سێ هەڵسوکەت دەزگای بەرگری لەش بەهێز دەکەن دژی کۆرۆنا

19/09/2020
فۆتۆ: 

ئەنتۆنی فاوچی پسپۆڕی نەخۆشییە گوێزراوەکان لە ئەمریکا سێ ڕێگە ئاشکرا دەکات، بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری مرۆڤ لە بەرامبەر پەتاو نەخۆشییەکان بە تایبەت لەم دۆخەی ئێستای کۆرۆنادا.

فاوچی کە هاوکات ئەندامی شانەی ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لەئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوانەی دووچاری کەمی ڤیتامین دی بوون، دەتوانن لەڕێگەی خواردنی تەواوکارییە خۆراکییەکانەوە، خۆیان بەدوور بگرن لە دووچاربوون بە پەتاکە، بەڵام جەختیشیکردەوە، تەواوکارییە خۆراکییەکان چارەسەرێکی سیحری نییە بۆ دژایەتیکردنی کۆرۆنا، لەچاو پۆشینی دەمامک و پابەندبوون بە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی.

 ماڵپەڕی "سی ئێن بی سی" ئەمریکا لە زاری فاوچییەوە بڵاویکردەوە، سێ هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی ئاسان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤەکان.

نوستن:

ئامۆژگاری یەکەمی فاوچی ئەوەیە دەڵێت بڕی پێویست بخەون، توێژینەوەکان ئاشکرایانکردووە، ئەو کەسانەی کە شەوانە ٦ کاتژمێر یان کەمتر دەخەون، چوار هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە دووچاری هەڵامەت ببن لەچاو ئەوکەسانەی کە ٧ کاتژکێر دەنوون لەشەوێکدا.

هۆکارەکەش ئەوەیە کاتێک تۆ دەنویت لاشەت پرۆتنی بەرپرس بۆ لەناوبردنی ڤایرۆس و کەمکردنەوەی هەوکردن دەردەدات، بەڵام ئەگەر کەم نوستیت، ئەوا لاشەت ڕوبەڕوی قورسی و بەربەست دەبێتەوە بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە.

چەندین توێژینەوەی دیکە ئاماژە دەکەن بەوەی کە کەمخەوی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی وەڵامدانەوەی لاشەت بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا.

خواردن:

ئامۆژگاری دووەمی فاوچی خواردنی باش ، چونکە جەختدەکاتەوە لەسەر پابەندبوون لەسەر سیستمێکی خۆراکی باش.

چەندین بەڵگە لەبەردەستدایە لەسەر ئەوەی خواردنی باش و هاوسەنگ کە کۆمەڵێک ڤیتامین و کانزاکان لەخۆ بگرێت ، کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر شانەکانی بەرگری و کارکردنیان بەشێوەیەیک دروست بۆ بەرپەرچدانەوەی نەخۆشییە جۆربەجۆرەکان.

لەلایەکی ترەوە، دەکرێت پەیڕەکردنی سیستمێکی خۆراکی ئەوتۆ کە زیاتر شەکر و سوێری و خواردنی لەقوتوونراو لەخۆ بگرێت، بەشێوەیەکی زۆر نەرێنی کاریگەریی لەسەر سیستمی بەرگری لەش دروست دەکات.

فشارەکان:

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی بنکۆڵکاری کە لەمانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەئەمریکا ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەکات لە ٥٥% ی کەسانی تازە پێگەیشتوو لەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێن ڕوبەڕوی فشاری زیاتر بوونەتەوە، وەک لەو ماوەیە بەر لە تەشەنەکردنی پەتاکە.

فاوچی لەو بارەیەوە دەڵێت "هەوڵ بدە بەگوێرەی توانا ئاستی ئاڵۆزی و دوودڵییەکانت کەمبکەرەوە، چونکە هەندێک جار دوودڵی و دروستکردنی ئاڵۆزی کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر سیستمی بەرگری مرۆڤەکان".

هۆرمۆنەکانی دوودڵی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرگری لەش لەبەرامبەر پەتاکە و ئەوەش وا دەکات زیاتر ئەگەری تووشبوونت زیاد ببێت.

بەگوێرەی توێژینەوەکانش کە لەلایەن کۆمەڵەی زانستی دەروونناسی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، ئاشکرابووە زۆر خۆر هیلاک کردن کە بۆ چەند ڕۆژ یان چەند ساڵێک بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی لەناوبردنی سیستم و دەزگای بەرگری لەشی مرۆڤ.

لەو ڕێگایانەش کە دەکرێت روبەڕوی دوودڵی ببیتەوە، پابەندبوون بە کاری ڕۆتینی ڕۆژانە لەکاتی پەتاکە و ئەنجامدانی وەرزش، چونکە هۆکارێکن بۆ خۆخاوکردنەوە، ئەگەر هاتوو لە ماڵەوە مابوویتەوە.