شیوەنی ئێمیل زۆلا بۆ گوستاڤ ڤلوبێر

16/09/2020
فۆتۆ: 

نووسینی : ئێمیل زۆلا

وەرگێرانی ئەردەڵان عەبدوڵڵا
بەشی یەكەم

ئێمیل زۆلا یەکێکە لە نووسەرە مەزنەکانی فەرەنسا و جیهان، نووسین و چیرۆک و رۆمانەکانی هەتاوەکو ئەمڕۆش بۆ زمانە جیهانییەکان وەردەگێڕێن و چاپ دەکرێن، ماوەیەکی زۆرە خۆم بە نووسین و کارەکانی  زۆلاوە خەریکردووە، مەگەر دۆستۆیڤسکی هێندە  بە بەرهەمەکانی سەرسامی کردبێتم، هەربۆیە بە دوای هەموو نووسین و بەرهەمێکیدا دەگەڕێم، بە نیازم لە داهاتوودا گەر بوارم هەبوو لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەنە لە بارەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنەی جیهانەوە بکەم.

 لە ماوەی پێشوودا چاوم بە کتێبێک کەوت کە کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی ئێمیل  زۆلای تێدایە، یەکێکیش لەو وتارانە لە بارەی مەرگی گوستاڤ ڤلوبێرەوە نووسیویەتی، گوستاڤ ڤلوبێر خاوەنی رۆمانی " مەدام بوڤاریی" یە کە یەکێکە لە رۆمانە مەزنەکانی فەرەنساو جیهان.  زۆلا لەم نووسینەیدا، باسی چۆنێتی مردن، لەهەمانکاتیشدا مەراسیمی بەخاکسپاردنی ڤلوبێر دەکات. لەم نووسینەدا رەخنەی توند لە خەڵكی شاری "روان" دەگرێت، ئەو شارەی کە ڤلوبێر لێی لە دایک بووەو کۆتایی ژیانی تێدا بەسەر دەبرد،  چونکە بەشداریان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ڤلوبێر نەکردووە، کە یەکێکە لە مەزنترین نووسەری فەرەنسا.   کاتێک ئەم نووسینەی زۆلام خوێندەوە چ لە رووی مێژوویی و ناوەڕۆک و چ لە رووی شێوازیشەوە زۆرم بەدڵ بوو، بەتایبەتی لەرووی گلەییکردنەوە لە کۆمەڵگا و بۆچوونی خەڵکی ئاسایی بەرامبەر بەکەسانی رۆشنبیرو نووسەران، ئەمەش تاڕادەیەک گلەییی و گازندەی ئێمەی نووسەرە لە بەرامبەر تێڕوانینی خەڵكی بۆ کەسانی بەهرەمەند، هەربۆیە پێمباشبوو بیکەمە کورد. 

گوستاڤ ڤلوبێر وەکو مرۆڤ
گەر دەرفەتی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانم بۆ رەخسا، ئەوا بە دڵنیاییەوە ، یەکێک لە بەشە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی، بیرەوەری خۆم دەبێت لەگەڵ گوستاڤ ڤلوبێر.  ئەو هاوڕێ ئازیزەی کە ماوەیەکی کورتە لەدەستمداوە. هیوادارم لەمەدا تەواو راست و دروستبم  و بتوانم بە تەواوەتی یادەوەرییەکانم بنووسمەوە.  پێموایە دەبێت ئێمە وێنەیەکی راست و تەواوەتی ئەم نووسەرە گەورەیە پێشكەش بکەین، چونکە ئێمە لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا ، زۆر لێوەی نزیک بووین. 

دیارە چەندە زانیاریمان لە بارەیەوە زۆرتر بێت، هێندەی تر شەیدایی و هۆگریمان بۆی زیاتر دەبێت. نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت، کە لە ئێستادا ئەفسانە و درۆی زۆر لە بارەی ئەم نووسەرەوە دەنووسرێت.

 ئەوەبێنە پێش چاوی خۆتان گەر یەکێک لە هاوڕێکانی Cornielleکۆرنی یان Moliereمۆلێر ، یادەوەرییەکانی خۆی  بنووسایە، ئێمە لە ئێستادا دەبووینە خاوەنی گەنجینەیەکی گەورە و زانیاریی زۆرمان لە بارەی ئەم کەڵە نووسەرانەوە دەستدەکەوت  و ئەم کارەش دەبووە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکان لەبارەی ئەم نووسەرانەوە.

مردنی ڤلوبێر بۆ ئێمە وەکو هەورە بروسکەیەکی گەورە وابوو، بە شەش هەفتە پێش مردنی، یەک شەممە کە  جەژنی " الفصح" بوو *، من و ئەدمۆن  و دو کۆنگور، دودیە، شاربونتییە، پێکەوە رۆژێکی تەواوەتیمان لە ماڵەکەی خۆی  لە کراوسییە، بەسەربرد. پاشان بە خۆشحاڵییەوە ماڵئاواییمان لێکرد، ئەو رۆژە زۆر دڵخۆشبووین، بە راستی میواندارییەکی زۆرباوکانەی لێکردین، پاشانیش بەڵێنی پێداین، کە لە سەرەتای مانگی ئایاردا لە پاریس جارێکی تر بیبینینەوە، وا بڕیار بوو کە ماوەی دوومانگ لە پاریس بمێنێتەوە. 

رۆژی شەممە کە دەکاتە 8  مانگی ئایار، من لەگەڕەکی میدان بووم، ماوەی سێ  مانگە ماڵەکەم بۆ میدان گواستبوویەوە، لە قاوەخانەیەکدا دانیشتبووم، زۆرخۆشحاڵبووم، چونکە لەسەرئێشەی ماڵگواستنەوە رزگارم بوو بوو،خەونم بە بەیانییەکی خۆشەوە دەبینی  و دەمویست بۆ بەیانی دووبارە بەوپەڕی جددیەتەوە دەست بە کارەکانم بکەمەوە، بەڵام لەپڕێکدا برووسکەیەکم بەدەست گەیشت.

ئەوکاتەی کە لە گوند دەژیام، هەرکاتێک بروسکەم بەدەستبگەیشتایە، یەکسەر تووشی خورپە دەبووم، چونکە دەترسام هەواڵێکی ناخۆش بێت، کاتێکیش بروسکەکەم بەدەست گەیشت، خۆم وانیشاندا کە شتێکی ئاسایییە، لەوکاتەدا تەواوی ئەندامانی خێزانەکەم لەگەڵمدابوون، منیش بە پێکەنینەوە پێم ووتن: بروسکەکە هەر هەواڵێکی تێدابێت، نابێتە رێگر لەوەی کە نانی ئێوارەمان پێکەوە بخۆین. بەڵام کاتێک بروسکەکەم خوێندەوە، کە لە دوو وشە پێکهاتبوو: ڤلوبێر مرد. بروسکەکە لە لایەن Maupassantمۆباسانەوە نێردرا بوو، تەنها ئەم دوو وشەیەی نووسیبوو بەبێ ئەوەی هیچ زانیاری زیاتری تێدا بنووسێت ، ئەمەش رێک وەکو بەردێکی گەورە وابوو کە بەر سەرم کەوتبێت. 

کاتێک ماڵئاواییم لە ڤلوبێر کرد، لە رەوشێكی تەندروستی زۆر باشدا بوو، هەروەها زۆرخۆشحاڵیش بوو بەوەی کە یەکێک لە کتێبەکانی تەواو کردووە. هیچ مەرگێک هێندەی مەرگی ڤلوبێر، تووشی سەرسوڕمان و پەرێشانیی و غەمباری گەورەی نەکردووم. تەنانەت کاتێک رۆژی چوارشەممە بە خاکمان دەسپارد، وێنەکەی هەر لەبەرچاوم بوو. هەتاوەکو کۆتایی شەویش وێنەکەی هەر لەبەر چاوم وون نەدەبوو، لەهەمانکاتیشدا ترسێکی سارد و گەورەشم هەبوو، ترسی نەبینینەوە و لە دەستدانی هەتاهەتایی.

رۆژی سێ شەممە چومە گوندەکەی ئەوبەرمان و سواری شەمەندەفەرێک بووم و لەگەڵ یەکەم گزنکی بەیاندا بەرێكەوتم. لەوکاتەدا رووبارەکە رەنگێکی جوانی هەبوو، پرشنگی زێڕینی خۆر، لەناو لقی درەختەکاندا دەهاتە دەرەوە، چۆلەکەکان  بە ئاواز و دەنگێکی خۆش دەیانجڕیواند و هەناسەیان بەسەر ڕووبارەکەدا بڵاودەکردەوەو  دەلەرزین و لە پڕێکدا دیار نەدەمان. 

لەوکاتەدا هەستم بە تەنهایی دەکرد و فرمێسک بە چاومدا هاتە خوارەوە، رەوشەکە تەواو ئارام و  هێمن بوو، بە شێوەیەک کە گوێم لە دەنگی خۆم دەبوو. لەوکاتەدا بیرم لەوەدەکردەوەو لەدڵی خۆمدا وتم: تازە تەواو، جارێکی تر چاوی بە خۆرەتاو ناکەوێتەوە. 

لە مانت Mantes سواری شەمەندەفەری خێرا بووم، " دودیە" ش لەناو شەمەندەفەرەکە بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و رۆژنامەنووس ئەرکیان کێشابوو هاتبوون  بۆ ماتەمینەکە. لەناو ئەو گروپەدا، هەندێکی کەمی تێدابوو کە لە دڵەوە بە مەرگی ڤلوبێر نارەحەت و  غەمباربوون، لێ ئەوانی تر کۆمەڵێک رۆژنامەنووس بوون ، هاتبوون ئەرکی رۆژنامەکەیان بکەن و هەواڵی ماتەمینەکە بگوازنەوە، بەداخەوە هەندێکیشیان بەشێوازێکی زۆر بریندارکەرانە، کارەکانیان دەکرد. 

ئەدمون دوو کۆنگور و شاربونتیە ، رۆژی پێشتر گەیشتبوونە "روان" ، من و دودیەش پێش شەش هەفتە، هەمان گەشتمان کردبوو، بەڵام لە گەشتی یەکەمدا زۆر دڵمانخۆشبوو، بەڵام ئەمجارە نەچوینە " کراوسیە" ، چونکە هێشتا نەگەیشتبووینە "کانتلوCanteleu " عەرەبانچیەکەمان لە پڕێکدا وەستا. لەوکاتەدا جەنازەکە لەگەڵ خەڵکێکی زۆر پێمانگەیشت، ئێمە لەوکاتەدا نەمانزانی ئەو کەسانە کێن ، چونکە لەو شوێنەدا کۆمەڵە درەختێکی چڕوپڕی تێدابوو ، بەڵام پاشان هەموومان دابەزین و دۆست و برادەرانمان ناسیەوە. 

لەوکاتەدا دووبارە هەستم بە غەمباری گەورە کردەوە، چونکە زانیم کە وا هاوڕێ گەورەو مەزنەکەم دووبارە دەبینمەوە، بەڵام لەناو تابوتدا، هەمدیسان وێنەکەیم کەوتەوە یاد، کاتێک لە ماڵەکەی خۆی  لە " کراوسیە"  لەبەردەرگادا ماڵئاوایی لە هەموومان کردو ماچی کردین، ئێستاش بۆ دوایینجار  دەیبینمەوە. ئەو بەرەوڕوومان هات ، وەکو بڵێیت بۆ پێشوازیمان هاتبێت. کاتێک سەیری عەرەبانەی تابووتەکەم کرد، کە بەرگێکی ڕەشی پێدادرابوو، ئەسپەکانیش بە هێواشی دەڕۆیشتن، دووبارە تارمایی ئەوم لە پشت درەختەکانەوە  بینی کە بەرەو ڕووم دەهات ، لەوکاتەدا زۆر ترسام و تووشی دڵەراوکێ بووم و هەمووگیانم کەوتە لەرزین.

لەمبەرو  ئەوبەری رێگاکەدا کێڵگەی سەوزی تێدابوو، هەروەها لەسەر رێگاکەش درەختی گەورە هەبوون، کە هەموویان باڵایان بۆ ئاسمان بەرزبوبوەوە، دیارە ئەو ناوچەیە لە نۆرماند ، زۆرشوێنێکی بەپیت و بەرەکەتە و زەویەکی سەوز و ئاسمانێکی زۆر پاک وبێگەردی هەیە. لە پڕێکدا مانگایەک کە لە ناو یەکێک لە کێڵگەکاندا بوو، ملی لە شواری کێڵگە دەرهێنا و بە چاوە گەورەکانی سەیری خەڵكی و ئەسپ و جەنازەکەی کرد، ئەویش بە هێمنی هەناسەی داو بە هێواشی دەستی بە بۆڕاندن کرد، بەڵام بۆڕاندنێکی هێواش، وەکو بڵێیت مانگایەک لە گوندێکی دوورەوە ببۆڕێنێت ئاوابوو، ئەو دەنگەش یەکێک بوو لەو دەنگانەی کە ڤلوبێر حەزی پێبوو، هەموو کاتێک گلەیی و گازندەکانی  ئەو گیانلەبەرە بەسۆزەم بەرگوێ دەکەوت. 

لەوکاتەدا من و دودیە لە پەنا رێگاکەدا وەستابووین، بێدەنگ و غەمباربووین، کەسمان قسەمان نەدەکرد، چونکە هیچ پێویستیمان بە قسەکردن نەبوو، چونکە هەردووکمان یەک فکرمان هەبوو، کاتێك عەرەبانەی جەنازەکە بەلاماندا تێپەڕی،ئەوە " شێخ، ئوستاز" بوو بەلاماندا تێپەڕی هەموو خۆشەویستی خۆمان لەم وشەیەدا" ئوستاز" کۆکردبوویەوە، چونکە ئێمە ئەومان وەکو مامۆستا و هاوڕێیەکی خۆشەویست دادەنا، بەتایبەتی لەم 10 ساڵەی پێشوودا، ڤلوبێر بەشێکی گەورەی ژیانی ئەدەبیمانی داگیر کردبوو.