فرعەونی سینەمای میسری کۆچی دواییکرد

12/09/2020
ئەکتەری دیاری میسری (عبدالرازق الشیمی)
فۆتۆ: ئەرشیڤ
قاهیرە

دوای تێکچوونی باری تەندروستی، ئەکتەری دیاری میسری (عبدالرازق الشیمی) کۆچی دواییکرد.

براکەی عەبدولرازق لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "براکەم عەبدولرازق ناسراو بە فرعەونی سینەما بەر دیوانی رەحمەتی خودای تەعالا چووە لە نەخۆشخانەی (الهرم) " .

لە کۆتا چاوپێکەوتنی ئەم ئەکتەرە رایگەیاندبوو، کە "لەم چەند ساڵەی دواییدا سینەما بە دەست واستە و لایەنداری گیرۆدە بووە، سەرباری ئەوەی ڕۆڵەکانمان دەشکێندرێن و لە نرخیان کەم دەکەنەوە ".

ئاماژەی بەوەشکردبوو، "بەپێچەوانەوە گەورە دەرهێنەرەکانمان چیتر نەماون و رۆیشتوون وەک ئیسماعیل عەبدولحافز و سەلاح ئەبوسەیف، لە کاتێکدا دەرهێنەرەکانی ئێستا تەنها سەرنجیان لەسەر ئەکتەرە دیارەکانە و هیچ گرنگی بە رۆڵە بچوک و لاوەکییەکان نادەن" .

ئەلشەمی کە بە نازناوی "فرعەون" ناسرابوو، بە بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ئەلکومبارس، هەروەها بەشداریکردنی لە چەند کارێکی دیکەی وەک "یومیات ونیس"، "الرجل الآخر" ، "لدواعي أمنية"، "كناريا وشركاه"، "الحقيقة والسراب"، "عباس الابیض في اليوم الأسود"، "سلسال الدم" و "العقرب"، رۆڵێکی بەرچاوی لە سینەمای عەرەبدا گێڕا.