تەندروستی عێراق: زۆری ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا جێگەی دوودڵییە

25/09/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا ئاماژەیەکی مەترسیدارە، لە کاتێکدا نزمبوونەوەیەکی ئەوتۆ هەست پێ ناکرێت لەژمارەی تووشبوان.

حازم جومەیلی بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی هیچ سزایەک جیبەجێ ناکرێت لەبەرامبەر ئەو کەسانەی سەرپێچی ڕێنماییە تەندروستییەکان، بۆیە ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رووی لە هەڵکشانە.

جومەیلی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا جێگەی مەترسی و دوودڵییە، بە تایبەت ماوەی چەند ڕۆژێکە هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ نزمبوونەوەی ڕێژەکە.

بریکاری وەزارەتی تەندروستی جەختیکردەوە، زیادبوونی ژمارەی تووشبوان نیشانەیەکی دڵخۆشکەر نییە بۆ ڕوبەڕبوونەوەی پەتاکە، لە کاتێکدا نیشاندەری زۆربەی وڵاتانی جیهان ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوان، بەڵاک لەعێراق بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و جێبەجێ نەکردنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، وایکردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی تووشبوون بەرزتر ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ دابینکردنی ئۆکسجین و دەرمان بەبڕی پێویست و زیادبوونی هۆشیاری هاوڵاتیان تووشبوان، کە ئەوەش مایەی دڵخۆشییە، بەڵام دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە بە گرتنەبەری ڕێنماییەکان ژمارەی تووشبوان کەمبکرێتەوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جومەیلی جەختیکردەوە، ڕێوشوێنەکانی ئیستای وەزارەتی تەندروستی خۆی دەبینێتەوە لە زیتدکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا و زیادکردنی بێدەکان و دابینکردنی ئۆکسجین بە بڕی پێویست بۆ نەخۆشەکان، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت تەواوی توانای خۆی تەرخانکردووە، ئەو ڕێوشوێنانەش کاریگەریی بەرچاویان هەبووە لە کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبوان.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تا دوێنێ لە عێراقدا ٣٣٧ هەزار و ١٠٦ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٢٦٨ هەزار و ٧٦١ کەس چاکبوونەتەوە و ٨٧٩٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.