سێ پەرلەمانتار: حکومەتی هەرێم دەیەوێت موچەی فەرمانگە فیدراڵیەکان بە لێبڕینەوە دابەش بکات

23/09/2020
فۆتۆ: 

سێ پەرلەمانتاری عێراق دەڵێن چەند رۆژێکە پارەی موچەی فەرمانگە فیدراڵیەکان لە هەرێم گەیشتووەتە هەولێر بەڵام حکومەتی هەرێم دەیەوێت بە لێبیڕینەوە دابەشی بکات.

هەریەکە لە ئەحمەد حاجی رەشید و سەرکەوت شەمسەدین و غالب محەمەد لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکردوە دوای چارەسەرکردنی کێشەی موچەی ئەو فەرمانگانە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە لەلایەن حکومەوە بۆ زیاتر دواخستن و دابەشکردنی موچەکە بە لێبڕینەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، هیچ یاسایەک رێگا بە حکومەتی هەرێم نادات دەستکاری موچەی ئەو فەرمانبەرانە بکات وپێویستە بە زوترین کات موچەکانیان دابەشبکرێت.

ئەو پەرلەمانتارانە ڕاشیانگەیاندوە لەپەرلەمانی عێراق لیژنەیەک پێکهاتووە و بەڕێوەبەرایەتی ئەو فەرمانگانە بانگهێشت دەکرێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و دەرهێنانی ئەم پرسە لە دەست حکومەتی هەرێم.

ئەو سێ پەرلەمانتارە داواشیانکردو فەرمانبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگانەش هەڵوێستیان هەبێت و بێ دەنگ نەبن لەبەرامبەر بڕینی موچەکانیان.

ئەوە لەکاتێکدایە نزیکەی پێنج مانگە فەرمانگە فێدراڵیەکان لە هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە و لە چەند رۆژی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی موچەکانیان.