کتێبێک زانیاری نوێ دەربارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەکات

12/09/2020
فۆتۆ: 

میدیاکانی ئەمریکا زانیاری نوێیان بڵاویانکردەوە، لە کتێبێکدا بەناوی (توڕەیی_ Rage ) سەبارەت بە کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.

کتێبەکە لەلایەن "بۆب وۆدوارد" ڕۆژنامەنووسی ئەمریکییەوە نوسراوە و بڕیارە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڵاوبکرێتەوە.

ڕۆژنامەی بیزنس ئینسایدەر کورتەیەکی لەسەر کتێبەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ چوار ڕۆژ بەر لە ئۆپراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی تاوتوێی بابەتەکەی کردووە.

ڕۆژنامەنووسەکە ئاشکرایکردووە ترەمپ ئەو بابەتەی لە کۆمەڵگەی تایبەت بە یاری گۆڵف لە ویلایەتی فلۆریدا تاوتوێ کردووە.

وۆدورد ئاشکرایکردووە، بەر لە چەند ڕۆژێک لە دەرکردنی فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، ترەمپ بیرۆکەکەی لەگەڵ سیناتۆری کۆمارییەکان لیندزی گراهام تاوتوێکردووە، کە لەئێستادا یەکێکە لە ڕاوێژکارە هەرە دیارەکانی ترەمپ.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەنووەس گراهام زۆر هەوڵی داوە ترەمپ لەو بڕیارە پەشیمان بکاتەوە، چونکە پێی وابووە دەبێتە هۆی جەنگێکی هەمەلایەنە.

بۆب وۆدوارد ئاماژەی بەوەشکردووە "میک مۆلفانی" گەورە یاریدەدەری ترەمپ لە کۆشکی سپی زۆر لە گراهام پاڕاوەتەوە کە ترەمپ ڕازی بکات کە پاشگەزی بکاتەوە لە کرداری کوشتنی قاسم سلێمانی ، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ڕازی نەبووە.

ڕۆژی ٣ی کانونی دووەمی ڕابردوو قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.