ژنێکی ئەفغانی دوعا دەکات ئاشتی وڵاتەکەی مێردی چوارەمی ڕزگار بکات

22/09/2020
فۆتۆ: 

ژنێک لە ئەفغانستان بەناوی "تاج بیبی" دوعا دەکات خوای گەورە هاوسەری چوارەمی کە سەربازە لە سوپای ئەفغانستاندا بەهۆی پرۆسەی ئاشتی وڵاتەکەیەوە ڕزگار ببێت و نەکوژرێت.

ئەو ژنە لە ئێستادا هاوسەرەکەی بۆ جەنگی بزوتنەوەی تاڵیبان چووەتە ناوچەیەکی دوورە دەستی وڵاتەکەی و هیوای ئەوەیە چارەنووسی وەک چارەنووسی سێ براکەی دیکەی نەبیت، کە مێردی لەگەڵ هەموویاندا کردووە و یەک لەدوای یەک لە جەنگی سوپا لەدژی بزوتنەوەی تاڵیبان کوژراون.

تاج بیبی لەکاتێکدا ئەو دوعایەی کردووە،  هاوسەرەکەی "ئەمینولا " ماڵەوەی جێدەهێشت بۆ بەرەکانی شەڕ کە تا ماوەی سێ مانگ دەبێت بمێنێتەوە و دەست و دوعایە کە بۆ چوارەم جار بێ هاوسەر نەبێت.

لەوبارەیەوە وتوویەتی "ناتوانم بۆ جارێکی تر ئەو پینج منداڵە کە هەمە دیسان هەتیوو بکەونەوە".

وەک خۆی گێراویەتەوە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە کە یەکەمجار هاوسەرگیری لەگەڵ براگەورەکەی ئەمینوڵا کردووە، کە ئەویش سەرباز بووە لە سوپای ئەفغانستاندا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کە چیرۆکی ئەو خێزانەی گێراوەتەوە، لە زاری بیبییەوە دەڵێت، ژیان زۆر ئاسایی دەڕۆیشت تا ئەو کاتەی هاوسەری یەکەمی کوژراوە لە جەنگی تاڵیباندا، دوای چەند مانگێک بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ برا بچوکەکەی ئەمینوڵای هاوسەری ئێستای کردووەتەوە، کە بە هەمان شێوە سەرباز بووە.

لە کۆمەڵگەی "بشتۆنییەکان"ی ئەفغانستان باوە و ڕەوایە ژن هاوسەرگیری لەگەڵ برای هاوسەرەکەی بکاتەوە کاتێک کۆچی دوایی دەکات، چونکە بە گونجاوی نازانن لە دەرەوەی خێزانەکە هاوسەرگیری بکاتەوە.

وەک خۆی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەری گێراوەتەوە، بەر لەوەی لەگەڵ ژیانی هاوسەری نوێی ڕابێت، ئەو هاوسەرەشی بۆ جاری دووەم لەبەرەکانی جەنگی تاڵیبان کوژراوە، لە کاتێکدا بەرگری لە خاڵێکی پشکنینی سوپا کردووە.

 دوای سێ مانگ بیب ڕەزامەندبووە لەسەر داخوازی خەسووی کە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕی سێهەمی بکاتەوە، کە ئەفەسەری پۆلیس بووە، بەڵام لە پێکدادانێک لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان لە ساڵی ٢٠١٧دا بە هەمان شێوە کوڕی سێهەمیش کوژراوە.

دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر پرسەکەدا لە هەمان ساڵ بۆ جاری چوارەم هاوسەرگیر لەگەڵ ئەمینوڵای هاوسەری ئێستای کردووە و، ئەم هاوسەرەی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵی هەر سێ براکەی دیکەشی گرتووەتە ئەستۆ.

بیبی سەرکۆنەی بزوتنەوەی تالیبان دەکات و جارجاریس سەرکۆنەی حکومەتی ئەفغانستان، هەندێک جاریش هێزە بیانییەکان، بەڵام زۆربەی جارەکان سەرکۆنەی خۆی دەکات لەسەر ئەو خەفەت و مەراقەی کە تووشی بووە لە ژیانیدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتوویەتی "ئیسلام فێرمان دەکات کە یەکتری نەکوژینن بەڵام لەم وڵاتەی ئێمە هەموومان یەکتری دەکوژین، هەر کەسێکمان بوێیت دەیکوژین".

وەک خۆی دەڵێت لەخوا دەپاڕێتەوە  ئەمینوڵا واز لە سوپا بێنێت، بەڵام بەڵێنیشی پێداوە بە سەلامەتی بگەڕێتەوە، دوعای ئەوەش دەکات ئاشتی لە وڵاتەکەیدا بەرقەرار بێت، چونکە ژیانی بە مانەوەی هاوسەرەکەیەوە بەندە.

تاج بیبی لە ناوچەی "سادق ئاباد"ی ئەفغانستان نیشتەجێیە لە هەرێمی کوناری خۆرهەڵاتی ئەفغانستان، زۆربەی کاتەکانی بە دورینی جلوبەرگری منداڵەکانی و خێزانەکەی بەسەردەبات، کە ژمارەیان ١٥ کەسە.

بەگشتی خێزانەکە چاویان لە موچەی ٣٠٠ دۆلارییەکەی ئەمینوڵا و موچەی خانەنشینی سی هاوسەرەکەی دیکەیەتی بۆ ئەوەی پێی بژین.