لە نیشتمانی تیرۆرا... جادەم لەپیاو خۆشتردەوێت!

12/09/2020
فۆتۆ: 

کەژاڵ ئەحمەد

جادە پێم ناڵێت ، لە کوێوە بەرەو کوێ
کچی شێت.
جادە زوڵم و زۆر ناکات و 
تیرۆریش نازانێ.
جادە هیچی لەپیاو ناچێ و
هیچی پیاو لەجادە ناچێ.
ئەو پێی وتم:
بڕۆ بەسەرما تێپەڕە
دەستت واڵابێت بەرانبەر گەورەبوون،
چونکە عەشق
بچوکترین بار هەڵناگرێ.
هەڵوەرینی باڵەکانی فڕینی ژن ئەوکاتەیە
کە بەکۆڵانی ئەوینی، پیاوێکی تاریکی، نەرجسیی
کوڕی جەهلدا ڕەتدەبێ.
شکانی گۆزەی ژیانی
بێگومان بەدەست دڵیەتی!

جادەکە چەند میهرەبان بوو
خەیاڵی پیاسەیەکی
ڕۆژێ لە ڕۆژانی منی
بۆئەبەد لە دڵ دەرنەچوو.
کە مردیشم ناوی منیان
بەو جادە غەمبارە بەخشی!
جادەکە هیچ داوایەکی لێم نەبوو
کەچی هەموو جوانییەکی پێشکەش کردم.
ئەو دەستە درێژ و زبرەکانی
بەخوێنی هیچ ژنێ سوورنەبوون
بۆیە کە دەگەمە ویستگەی ژنکوژان
وا هەستدەکەم
جادەم لە پیاو خۆشتردەوێ.
خوا بمگرێ
ئەگەر پەشێمانبوومەوە
خوا کوێرمکات
خوابمگرێ
ئەگەر جادەی ژنە خوانەناسەکانم
لەهەموو پیاوانی دنیا خۆشترنەوێ.

لەو جادەیە ...
پەڕینەوە چەندە خۆشبوو لەگەڵ کەسێ
قەدەر نەیهێشت یەکتریمان خۆشبووێت.
ڕاکردن چەند دڵڕفێن بوو لەگەڵ کەسێ
خۆی دوائەخست
بۆئەوەی پێشم نەکەوێ، بەڵکو من پێشیبکەوم.
پیاسە چەند بێمانایە لەجیهانی کەسانێکدا
پاش بڕینەوە درەختی
عومری ئەو هەموو ژنە تەنیایە.
ڕاستناکەن کە دەڵێن
موبتەلای شەرەفین!
بەتەنیا جادەیەک بەسە
بۆ تێپەڕینی کەژاوەی ئازادیی.
جادەیەک مناڵەکانی پێدابچن بۆ خوێندنگا
کوڕان بۆ سەیری کچان و
کچانیش بۆ پێکەنین.
جادەیەک کەناوی خۆمی هەڵگرتبێ و
پەیکەری هیچ گەورە پیاوێکی لەسەر ڕێ نەبێ
بەرین بێ... بەرین بێ... بەرین.
وەکو دڵم
چۆڵ و هۆڵبێ سپێدە و ئێواران
وەک بێدەنگیی ماڵی شیعر و
جمەی بێت کاتەکانی تر
وەکو ناخم، کە لێوان لێوە لە ئینسان.

من جادەیەکم پێویستە 
خاڵی بێ لە پەڵەی خوێن.
جادەیەک کە هەرگیز تیرۆری نەدیبێ
نەیناسیبێ
بێگەردبێ... بێگەردبێ...بێگەرد
وەک داوێنی ئەو کچانەی بەناهەق دەکوژرێن
درێژبێ... درێژبێ... درێژ
وەکو ئاهو نزولەیان.

ڕاستت دەوێ...
لە سەرەتای ڕێگەکەدا
من مارکسێکم پێویست بوو
نەک قەمبوورەکەی نۆتردام٭
لە کۆتایی گەشتەکەشدا
هەستدەکەم، کەوا خوڵقاوم
بۆ یەکێ لە شێوە و ناخی عومەر خەیام.

لەو جادەیە ...
هەموومان ڕێبوارین
بەڵام من هەر بە ڕێبواری دەمێنمەوە.
هیچ چوارینەیەکی خەڵکی نیشاپوریش
لە ناکاودا ، بە باوەڕبەخۆ بوونەوە
بەدمەستانە و بە عەشقەوە
قۆڵناکات بە قۆڵما.

حەیف جادە تەواو دەبێ
چاوی هەموو ژنە خوانەناسەکانیش
ناموڕادانە جووتدەبن
کەچی هێشتا
ئەوەتا من لەسەرەتای خەوندام و
چاوم تازە
فرمێسکی ئەوین و ئومێدی تێدەزێ !


 2001
٭ (جادەم لەپیاو خۆشتر دەوێ ) ئەم ڕستەیەم لە چیرۆکێکی سەحەر ڕەسای یەوە وەرگرتووە.             
٭ یەکێکە لە قەسیدەکانی دیوانی قاوەیەک لەگەڵ ئەودا کە ساڵی ٣٠٠١ چاپکراوە.