بەبێ کاڵڤینۆ چی بکەین؟!

13/09/2020
فۆتۆ: 

موحەمەد حەسەن

       کۆمەڵە کورتە چیرۆکێک لەژێرناونیشانی  (بەبێ کاڵڤینۆ چی بکەین )ی نوسەری عێراقی (زیاء جوبەیلی ) كه کتێبێکی قەبارە مامناوەندە وخۆی لە (١٠٧ )پەڕە دا دەبینێتەوە، لةلايةن وەرگێڕی بەتوانا (کارزان عەلی )وە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی، نوسەرى ئةم ضيرؤكانة لەتایپی ئەو نوسەرە عێراقیانەیە كه بەزۆری لەدوای روخانی ڕژێمی عێراقەوە دەنووسن و لەسەرئاستی وڵاتانی عەرەبی سێ خەڵآتی بۆ چیرۆک پێبەخشراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی باسه بۆ یەکەمجارە بەرهەمی ئەم نوسەرە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕدريَت. 

نەخۆشخانەی چیکی... یەکەم کورتە چیرۆکی ناو ئەم کۆمەڵەیە .نوسەر دوو ڕۆڵ دەبەخشێتە کارکتەری سەرکی، ئەویش ڕۆڵی وەرگێڕی ناو نەخۆشخانەیەکی چیکییە، دووای ڕووخانی ڕژێم دێنە عێراقەوە بۆ خزمەتکردن، ڕۆڵی دووەم ڕۆڵی گێڕەرەوەیە، وەرگێرەکە وامەزەندە دەکات ئەو پزیشکە نوێیە کە ناوی "کوستکایە" خودی نووسەری بەڕگە ز چیکی (فرانزکافکا)یە، هێڵی چیرۆکەکە لەسەر کێشمەکێشمی نێوان گومانەکانی وەرگێڕ و دکتۆرە چیکیەکە درێژ دەبیتەوە، بە واتایەکیتر یەکانگیری فۆڕم و ناوەڕۆکە، نووسەر دەیەوێ چیمان پێبڵێت ؟ ئایا کافکا نەمردووە بەمانای وشە؟ ژیانی (دۆنا دۆن) دەژی و لە کەسایەتی کوستکا دا سەری هەڵداوەتەوە؟ یاخود دەگەڕیینەوە بۆ پێناسەکەی "ڕۆمان جاکۆبسن " کاتێک دەڵێت:بابەتی توێژینەوە لە ئەدەبناسیدا ئەدەب نییە، بەڵکو ئەدەبیاتە، ئەوەى وادەکات دەقێک ببێتە دەقێکی ئەدەبی ، بەو پێوەدانگەی دەق سیستەمێکی زمانیيە و ڕێسا و بونیادی خۆی هەیە. خوێنەر لەو نێوەندەدا تاکۆتایی لەسەر ڕایەڵەیەکی گومانگەرايی دەمێنێتەوە کەتێمای چیرۆکەکەی لەسەر بنیات نراوە، نووسەر هێند لێزانانە یاری بە وشەکان دەکات، هەر لەسەرەتاوە زەمینە بۆ گومانەکانی کارەکتەری وەرگێڕ خۆشدەکات، تاكو نزیکەی ساڵێک لەگەڵ گومانەکانیدا بژی، هەتا چەند جارێک بە پرسیارەکانی- کوستکا بێزاردەکات بۆى دانیپێدابنێت کە خودی کافکایە، بەلام شتێکی وای چنگناکەوێت، تەنانەت دکتۆر - کوستکا - پێشنیاری سەردانی دکتۆری دەروونی بۆ دەکات، چونکە هەستدەکات وەرگێڕ لە دۆخێکی باشدا نیيە، بەڵام ئایا- کوستکا- لەسەر حەقە یان وەرگێڕ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە  نووسەر لێزانانە خوێنەر تاكو کۆتايی لەگەڵ فەزای چیرۆکەکدا ڕادەهێنێت و لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان چاوەڕێی سەرە داوێکە بەدەستی بهێنێت، بەڵام نووسەر لە کۆتایيدا زیاتر خوێنەر و کارەکتەری وەرگێڕ توشی سەرسوڕمان دەکات، کاتێک ئەو قالۆنچەی وەرگێڕ لە کەمۆڵەیەکی شووسەدا بەدیاری بۆی دەبات، ڕۆژی دوواتر دەبینیت بەوێنەی "گریگۆر سامسای" کارەکتەری ڕۆمانی مەسخی کافکا کەوتۆتە سەر پشت و جوڵە ناکات. 

    لە چیرۆکی دووەمدا بەناوی "منداڵی فڕیو" نووسەر لەسەرەتاوە گرێی چیرۆکە بە خوێنەر ئاشنادەکات کاتێک بەم جۆرە دەستپێدەکات: "جریوە جریوی نەدەبڕیەوە، تاكو ئەوکاتەی دایکی کە سکی هەبوو بە منداڵی دووەمەوە، مەمکی پڕشیری خستە دەمی، بەڵام یەک دڵۆپ شیری نەخواردەوە." ٢ خوێنەر هەستەکات لەبەردەم دەقێکی دوالیزمی دایە، کارەکتەرێک ئاوێزان لە باڵندە و مرۆڤ، جریوە بۆ باڵندەیە و شیرخواردن بۆ مرۆڤ، ئەو مرۆڤەش ناوی (نادرە). بەڵام ئەم مرۆڤە منداڵە وەک نەریتی هەمیشەی منداڵان دوای سکتێربوون چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت بنووێت نانویت، بەڵکوهەردوو باڵی بچووکی بەیەکدا دەدات و دەفڕێ بۆ لای پەنجەرەکە، فەنتازیا ڕووبەرێکی بەرینی چیرۆکەکانی جوبەیلی داگیرکردووە، ئەو وەک ڕابەرە دادایيەکان دەنوسێت لەپێناو ئەدەبدا – ئەدەب بۆ ئەدەبیات، بەڵام سەردەم و کاتەکەی جیاوازە، کەواتە نووسین لەپێناو مانەوەدا، لەوڵاتێکی سەرشار لە تیرۆر و تۆقاندن و تەقینەوە باشترین وەڵامە بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانەی وەک خۆرەیەک ویژدانمان دەکرۆژن لەڕێگەی ئەدەبیاتی گێڕانەوەوە بیان خەینە سەرکاغەز و پەڵەوانەکانی لە زهنی خوێنەردا بژین، نادر هەرچۆنێک بێت خەریکە دەهری دەبێت بۆ فەزای دەرەوەی پەنجەرەکە، هەلێکی بۆ دەڕەخسیت و ئەیەوێ لەگەڵ منداڵان یاری بکات، بەڵآم پێشهاتی خراپ ڕوودەدات وبەشێوەیەکی ناچیزه پێشوازی لە نادر دەکەن. نووسەر وێنەی جیهان جارێکیتر لە ڕێگەی گەڕەکەوە دەکێشێت و نادریش دەبێتە نومایندەی ئەو مرۆڤە خۆشباوەڕانەی لەم هەسارە شێواوەدا بەدوای ئارامی و بەختەوەریدا دەگەڕین . دەشێ ڕێسکی نادر وەک ڕێسکی ماسیە چکۆلەی - سەمەدی بێهرەنگی-  نەبێت یان بۆ بەردەوامبوون نەتوانێت  وەک جۆناسانی - ڕیچارد باخ -گرەوەکە بەرێتەوە و هەموو چاوەکان لە دووای شەقەی باڵەکانی ئەو بڕوانن . زۆربەی چیرۆکەکانی جوبەیلی سەربە دنیایی خەمهێنەری دووای کارەساتەکانن ،مەرگ ،ئازار ،نەخۆشی، عیشقی پڕ حەسرەت .