چیرۆکی دایکە عالیە و مستەفا کازمی

13/09/2020
فۆتۆ: 

قسەکەی دایکە عالیە، دایکی هەشت شەهیدی ئەنفال کە لە پێشچاوی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چووە بەردەم مستەفا کازمی و وتی "کوردستان ئەمانەتی تۆ"


وەکو ئەوە وابوو ٢٠٠ تیر و ڕم بە جەرگ و دڵی بەرپرسانی هەرێمەوە بنێت، هەربۆیە خێرا کامێرای میدیاکانیان بردە بەردەم دایکە عالیە و داوای ڕوونکردنەوەیان لێ کرد.

لە بری ئەوەی لێی بپرسن چی وای لە دایکی هەشت شەهیدی ئەنفال کرد دوای ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتداری کورد، لە کاتی شەودا ماڵ جێبھێڵت و بێتە سەر شەقام تا بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵێت "کوردستان ئەمانەتی تۆ"
لەبری ئەوە لێیان پرسی
چۆن وات وتوە؟
بۆچی وات وت؟
دەی بە خەڵکی بڵێ مەستت ئەوە نەبوو
واتە بە کورتی، لە بری ئەوەی بە ھانایەوە بچن و گوێ لە داواکاری بگرن، چون و سەرزەنشتیان کرد.

مستەفا کازمی لە سنووری هەولێر و دهۆک کە تێیدا چاوی بە هاوڵاتیان کەوت و بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا کرا، لە کاتێکدا خودی بەرپرسانی هەرێم لە سەرۆکی پارتییەوە بیگرە تا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت تەواوی بەرپرسانی تر پێشوازییەکی گەرمیان لە مستەفا کازمی کرد و بە جیاجیا و بە کۆمەڵ لەگەڵیدا کۆبوونەوە.

چونکە مستەفا کازمی سەرۆکی حکومەتی عێراقە "کوردیش شانازی بە عێراقبوونەوە دەکەن" وەکو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەغدا وتی.

ئەم سەردانەی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دیمەنی تری تۆمارکرد ئاماژەی ڕوون بۆ جیاوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و حکومەتی عیراق، لەلایەکی تریشەوە دوای ئەوەی کازمی گەیشتە سلێمانی هەر کە لە فڕۆکەخانە هاتەدەرەوە، بینی جوتیارانی هەڵوەدای بینینین

جوتیارێکی بەتەمەن چەماوەیەوە بۆ دەستماچکردنی دانەویەوە، ئەم دوو دیمەنە لە سەردانەکەی کازمی قسەوباسی زۆر لە نێو چینی ڕۆشنبیر و خەڵکی دروستکرد، هەندێک ڕەخنەی توند لەو دیمەنانە دەگرن، هەندێکیش پرسیار لە هۆکارەکەی دەکەن.

بەشێکی تر گەیشتنی هۆکاری نائومێدی خەڵکی لە حکومەت و هەڵواسینی هەموو هیواکان بە حکومەتی عێراق دەگەڕێننەوە بۆ خودی دەسەڵاتدارانی هەرێم.
 
ڕێبوار سیوەیلی بەمشێوەیە لەبارەیەوە دەدوێت و دەڵێت "ئێوە خۆتان یەک بە یەک لە ڕیزدا وێستابوون و دەستان گرتبوو بە سنگتانەوە بۆ ئاغای کازمی و لە بەرزترین ئاست و پێگەدا دەچەمانەوە و پێشوازیتان لێدەکرد و لە سەری ڕەشەوە تا میرگەپان سفرەتان بۆ ڕاخستبوو.. ئاوێکتان ڕشت بچووک پێی لێخات، ئیتر پێویست ناکات لەسەر ئەوەی جوتیاران لەسەر ڕێگا بۆی وەستاون و داوای مافی خۆیان دەکەن، تۆمەتی ئەوەیان بدرێتە پاڵ گوایە کوردستانیان فرۆشتووە".

ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک تەنھا هاوڵاتیان نین کازمی وەکو فریاد ڕەسێک بۆ ئەم دۆخە ناهەموارەی کوردستان دەبینن، بەڵکو دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش هیوایان بە کازمی هەیە.

بۆ نمونە پارێزگاری سلێمانی ھەموو ئەو پرۆژە و داواکاریانەی چەندین ساڵە حکومەتی هەرێم بۆی جێبەجێ ناکرێت، لە پاکێجێکدا ڕادەستی کازمی کرد، کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی دەسەڵاتدارێتی کوردی لە ماوەی ٣٠ ساڵدا کارێکی لەو شێوەیە ڕووبدات.