پارەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەمساڵ زیادیکرا

25/09/2020
فۆتۆ: 

چاوەڕوان دەکرێت بڕی ئەو پارەیەی ئەمساڵ تەرخاندەکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بگاتە ١٠ ملیۆن کرۆنی سویدی کە یەکسان دەبێت بە نزیکەی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی.

میدیاکانی سوید لەزاری سەرۆکی دامەزراوەی نۆبڵەوە  بڵاویانکردەوە، بڕیارە بۆ ئەمساڵ یەک ملیۆن کرۆنی زیادە نزیکەی ( ١١٠ هەزار دۆلار) بۆ وەرگری خەڵاتی نۆبڵ زیادبکرێت، بەوەش ئەو کەسەی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ بباتەوە، نزیکەی یەک ملیۆن و ٢١٠ هەزار دۆلار وەردەگرێت بە واتای  (١٢١ دەفتەر دۆلار) .

لارش هیکنستن سەرۆکی دامەزراوەی نۆبڵ بە ڕۆژنامەی "داگنس ئیندستری" وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە "ئەو بڕیارە بۆیە دراوە، چونکە پەیوەندی نێوان خەرجییەکانمان و سەرمایەی دەزگاکە جێگرە لە هەموو کاتێک زیاتر".

ئەلفرێد نۆبڵ داهێنەری مادەی مەترسیداری دینامێت، کە بە دامەزرێنەری خەڵاتی نۆبڵیش دادەنرێت،  لە ساڵی ١٩٠١دا بڕی  ٣١ ملیۆن کرۆنی سویدی، کە بە نرخی ئەمڕۆ دەکاتە یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کرۆن، بۆ دامەزراوەی نۆبڵ جێهێشت، بۆ ئەوەی وەک خەلاتی داهێنانە گرنگەکانی ئەدەب و پزیشکی و فیزیا و کیمیا و چەندین زانستی دیکە بدرێتە بە کەسانی داهێنەر، لەدوای ئەو کاتەوەش ساڵانە لە لایەن کۆمپانیا و دامەزراوە مەزنەکان ی جیهانەوە دامەزراوەی نۆبڵی سویدی کۆمەک و پاڵپشتی دارایی دەکرێت .

خەڵاتە پێکهاتووە لە مەدالیایەکی زێڕ و بڕێک پارەی تەرخانکراو بۆ هیلاکییەکانی ئەو کەسانەی وەریدەگرن کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بەمشێوەیەی خوارەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە

لە ساڵی١٩٠١ بڕی خەڵاتەکە بە پارە ٢٢ هەزار و ٥٩٦ دۆلاری ئەمریکی بووە.

لە ساڵی ١٩٩٤ یەک ملیۆن و ٤٩ هەزار و هەشت دۆلار بووە.

لە ساڵی ٢٠٠٠ یەک ملیۆن و ٣٤٨ هەزار و ٧٢٥ دۆلار بووە.

لە ساڵی ٢٠٠١  یەک ملیۆن و ٤٩٨ هەزار و ٥٨٣ دۆلار بووە.

لە ساڵی ٢٠١٢  یەم ملیۆن دۆلار و ١٩٨ هەزار و ٥٩٧ دۆلار بووە.

لە ساڵی ٢٠١٧دا بڕی خەڵاتی پارەکە کەمبووەتەوە بۆ  یەک ملیۆن و ١٠٣ هەزار و ٨٩٢ دۆلار.