یەكێتی مامۆستایان داوای پێداچونەوە بە خوێندنی ئەلكترۆنی دەكات

17/09/2020
فۆتۆ: 

یەكێتی مامۆستایان داوای پێداچوونەوە دەكات بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ بە ئەلكترۆنیكردنی خوێندنی ئەمساڵ و رایگەیاند دابەشنەكردنی موچەش ئاستەنگێك دەبێت لەبەردەم پڕۆسەی خوێندندا.


مەكتەبی جێبەجێكردنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دوای كۆبونەوەی خۆی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جارێكی دیكە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەكەین پێداچوونەوە بە بڕیاری خوێندنی ئەلكترۆنی بكات. 

ئەو یەكێتیە ئاماژەی بەوەكرد زەمینە گونجاوترە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی جیاوازتر پڕۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە ئەگەر بۆ ماوەیەكیش دوا بكەوێت بەڵام لەناو هۆڵەكانی خوێندن دەستپێبكاتەوە گونجاوترە. 

یەكێتیەكە ئەوەشی راگەیاند، لە ئێستادا بڕیاری بایكۆت نادەن و لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەر بدۆزنەوە، بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لەبەر ئەوەی خوێندنی ئەلكترۆنی تەنها فێركردنی تیادا ئەنجام دەدرێت نەك پەروەردە. 

یەكێتی مامۆستایان ناڕەزایی دەربڕی لەبەرامبەر پێنەدانی موچەی مامۆستایان و رایگەیاند تا ئێستا ماوەی 36 رۆژە موچە وەرنەگیراوە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوەش ئاستەنگێكی دیكەش دەبێت لەبەردەم دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندندا.