گیان لەدەستدانی تراژیدیانەی ئاڤیڤان خەلیل

14/09/2020
فۆتۆ: 

کچە 13 ساڵانەکەی دهۆک چۆن و بۆچی گیانی لەدەستدا؟



ئاڤیڤان خەلیلی تەمەن 13  ساڵان، دوای دوو مانگ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی و مانەوە لە نەخۆشخانە لە چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤیزا بۆ چارەسەر، دواجار چاوەکانی لێکنا و خەمێکی ئەبەدی قوڵی بۆ دایک و باوک و کەسوکارەکەی جێهێشت.

ئاڤیڤان لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە بەهۆی بوونی نەخۆشی دڵ لە نەخۆشخانەی هێڤی لە دهۆک لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بووە، لەسەرەتای نەخۆشکەوتنیەوە پزیشک بە باوکی ئاڤیڤانی وتبوو کە لە هەرێمی کوردستان چارەسەری نییە، بەوتەی باوکی ئاڤیڤان نەخۆشخانەیەک لە ئەڵمانیا ئامادەییان دەربڕییوە بۆ چارەسەرکردنی  بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر و بەڵێنێکی زۆری بەرپرسان نەیانتوانیوە ڤیزا وەگرن.

ئەو پزیشکانەی چاودێری ئاڤیڤانیان کردووە  ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دڵی ماندوو بووە و بەتەواوی کاری نەکردووە و کارەبای دڵیشی باش کاری نەکردووە، پێیستی بە چاندنی دڵ بووە، لە نەخۆشخانە ئەو ماوەی لە نەخۆشخانەی هێڤی بووە، تەنیا دەرمانی یارمەتی دەری وەرگرتووە بۆ دڵی بۆ ئەوەی کاربکات تاوەکو ئەو کاتەی نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.

خەلیل کەمالی باوکی ئاڤیڤان دەڵێت خێرخوازێک ئامادەیی خۆی دەربڕیەوە تێچوونی نەشتەرگەری کچەکەی لە ئەڵمانیا لە ئەستۆ بگرێت، تەنیا ئەوەی پێویستبوو حکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا هاوکاری بکەن، چەند جارێک بەڵێنی هاوکاری کردنی پێدراوە بەڵام ڤیزاکەی وەرنەگرت تاوەکو کچەکەی گیانی لەدەستدا.

خەلیل کەمال لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و میدیاکانەوە چەند جارێک رەوشی تەندروستی کچەکەی خستووەتە روو،  داوای کردووە هاوکاری بکرێت بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا، کاتێک پێداگریی کردووە لەسەر وەرگرتنی ڤیزا بۆ کچکەی دەزگا پەیوەندیدارەکان پێیان وتووە "تۆ زۆر پەلەتە".

هەریەکە لە عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری رەوشی تەندروستی ئاڤیڤان بوون، پارێزگاری دهۆک لە نەخۆشخانە سەردانیکردووە و نووسینگەی مەسرور بارزانیش لەوبارەوە لەگەڵ باوکی قسەیان کردووە.

شکاندنی دڵی خەلیل کەمال و گیانلەدەستدانی ئاڤیڤان بەشێوەیەکی تراژیدی لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای بۆ بەرپرسانی حیزبی و حکومی دەکات و ئەگەر بیەوێت لەماوەی چاند رۆژێکی کەم ڤیزای وڵاتان وەردەگرێت، حکومەتی هەرێم چەندین دەزگای پەیوەندیداری بەو بابەتە هەیە بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

ئاڤیڤان نمونەیەکە لەو کەسانەی لەماوەی رابردوو لەچاوەڕوانی رۆتیینی وەرگرتنی ڤیزای وڵاتان لە هەرێمی کوردستان  سەری نایەوە، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بتوانن هەموو نەخۆشێک چارەسەر بکەن، خەڵک ناچار دەبن بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی روو لە وڵاتانی دەرەوە بکەن، بۆ ئەوەش دەبێت لە رێگەی واستە و هەوڵی کەسییەوە کاربکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا بەهۆی زۆری رۆتین لەو بوارە زۆر کەس ناتوانن ڤیزایان دەست بکەوێت.

لە غیابی دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و  پشتگوێ خستنی هەندێک لە داواکاری و پێویستییەکانی خەڵک هاوڵاتیان ناچارن لە رێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای هاوکاری لە خێرخوازان بکەن بەڵام  بەخت یاوەری باوکی ئاڤیڤان نەبوو سەرەڕای چەندین راپۆرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی لەسەر رەوشی کچەکەی هیچ کەسێک برینی خەلیل کەمالی چارەسەر نەکرد و ئەو هیوایەی بەدی نەهات کە دەیخواست بۆ بۆ چاکبوونەوەی کچە 13 ساڵانەکەی، هەربۆیە کاتێک ئاڤیڤان گیانی لەدەستدا، باوکی بەدڵێکی شکاوەوە نوسیویەتی "کۆچت خێر کچەکەم بۆ جیهانی راستی و حەق".