یەکەم حزبی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی سعودیە لە دەرەوە دروست بوو

23/09/2020
فۆتۆ: 

ژمارەیەک لە کەسایەتی سعودی نیشتەجێی بەریتانیا و ئەمریکا ئاشکرایانکرد، حزبێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیان دروستکردووە، وەک یەکەم جموجوڵی سیاسی ڕێکخراو لە دژی دەسەڵاتدارێتی پادشای وڵاتەکەیان.

حزبەکە ناوی "پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی"یە و هاوکاتە لە ساڵیادی ٩٠ ساڵەی جەژنی نیشتیمانی سعودیەدا، کە لەئێستاشدا هەڵمەتێکی ڕێکخراو لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت لەدژی ئۆپۆزسیۆن.

لە بەیاننامەی دامەزراندنی حزبەکەدا هاتووە "دامەزراندنی حزبێکی نوێ بە ناوی پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی ڕادەگەیەنین کە ئامانج لێی چەسپاندنی دیموکراسی لە سیستمی دەسەڵاتی عەرەبستانی سعودیەدا" بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ئەندامانی نەکردووە.

حزبە لە لایەن "یەحیا عەسیری" مافناس و چالاکوانی سعودی نیشتەجێی لەندەن سەرۆکایەتی دەکرێت.

عەسیری بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "لەچرکەساتێکی زۆر ناهەمواری وڵاتەکەماندا ئەو حزبە ڕادەگەیەنین، بەمەبەستی ئازادکردنی سعودیە و دامەزراندنی داهاتوویەکی دیموکراسی و وەڵامدانەوەی خواستی گەلەکەمان".

لە بەیاننامەی حزبەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دامەزراندنی ئەو پارتە سیاسیە لەکاتێکدایە بواری سیاسی لە وڵاتدا لەهەموو ئاراستەکانەوە داخراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت بەردەوام هەڵمەتی توندوتیژی و سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی سیاسی و تیرۆرکردن  پەیرەو دەکات، هەروەها سیاسیەتی دژومنکارانەش بەڕێوە دەبات لەدژی دەوڵەتانی ناوچەکە و هاوڵاتیان ناچار دەکات وڵاتەکەیان جێبهێڵن.

هەرچەندە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سعودیە هیچ وەڵامیان لەسەر دامەزراندنی ئەو حزبە سیاسیە نەبووە، بەڵام بەگوێرەی دەستوری وڵات، سیستمی دەسەڵات پادشایەتی ڕەهایە و بوار بۆ هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی نییە لەو وڵاتەدا.

هەرچەندە چاودێرانی دۆخی سیاسی سعودیە بەدووری دەزانن، ئەو جوڵە سیاسییە نوێیە بتوانێت بەهێزترین سیستمی پاشایەتی لە جیهاندا لەسەر کار لابەرێت، بەڵام دەبێتە بەربەستێکی نوێ بۆ دەسەڵاتدارانی سعودیە.

سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە بەردەوام لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوەڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە سەبارەت بە تۆماری مافەکانی مرۆڤدا، بەڵام لەگەڵ هاتنی محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە ئەو پێشێکاریانە زیاتر پەرەی سەندووە.

تاوانی کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی لە ساڵی ٢٠١٨ لەناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا، دەسەڵاتدارانی سعودیەی ڕوبەروی رەخنەیەکی فراوان کردەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆسیەی مافەکانی مرۆف لەو وڵاتەدا.