بەهۆی لەسێدارەدانی ئەفکاری ئەڵمانیا سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵوەشاندەوە

13/09/2020
ئەڵمانیا سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵوەشاندەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

بەهۆی لەسێدارەدانی نەڤید ئەفکاری، ئەڵمانیا سەردانی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵوەشاندەوە.

رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، دوابەدوای لەسێدارەدانی نەڤید ئەفکاری یاریزانی زۆرانبازی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سەردانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەوە وڵاتە بۆ ئەڵمانیا هەڵوەشاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاربووە سبەی دووشەممە ١٤ی٩ی٢٠٢٠، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا کوبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرنامەی سەردانەکەی هەڵوەشاوەتەوە.

رۆژی شەممە ١٢ی٩ی٢٠٢٠، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانیان بەسەر یاریزانی زۆرانبازی نەڤید ئەفکاریدا جێبەجێکردووە، کە سزاکەی ببووە جێی بایەخی جیهانی، بەهۆی ئەوەی گوایە دانپێدانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەداندا لێی وەرگیراوە، هەواڵەکەش کاردانەوەی گەورەی لەناوخۆ و دەرەوەی ئێرانی ڵێکەوتەوە.

 دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی هاوینی ساڵی ٢٠١٨، نەڤید ئەفکاری بەتۆمەتی کوشتنی ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکان، سزای دوو جار لەسێدارەدان و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێنرا.

ئەفکاری لەسەرئاستی جیهان پشتیوانییەکی گەورەی لێ کرا بۆ ئەوەی تاران پەشیمان بکەنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانەکە، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردبوو سزاکە بەسەر ئەو زۆرانبازەدا جێبەجێ نەکەن.

ترەمپ لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو، "زانیومە ئێران لەئامادەکاریدایە بۆ لەسێدارەدانی ئەستێرەیەکی گەورەی یاری زۆرانبازی نەڤید ئەفکاری تەمەن ٢٧ ساڵ، هەموو ئەوەی کە ئەنجامیداوە بەشداریکردن بووە لە خۆپیشاندانێک لەدژی حکومەت".