ژمارەی مردووانی کۆرۆنا لە جیهان 900 هەزار کەسی تێپەڕاند

10/09/2020
ژمارەی مردووانی کۆرۆنا لە جیهان 900 هەزار کەسی تێپەڕاند
فۆتۆ: 

ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، ٩٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند و بەشێک لە وڵاتانیش دیانەوێت رێوشوێنەکانی خۆپارێزی توند بکەنەوە.

بەپێی دواین ئاماری زانکۆی هۆپکینز، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 ، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٨ ملیۆن و ٢٣٢ هەزار و ٩١٠ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٩١١ هەزار و ٣١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەک ٢٠ ملیۆن و ٢٢٩ هەزار و ٩٣١ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.

لەناو وڵاتانی جیهانیش، ئەمریکا لە خراپترین دۆخی تەندروستی دایە، بەشێوەیەک کە بەتۆمارکردنی شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تووشبووی کۆرۆنا و گیان لەدەستدانی ١٩٠ هەزار تووشبوو، یەک لەسەر پێنجی ئاماری جیهانیی کۆرۆنای تۆمارکردووە و لە پلەی یەکەم دایە.

دوای ئەمریکاش بەڕازیل بەپلەی دووەم دێت کە ١٢٨ هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، هەرچی وڵاتی هیندستانیشە لە پلەی سێیەم دایە، بە گیان لەدەستدانی ٧٥ هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە وڵاتەکە.

لە مانگی ڕابردووشدا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتی ئەندەنۆسیا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و حکومەت بڕیاریداوە لە هەفتەی داهاتووەوە لە جاکارتای پایتەخت و چەند شارێکی دیکە، رێوشوێنەکانی خۆپارێزی توند بکاتەوە.

هەروەک لە بەریتانیاش بڕیاروایە لە دووشەممەی داهاتووەوە رێکاری نوێ بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێتەبەر و کۆبوونەوە و دانیشتنی زیاتر لە شەش کەس قەدەغە بکرێت.