆیا" کردوویە ئەوەیە کە زمانزان و زمان‌بازیشە، لەوانەیە لە شێعری بەرەی چواردا یان شێعرێکی تردا فەزاگەلی پۆست‌مودێڕن بوونی ھەبێ و کەڵک‌وەرگرتن لە چەندزمانی و چەند فەزای جیاواز و ...

 ئەمانە وەک ئەلمانگەلێکن لە شێعرێکی پۆست‌مودێڕندا، بەڵام ئەوەی کە شاعیری پارانۆیا وەک جیاوازییەک ئەنجامی داوە، ئەوەیە کە لە بەرانبەر ئەوپەرڕیوایەتەکاتدا بە زمانێکی پارۆدیک دواوە، من وەک خۆم باوەڕی شەخسیم ھەیە بە "دین" و بۆ من "دین" و خودا و تێکستە دینییەکانی دیکە کەلان ڕیوایەتن. بەڵام ئەوەی کە حەمە توانیەتی بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە و بە زمانێکی پارۆدیک لە ھەمبەر ئەو خوێندنەوە سەقەتە ڕاوەستێ کە لەو کەلان ڕیوایەتانەدا،‌ کراوە خۆی جۆرێکە لە ئاوانگاردیزمی شێعری:
(خودای بێ باکی خاوەرمیانە  
خودای باکداری ئەو دیو خاوەرمیانە 
خوای ئەو خەڵکانەی ناتوانن مردنت دانلەود کەن 
خوای من و "ئیسی" 
بووم ھەتا من بووم و ئەم جوگرافیا لەعنەتییە 
قوربانیی پیاوە فاسدەکانی خاوەرمیانەین 
خوای گەڕیان و گڕان 
من ڕەنگە کەمێک بۆ بوون زیادەم 
وەک بوونی تۆ بۆ شەرقی ئەوسەت 
یان سڵفیەکانی من بۆ زبڵدانی مێژوو ...) 
ئەمە جۆرێک ئەندێشەیە کە لە دەقی پارانۆیادا بوونی ھەیە و پێموایە بەھێزترین بەشی دەقەکەیە. ھاتنەدەر لەو فەزایە پێویستی بە دوورەپەرێزی لەو ئەخلاق‌گەری و پاسیڤ‌بوونەیە کە ئەدەبی کوردیی تا ڕادەیەکی زۆر داتەنیوە. ئەدەبیاتیش خەسڵەتی تایبەت بە خۆی ھەیە، مەبەستم ئەوەیە تا ئەو شوێنەی کە بکرێ دەبێ فەزا بڕەخسێندرێ بۆ ئەوەی سووژە ئازادانە خۆی بناسێنی و بێ سانسۆر خۆی پێناسە بکات، حەمە لە "پارانۆیا"دا ھەمان ئەو کارەی کردووە، حزووری کاریگەری کارەکتەرەکان بە پێی ئەو ڕۆڵەی کە شاعیر بۆی پێناسە کردووە، لە دەقەکەدا بەرچاوە، ھاوکات وەک وترا دەقی شێعریی "پارانۆیا" زۆربەی ئەلمانەکانی شاریشی تێدایە، دیمۆکراسی لە چەندایەتیی حزووری کارەکتەرەکاندا نییە، بەڵکوو لە چۆنیەتی حزووری کارەکتەرەکان دایە کە لە ڕەشبینانەترین حاڵەتی خۆیدا بردنە ژێر پرسیاری دیموکراسییە ...