داستانی زەماوەندێکی پڕ لە ئاژاوە

21/09/2020
فۆتۆ: 

ئێوارەی كتێب؛ گفتوگۆی دەستەیەك لە هاوەڵانی كتێبە لە شاری سنەوە هەفتانە ناوەڕۆکی دانیشتنەکە بە شێوەیەکی ئەدەبی لە ژیان بڵاو دەکرێتەوە.


کتێبەکانی ئاگۆتا کریستۆف  لە سێ دانیشتندا وەها لێک درایەوە و ئەوەندە دژایەتی و تەبایی لێ کەوتوەوە کە پێم وایە ئەو خانمە  نووسەرە دوای مەرگیش هەرگیز بیری لە بوونەوەری وەک ئێمە نە کردۆتەوە . باسی شەڕ و ژیانی جمکێکی برا  یان سێبەرێک  لە مرۆڤی دووهەم لە کات و جوگرافیای داگیرکراو بە شەڕدا سێ کتێبی تەنییەوە. ئێمەش  لە سەردەمی کرۆنا و لە کافەیەکی  شاری سنەدا لە کووچەی تووتی  تا شەو دابگات ، باسمان لێ کرد. هیچ نەما نەوترێت، لە شەڕی هابیل و قابیل هەتا کیمیابارانی ناکازاکی و هیرۆشیما و حەلەبجە. دەستنووسەکانی ئەو دانیشتنەم  هەڵگرت و دوو رۆژ دوایی بە گەرمای نیوەڕۆ لە کاتی گەڕانەوە لە کاربە لەچکە و مانتۆ و جانتا و لەب تابەوە، ئەو کاغەزانەم لە ناو تەکسییەکی زەرد دا بەجێ هێشت. بیرم نییە کام تەکسی بوو چوونکە هەموو شۆفیرەکان وەک یەکن و وادەزانن برسییەتی دەمانکوژێت و دۆلار دەبێتە پەنجا هەزار تمەن و کرۆناش دەستکردی حکوومەتەکانە بۆ ئەوەی ژیانی خۆمان لە بیر بەرینەوە. تا ئێستا نەموێراوە  بۆ ئەو کەسانەی لەو ئێوارێیانەدا  کتێبەکانی " درۆی گەورە" و " بەڵگە" یان لێک داوەتەوە، ئەو ڕاستییە بدرکێنم. هەر بۆیە  لێرەدا باسی دەکەم وخوا رۆحمان شاد بکات.

گروپ بڕیاری دا بۆ دەرباز بوون لە گوشاری کتێبەکانی کریستۆف  ئەمجارە فیلمێک ببینین و باسی لێ بکەیین . دوای مشت و مڕیکی زۆر و بە نیمچە دیکتاتۆرییەتێک  فیلمی  ( The Marriage Story )  هەڵبژێردرا. بینینی  ئێسکارلێت جۆهانسۆن  لەو فیلمەدا ماندوویەتی شەڕی سڕییەوە. لەم دانیشتنەدا چەند کەسی تازە ئامادە بوون کە بەم شێوەیە باسی خۆیان کرد:

- من شادییم. بایۆلۆژییم خوێندووە  و زیاتر لە هەموو شتەکانی جیهان بە ژیانی سرووشتی و ئاژەڵەکان و هەروەها بوونی  مرۆڤ سەرسامم.

- من دانیالم. بیناسازییم خوێندووە. هونەر و زانستە مرۆییەکان بەشیکی زۆر لە خوێندنەوەکانم داگیر دەکات .

لە سەرەتای دانیشتندا فەرزاد کە  ورد بینە و زۆر جار لایەنی حەق دەگرێت وەک بەڕێوەبەری سەرەکی ، باسی لە گرنگایەتی ئەم فیلمە کرد و وتی:

 فیلم بەرهەمی  دەرهێنەری سەربەخۆ نوا بامباک  و هی ساڵی ٢٠١٩ یە. بە گشتی چیرۆکی ئەم فیلمە باسی جیابوونەوە و تەڵاقی ژن و مێردێک دەکات کە بێجگە لە خۆیان زۆر کەسیتریش  دەتەنێتەوە. بامباک خۆشی منداڵی تەڵاق بووە و پاشان توێژینەوەیەکی مەیدانی زۆری لەسەر ئاسەوارەکانی تەڵاق کردووە. ئەم فیلمە  رێک دوو بەش دەگرێتەوە. لە سەرەتادا گێڕانەوەی لایەنە پۆزەتیڤەکان، بیرەوەرییە خۆشەکان و داستانی پێکەوە بوون و ئاشنایەتی و رۆژە ڕووناکەکانە تەنانەت هەر لەو کاتەدا کە دەزانین ئەم کەپڵە دەیانهەوێ لێک جیا ببنەوە . بەشی دووهەم کاتێک دەست پێ دەکات کە یاسا دێتە مەیدان و چارلی و نیکۆل  بەرەوڕووی هەندێ ڕووداو و باس دەبنەوە کە هەر بیریشییان لێ نەکردبووەوە. لێرەەوە شەڕی هەست و عەقڵ ،بەرژەوەندی و مرۆڤایەتی و ئابوور و ئەخلاق دەست پێ دەکات و هەر کام لە لایەنەکان هەوڵ دەدەن کە برا وەی یارییەکە بن. یارییەک کە بەر هەر شێوەیەک لێکی بدەینەوە  هەردوولا وزیاتر لە هەمووان منداڵە هەشت ساڵانەکەیان دۆڕاوە. 

سوهەیلا ڕەخنەگری سیستمی پیاوسالارییە و باسی لەمانە کرد: من حەز دەکەم ئەمە لێک بدەمەوە کە ڕوخساری زەواج کردن و خودی ئەم فۆڕمە دوایین شێوەی پیێەوە بوونی مرۆڤ بووە لە میژوودا .لەبەر ئەوەی کە پێکەوە بوونی ژن و پیاو گەلێک فۆرمی جیاوازی بەخۆوە بینییوە. بەردەوام پێوەندی باڵێ‌ دەست و ژێر دەست فەرهەنگ و تایبەتمەندی ئەخلاقیی زۆی دەستەبەر کردووە. ئێستا دەبینین کە چیژی زەواج و پێکەوە بوون لەبەین چووە و بۆتە  پەیڕەو کردنی یاسا و ڕێساکان .سەرەتای فیلم دەبینین کە چارلی و نیکۆل  چەندە عاشقانە باسی یەکتردەکەن و دوایی چۆن دەبنە دوژمنی یەکتر. لەم پرۆسەیەدا چییەتی و بوونی ژن واتە نیکۆل لە ژێر گووشاردایە و بە هۆی بەرپرسایەتییەکانی وەک دایک بوون و ژنی ماڵ چەند دەرفەتی باشی رۆڵ گێڕی و بوون بە ئەستێرەی شانۆ لە دەست دەدات لە حاڵیکدا کە چارلی بەرەوە سەرەوە دەکشێت.کەواتە بارودۆخەکان یەکسان  نین. لە کۆتاییدا دەبینین نیکۆل هەمان شت دەڵێت کە لە سەراتەوە وتتویەتی . واتە پەیامی گرینگی فیلم ئەمەیە کە مێژوو بۆ ژنان دووپات دەبێتەوە. بارودۆخی نیکۆل تەنها تایبەت بە خۆی نییە و شوناسێکی گشتی و تاکایەتییەکی ئیماژی هەموو ژنانە. ئەم جۆرە لەستەمی میژوویی زاڵە  بە سەر هەموو بارودۆخ و کەسایەتیەکاندا و شتەکان تاڵ و تاریک دەکات . 

ئورکیدە دەلێت: من بە پێچەوانەوە پێم وایە جۆرێک لە هیوا و وزە لەم پێوەندی و لەم فیلمەدا زاڵە بە سەر فەزای گشتییدا و  لە هەر سیکانسیکدا دەتوانین باس لەوە بکەین کە ئەگەر ڕووداوەکە جۆرێکیتر بوایە چیمان دەکرد؟ کەواتە جۆرێک لە هیوا لە ناخی واقع و بەسەرهاتەکاندا خەوتووە کە دەتوانێت  شتەکان بگۆڕێت. پیم وایە نیکۆل بەوە دڵخۆشە کە بڵێت من وەک چارلی دەستپێکەری شەڕ نییم و هەنگاوەکانم بەرەو ئاشتی دەڕۆن نەک شەڕ .

دکتۆر خالید بەردەوام پێی وایە کە ژنان بەختەوەرترین بوونەوەرەکانی ئەم زەوییەن. بەڕاستی بۆ وابیر دەکەیتەوە ئەی دوکتۆر؟

ئەو بە ڕاشکاوی دەڵێت: کام زوڵم و کامە ستەم؟ ژنان لە ئێستادا زیاتر لە هەمووکاتی مێژوو هەم مافەکانیان ڕەچاو دەکرێت و هەم خۆیان بە چنگ و ددانیان پارێزگاریی مافەکانیان دەکەن. ئەوەندەی کە باس لە مافی ئافرەت و مافی ژن و مافی هەرچی شتە دەکرێت ، باس لە چی دەکرێت؟ ئەی کێ ئاوڕ لە هەموو بەرپرسایەتییەکان و کار و کاتژمێرەکانی ئیشی پیاوان دەکات کە بۆ بەرژەوەندی خێزانەکانیان تەرخانی دەکەن و لە کۆتاییشدا تاوانبارن بەوەی  دژ بە ژنانن؟ من کە پێم وایە لە هەموو شتیکدا یەکسان  نین ،هیچ، زیاتریشن لە پیاوان و ئەمە گروپێکی بچووکن کە  مافەکانیان زەوت کراوە بەڵام زۆرینەی ژنا لە خوش گوزەرانی و ژیانێکدان کە لە سەرەتای مێژووەوە تا ئێستا بێ وێنە بووە. 

هەڵبەت کە باسەکانی مینوویی زۆر ئاژاوەی گیرساند و ڕوو لە دەم و چاوی دوکتۆر دەست کرا بە قسە کردن و تاوانباریان کرد بەوەی کە بە ڕاستی ئاگاداری بارودۆخی ژنان نییە و  لە هەمان کاتدا زۆرێک لە پیاوان وتییان ئەحسەنت و ئافەرین ، هەروایە. 

فەرهاد تا کۆتایی ڕاوەستا تا ببینێت مەجالی قسە کردنی هەیە یان نا .وەک هەمیشە بە بزەیەکی ئارام  دەستی پێکرد: من پێم وایە ئەم فیلمە داستانی زەماوەند کردن نییە و رێک داستانی تەڵێ‌ق و جیابوونەوەیە. ئەویش زەواج و تەڵاقیکی لیبێڕاڵی و دەوڵەمەندانە . لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئێمە  نیگەرانی و دڵەڕاوکێی پارە و بژێوی ژیان نابینین . لە حاڵیکدا کە زۆربەی تەڵاقەکان بۆ نموونە لێرە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر پارە و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیانە . بابەتی سەرەکی لەم فیلمەدا حەسادەت و ئێرەیی بردنی نیکۆلە بەسەرکەوتنەکانی چارلی. لەم ناوەدا خودی منداڵەکەش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی بەشێک لە سەرمایە بۆ لای خۆی. بە گشتی خودی بنەما و نیهادی زەواجکردن چ لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی و چ لە کۆمەڵگەی لیبێرالییدا چ سێکۆلار و چ ئایینی  خۆی کێشەدارە.

شۆڕش باس لەوە دەکات کە: پێم وایە هۆی توڕوبوونی نیکۆل بەر لە هەموو شتێک لە بەر ئەوەیه کە نیکۆل دەمێکە لەو ژیانەد ئیتر نەبیندراوە واتە ignor  کراوە. ژنێکی  داهێنەر دەرفەتی کار و نواندنی تواناکانی لێ زەوت دەکرێت چ بە ئاگایی و چ  بە شێوەیەکی  ناخودئاگا و لە کاتێکدا کە دەبێتە دایکی منداڵێک .ئەمە خاڵی گرنگ . لە سەرانسەری فیلمە هالیوودییەکاندا دەبینین کە باڵادەستی پیاوان وەک یاسایەک قبووڵ کراوە وداستانەکان زۆر لە یەک دەچن بەڵام  بوونی ئەم فیلمە  کە ژن و پیاوێک یەکتر تووشی چالێنج دەکەن زۆر گرنگە.  لای ئێمەش دیارە کە ژن چۆن لە کەسێکی داهێنەرەوە دەگۆڕدرێت بۆ کەسێک کە تەنها بەکار دەهێنێت و بەکار دەهێنێت و هیچیتر.

ئەردەشێر ئارام و لەسەر خۆ دەڵێت: پێم وایە دەبێ بڵێم داستانی زەماوەند لە باشترین فیلمەکانی ئەم ماوەیە بووە. بەردەوام کۆمەڵناسان باس لەوە دەکەن کە باشترین رێگە بۆ ناسینی کۆمەڵگەیەک لە هەر سەردەمێکدا ئەوەیە کە هەموو فیلمەکانی ئەو سەردەمە ببینین . لەم فیلمەدا ئەوەی بۆم گرنگە ئەوەیە کە خودی پرۆسەی زەواج و پرۆسەی تەڵاق پێچهەڵپێچە و دژوارە. لەبەر ئەوەی کە خودی مرۆڤ دژوارە. لە سەرەتای عاشقی و خۆشەویستییدا مرۆڤ وەک کەسایەتی حەقیقی خۆی دەچێتە ناو پێوەندییەوە و هەموو شتەکان لە بازنەی عاتیفە و سۆزدا دەسوڕێنەوه بەڵام بە هۆی زەواجە کە کەسایەتی حقووقی دەخوڵقێت و شەرع و یاسا و کۆمەڵگە و سایسەت و ئابوور حکوومەت دێنە سەر سەرت و  هێزیان هەیە.لە لایەکیتریشەوە ئەمە گرنگە کە باسی لێبکەین جیاوازی نێوان فەزای ڕۆشنبیری لۆس ئانجیلێس و نیۆیۆرک زۆر زۆرە. جیاوازی نێوان دوو ستایلی ژیان و روانگەی فیکرییە  و ئەم جیاوازییە لە نیوان شارەکاندا جیاوازی بیر و ڕاکان و هۆی جیا بوونەوەش تا ڕادەیەک دیاری دەکات.

کەژاڵ  وەک هەمیشە باوەڕی بە جۆریک لە ئێنێرژی پۆزەتیڤ هەیە و دەڵێت: لەم فیلمەدا ئەوە دەبینین کە خۆشەویستی و عەشق بەر لە هەموو شتیک پێویستی بە جۆرێک لە ئاگاداریی و پارێزگاریی هەیە. پارێزگارییەک کە هەموو لایەنەکانی ژیان بگرێتەوە. بەر لە زەواج نیکۆل و چارلی عاشقن و بە جوانترین ڕستە و وشەکان یەکتر وەسف دەکەن و ئامادەن گیانی خۆیان بۆ یەکتر بەخت بکەن.  لە ناو پرۆسەی زەواجدا ئەمانەگشتی دەفەوتێت و دەبینین کە بە ترسناکترین وشەکان و تۆمەتەکان یەکتر بریندار دەکەن .

توران لە هەمان کاتدا کە دژ بە لێکدانەوەی دکتۆر خالیدە دەڵێت:  کەژاڵ بابەتێکی جوانی باس کرد وپارێزگاریی لە خۆشەویستی زۆر گرنگە. کاتێک کە عەشق نامێنێت ژیان دەبێتە رینگی بۆکس. لە نێوان نیکۆل و چارلی دا هەرکامیان هەوڵ دەدەن وەها زەربەیەک بوەشێنن کە براوەی مەیدان بن. لە کۆتاییشدا دەبینین ئەوەی کە زیاتر لە هەموو کەس قازانجی کردووە  تەنها محامییەکان بوون و هەردوو لاواتە ژن و مێرد زۆر شتییان دۆڕاندووە .

لوسیفێر ، هەمیشە گەرمایەتی و لە کاتێکدا کە " کریستینیا" یەکی پڕ لە سەهۆڵ دەخواتەوە دەلێت: هەمووان باسی لایەنی ناوەرۆکی فیلمەکەیان کرد با منیش باس لە تایبەت بوونی فۆڕمی فیلم بکەم. زۆربەی ئێپیزۆدەکانی فیلم تەنها لە یەک پلاندا تۆمار کراوە و دەرهێنەر کە فەرمانی تۆماری داوە، ئینجا ئەکتەرێک کە جۆهانسۆنە و ئادام درایڤێر لە یەک بازنەدا هەموو دیالۆگەکانی دەڵێت و رۆڵەکەی دەگێرێت و ئیتر بامباک فەرمانی کات نادات. ئەمە زۆر تایبەتە و پێویستی بە ئێنێڕژی و زیرەکی و بلیمەتی هەیە. من سەرسامی ئەم فیلمە بووم و زانیم تەنانەت  باشترین یاساش بێت، چ یاسای ئەمریکا یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەشق ورد دەکات. من کە زەواجم نەکردووە بەڵام لە مردنی عەشق دەترسم .

لە نێوان دەنگی موزیکی کافە و فنجانی قاوەکان وپێکەنینی کچان و هەرای باسکردن لە  پێگەی نا یەکسانی ژنان و پیاوان، فەرزاد وەک هەمیشە هەوڵ دەدات دیسیپلین بپارێێت. بۆ هەفتەی داهاتوو  بڕیاروایە " ماڵی بووکۆکە " بخوێندرێتەوە.            

ئامادەكاری دانیشتن: بەیان عەزیزی