ترەمپ: هەر هێرشێکی ئێران بەهەزار هێندە توندتر وەڵام دەدرێتەوە

15/09/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

سەرۆکی ئەمرێکا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، هەر هێرشێکی ئەو وڵاتە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لە هەر شوێنی جیهان، بە هەزار هێندە توندتر وەڵام دەدرێتەوە.

وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو راپۆرتانەی کە ئاماژە بە هەوڵی ئێران بۆ تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەفریقای باشوور دەکەن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چەند تویتێدا بڵاویکردەوە، بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، پێدەچێت ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سلێمانی، پیلان دادەڕێژێت بۆ ئەنجامدانی تیرۆرێک یاخود هێرشێکی دیکە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بە وتەی ترەمپ، کوشتنی قاسم سلێمانی بەهۆی بڕیارەکانی ناوبراو و پیلان داڕشتن بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا و ئەو ئازار و نەهامەتیانەوە بووە کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا، سلێمانی ئەنجامیداون.

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "هەر هێرشێکی ئێران، لە هەر فۆڕم و شێوازێکدا دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهەزار هێندە گەورەتر و توندتر وەڵام دەدرێتەوە".



ئەم لێداونەی دۆناڵد ترەمپ داوای ئەوە دێت کە گۆڤاری پۆلیتیکۆ-ی ئەمریکی بەپشتبەستن بە چەند راپۆرتێکی هەواڵگری ئەمریکا، بڵاویکردەوە، لەئێستادا ئێران پیلان بۆ کوشتنی لانا مارکس باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەفریقای باشوور دادەڕێژێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەوڵەی ئێران وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدەدرێت، بەوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە بە گۆڤاری پۆلیتیکۆی ڕاگەیاندووە، باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە پۆرتۆریای ئەفریقای باشوور، رۆڵی لەو پیلانەدا هەیە.

ڕۆژی ٣ی کانونی دووەمی ڕابردوو قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران  و ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، لە بۆردومانێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.