کتێبی "چەمکی داهێنان لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا" بڵاوکرایەوە

12/09/2020
فۆتۆ: 



کتێبی "چەمکی داهێنان، لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا" ناونیشانی لێکۆڵینەوەیەکی مامۆستا و توێژەر "دیلمان قادر ئەحمەد"ـە، کە لەم رۆژانەی ڕابردوودا لە ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند و لە دوتوێی 368 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە. توێژینەوەکە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەری توێژەرە، کە تێیدا کاری لەسەر تێڕوانینی شاعیرانی کورد کردووە بۆ چەمکی داهێنان و هاوکات توێژینەوەکەی سنووردار کردووە تەنها بە شاعیرانی کرمانجی خواروو لەنێوان ساڵانی 1920- 1970 .

بەشی یەكەم تەرخان کراوە بۆ چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی جیهانیدا، هەر ئەم بەشە دابەش کراوە بۆ چەند پارێک لە پاری یەكەمدا باس لە چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی ئەوروپیدا کراوە و لە پاری دووەمدا باس لە چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی عەرەبی ئیسلامیدا خراوەتە بەرباس و دواتریش باس لە چەمكی داهێنان لە ڕەخنەی عەرەبی و بنیاتی قەسیدە و چەمكی یەكێتی قەسیدە. کراوە و لە دواتریشدا توێژەر باسی لە چەمكی داهێنان لەڕەخنەی فارسیدا کردووە .

هەرچی بەشی دووەمە تەرخان کراوە بۆ تاقیكردنەوەی شیعری لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا. هەر ئەم بەشە بۆ چەند پارێک تەرخان کراوە و لە پاری یەكەمدا چەمكی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا خراوەتە بەرباس و لە پاری دووەمدا باس لە سەرچاوەی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا کراوە و هەرچی پاری دواترە توێژەر بۆ ئەركی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا تەرخان کردووە. پاری دواتریش تەرخانە بۆ کۆنی و تازەیی شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا .

بەشی سێیەم و کۆتایی توێژینەوەکەش ترخانە بۆ بنیاتی هونەری شیعر لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا. هەر لەم بەشەدا باس لە وێنەی شیعریی و زمانی شیعریی کراوە .