عێراق بڕی داهات و هەناردەی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

24/09/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ بڕی هەناردە و داهاتی مانگی ئابی ڕابردووی نەوتی خاوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بڕی زیاتر لە ٨٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە مانگی ئابی ڕابردوودا، بڕی ٨٠ ملیۆن و ٤٩٤ هەزار و ٥٣٦ بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە نەوتە داهاتی ٣ ملیار و ٤٩٢ ملیۆن و ١٦٤ دۆلار داهاتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت گلداوەتەوە.

عاسم جیهادا روونیکردووەتەوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی باشور و ناوەڕاستەوە بڕی ٧٧ ملیۆن و ٥٠٥ هەزار و ١٣٦ بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، لە کاتێکدا لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بڕی دوو ملیۆن و ٩٨٩ هەزار و ٤٠٠ بەرمیل هەناردە کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکرایکردووە نرخی هەر بەرمیلیک نەوتی خاو بە بڕی ٤٣ دۆلار و ٣٨ سەنت فرۆشراوە، هەموو نەوتەکەش لە لایەن ٢٩ کۆمپانیای فڕەرەگەزەوە بارکراوە بۆ بازاڕەکانی وزە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی ئابدا داهاتی نەوت لەچاو مانگی تەموزی ڕابردوودا بە برێ ٨٩ ملیۆن و ٧١١ هەزار و ٧٨٢ دۆلار زیاتر بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆتایی هەموو مانگێک بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی فرۆشراو خۆی ئاشکرا دەکات و لە میدیاکانەوە بڵاوی دەکاتەوە.