جیهان نزیک بووەتەوە لە زیانی ملیۆنێک مرۆڤ بەهۆی کۆرۆناوە

20/09/2020
فۆتۆ: 

تا ئێستا لەسەرانسەری جیهاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٩٦٢ هەزار و ١٨٨ کەس، دوای ئەوەی نوسینگەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە چین هەواڵی سەرهەڵدانی پەتاکەی ڕاگەیاند لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا.

ئاژانسی فڕانس پرێس لەزاری سەرچاوە فەرمییە تەندروستییەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاوکردەوە، تا ئێستا بە فەرمی ٣١ ملیۆن و ٣٥ هەزار و ٧٢٦ کەس تووش بوو بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش تا ئەمڕۆ ٢٢ ملیۆن و ٦٣١ هەزار و ٤٧٥ کەس چاکبوونەتەوە.

ئەو ژمارانە تەنها بەشێکن لە ژمارەی تەواوەتی تووشبووەکان، چونکە چەندین دەوڵەتی جیهان  پشکنین ئەنجام نادەن، تەنها بۆ حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکان نەبێت، لەکاتێکدا بەشێکی دیکەی وڵاتانی جیهان پشکنین بە کاری لەپێشینە دەزانن، بۆ ئەوەی تووشبوان دەستنیشان بکرێن، هەروەها بەشێکیشی پەیوەندیی هەیە بە کەم توانایی هەندێک لە وڵاتانی هەژارەوە کە توانای پشکنینیان نییە.

ئەو زانیارییانە لەکاتێکدایە، دوێنێ ٥٠٨٩ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ٢٩١ هەزار و ٥٠٥ تووشبووی نوێش تۆمار کراون لەجیهاندا.

دیاترین ئەو وڵاتانەی کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی تیا تۆمار کراوە، هیندستان بە پلەی یەکەم دێت کە ١١٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوای ئەویش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە ٧٨٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە پلەی سێهەم وڵاتی بەرازیلە کە ٧٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکانی زانکۆی جۆنز هۆبکینز، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زەرەرمەندترین وڵاتە لەڕووی ژمارەی گیانلەدەست و تووشبوونەوە، بەشێوەیەک لە کۆی ٦ ملیۆن و ٧٦٦ هەزار و ٦٣١ تووشبوو، ١٩٩ هەزار و ٢٦٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە کۆی ئەو ژمارەی زۆرەی تووشبوونیش لە ئەمریکا، تا ئێستا ٢ ملیۆن و ٥٧٧ هەزار و ٤٤٦ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.

وڵاتی بەرازیلیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانی گیانی زۆری بەرکەوتووە، بەشێوەیەک لە کۆی ٤ ملیۆن و ٥٢٨ هەزار و ٢٤٠ تووشبوو، ١٣٦ هەزار و ٥٣٢ کەس  گیانیان لەدەستداوە، لەدوای ئەویش هیندستان لە کۆی ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار و ٦١٩ تووشبوو،٨٦ هەزار و ٧٥٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە مەکیسک ٦٩٤ هەزار و ١٢١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٧٣ هەزار و ٢٥٨ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە بەریتانیا ٣٩٠ هەزار و ٣٥٨ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٤١ هەزار و ٧٥٨ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لەناو وڵاتانی ئەمریکای لاتین وڵاتی پیرۆ زۆر زیانی بەرکەوتووە و لە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ٩٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

تا ئەمڕۆ لەوڵاتی چین (جگە لە ماکاو و هۆنگ کۆنگ) ٨٥ هەزار و ٢٧٩ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٤ هەزار و ٦٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش ٨٠ هەزار و ٤٧٧ کەس چاکبوونەتەوە.

بە تەنها لە ناوچەکانی ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی تا ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ ملیۆن و ٧٠٩ هەزار و ٩٢٦ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش ٣٢٢ هەزار و ٦٦١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام لە ئەوروپا تا ئێستا ٤ ملیۆن و ٨٢٥ هەزار و ٧٩٨ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٢٢٥ هەزار و ٢٢٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو کەنەدا ئەوەی کە ڕاگەیەندراوە، تا ئێستا ٦ ملیۆن و ٩٠٩ هەزار و ٣٧٦ کەس تووش بوون و ٢٠٨ هەزار و ٥١٨ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە کیشوەری ئاسیاش تا ئێستا ٧ ملیۆن و ١٨٣ هەزار و ٨٠٥ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ١٢٤ هەزار و ٧١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا یەک ملیۆن و ٧٨٨ هەزار و ٥٧٥ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و تا ئێستاش ٤٢ هەزار و ٩٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە کیشوەری ئەفریقاش یەک ملیۆن و ٤٠١ هەزار و ٢٧٤ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٣٣ هەزار و ٨٢٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.