پەیمانگایەک پێشبینی دەکات تا 2050 زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ ئاوارەبن

18/09/2020
فۆتۆ: 

پەیمانگای ئابووریی و ئاشتیی کە دامەزراوەیەکی هزرییە و بارەگاکەی لە ئوسترالیایە، هۆشداری ئەوەی دا کە لەگەڵ خێرا هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوان و کارەساتە سروشتییەکانی پەیوەست بە گۆڕانکاری ئاووهەوا، پێویستی خواردن و ئاو زیاد دەکات و رەنگە تا ٢٠٥٠ زیاتر لە ملیارێک کەس ئاوارە و دەربەدەربن.

پەیمانگای ئابووریی و ئاشتیی کە بارەگاکەی لە شاری سیدنی-یە و هەموو ساڵێک ئیندێکسی تیرۆریزم و ئاشتیی ئامادە دەکات، راپۆرتی ئیندێکسی ئاشتیی جیهانی ٢٠٢٠ی بڵاو کردەوە .

لە راپۆرتەکەدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردۆتەوە باس لەوە کراوە کە بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانی پەیوەست بە ئاووهەوا و کێشەی ئاو و خۆراکەوە کە لە ئەفریقا، خۆرهەڵاتی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت روو لە زیادبوون دەکات،هاوکات ژمارەی دانیشتوانی جیهان کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠دا بەرزببێتەوە بۆ ١٠ ملیارکەس، رەنگە بەهۆی زیادبوونی ململانێ و پێکدادانەکان لە پێناو گەیشتن بە سەرچاوەکان نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن کەس ناچار بە کۆچ ببن .

لە راپۆرتەکەدا زانیاری سەبارەت بە ئامارەکانی ساڵی رابردوو خراوەتەڕوو کە دەریدەخات بەهۆی رەوشی ئاووهەوا و پێکدادانەکانەوە نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەربوون، ئەو مەترسیانەشی پۆڵێن کردووە بەسەر دوو بەشدا کە بوونەتە هۆی کۆچ .

لە بەشی یەکەمدا نەبوونی خۆراک، نەبوونی ئاسایش، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و لە بەشی دووەمدا کارەساتی سروشتیی، لافاو، وشکەساڵی، گەردەلوول، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دانراوە .

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی ١٥٠ وڵات هەر یەکێکیان رووبەڕووی چەند مەترسییەک بووەتەوە و شیکاریش کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان .

لە ٤٠ ساڵی رابردوودا کارەساتە سروشتییەکان سێ هێندە زیادیان کردووە

لە راپۆرتەکەدا پێشبینی ئەوە کراوە لە سەرتاسەری جیهان تا ساڵی ٢٠٥٠ سەدا ٢٧ی وڵاتان رووبەڕووی کێشەی جددی ئاو ببنەوە و سەدا ٢٢شیان رووبەڕووی کێشەی خۆراک ببنەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا، کارەساتە سروشتییەکان سێ هێندە زیادیان کردووە .

هەروەها لە راپۆرتەکەدا پێشبینی کراوە گۆڕانی ئاووهەوا لە ئەفریقا ٨٦ ملیۆن کەس رووبەڕووی کۆچ بکاتەوە و لە باشووری ئاسیا ٤٠ ملیۆن و لە ئەمریکای لاتین ١٧ ملیۆن کەس، ئەوەش وەبیرهێنراوەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٨٧٣ ملیۆن کەس رووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراکی و برسێتیی بوونەتەوە .

زیادبوونی کێشەی ئاو مەترسی پێکدادان زیاد دەکات

پەیمانگای ئابووریی و ئاشتیی لە راپۆرتەکەیدا هۆشداری ئەوەی داوە کە لەو وڵاتانەی کێشەی خۆراکیان هەیە لە جیهاندا رەنگە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە نەبوونی ئاسایشی خۆراک تیایاندا چوار هێندە زیاد بکات، تیشکخراوەتە سەر ئەوەیش کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا، بەکارهێنانی ئاو سەدا ٤٠ زیادی کردووە .

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە سەدا ٧١ی ئەو ناکۆکییانەی لە ساڵی ٢٠٠٧دا، بەهۆی ئاوەوە دروستبوون بە رێککەوتن چارەسەرکراوە و لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەو رێژەیە کەمبووەتەوە بۆ سەدا ٥٨ .

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەیش کراوە کە لەو وڵاتانەدا زیاتر لە دوو ملیار کەس رووبەڕووی کێشەی جددی ئاو بوونەتەوە و نزیکەی چوار ملیار کەسیش لانیکەم لە مانگێکی ساڵدا رووبەڕووی کێشەی ئاو دەبنەوە، هۆشداری ئەوەیش دراوە کە ئەگەر ئاستی دەریا ٢،١ مەتر بەرزببێتەوە ئەوا چەند ناوچەیەکی وشکانیی کە لەئێستادا، ٢٠٠ ملیۆن کەسیان لەسەر دەژین رەنگە ژێرئاو بکەون .