کازمی: لەسەردانەکەم بۆ هەولێر هەستم بە کەشێکی ئەرێنی کردووە
یەکەم سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان
فۆتۆ:
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، بەم نزیکانە کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و لەسەردانەکەی بۆ هەولێر هەستی بە کەشێکی ئەرێنی کردووە.
کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە، لەپێناو هەماهەنگی کارکردن و گەیشتن بە دۆخێک کە بەشێوەیەکی ئەرێنی بشکێتەوە بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا لە سەرانسەری عێراقدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کازمی سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلی کردووە لە قەزای زاخۆ و لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوان کۆبووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە " کازمی ڕێوشوێنەکانی گومرگ و باجی لەو دەروازە گرنگە بەسەر کردووەتەوە و جەختیشیکردووەتەوە لە پێویستی گەشەپێدانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل".
کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاری لەپێشینەی حکومەت کارئاسانییە بۆ جموجوڵی بازرگانی و لابردنی هەموو بەربەستەکان لەبەردەم گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کە کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر هەستانەوە و بوژاندنەوەی ئابوری عێراق و جۆراو جۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتەکەی.
ئەو وتانەی کازمی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هاوپەیمانی نەسر لە پەرلەمانی عێراق کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆکایەتی دەکات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەگوێرەی دەستور پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێکبخات.
بەیانی ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەتەکەی گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا .
دوای کۆبۆونەوەشی لەگەل مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردوە لە کۆبونەوەی کازمی و بارزانی سەرۆکی پارتیدا کازمی ڕایگەیاندوە هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگ و تەواوە لە عێراق .
|