سابیر ڕه‌شید كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی به‌ناوی "ئهنتۆڵۆژیای چیڕۆكی كوردی" ده‌كات
محه‌مه‌د جه‌مال
سابیر ڕه‌شید، یه‌كێكه له چیڕۆكنووسه به ئه‌زموونه‌كانی كوردستان و له ساڵی ١٩٧٥ـه‌وه ده‌ستی بۆ نووسین بردووه و تا ئێستا ٢٢ كتێبی چاپكراوی له بواری "چیڕۆك و ڕۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌ی چیڕۆك و ڕۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی و سیاسی و وه‌رگێڕان" هه‌یه. هاوكات له ئێستادا ڕۆمانێكی تریشی له‌به‌ر ده‌ستدایه به‌ناوی "كتێبفرۆش" و به‌م نزیكانه چاپ و بڵاوی ده‌كاته‌وه. ناوبراو له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی بۆ ژیان باس له ئه‌زموونه‌كانی خۆی له بواری نووسنی چیڕۆك و ڕۆمان و پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات.
ژیان: كتێبه ئه‌ده‌بییه‌كانت زیاتر له چ بوارێكن و زیاتر چ شتێك لای تۆ جێ بایه‌خ بووه؟
سابیر ڕه‌شید: من به گشتی خاوه‌نی ٢٢ كتێبی چاپكراوم كه "چیڕۆك و ڕۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌ی چیڕۆك و ڕۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی و سیاسی و وه‌رگێڕان" له‌خۆ ده‌گرێ، یه‌كێ: له كتێبه‌كانم به‌ناوی "چیڕۆكی كوردی ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه"ـیه كه تایبه‌ته به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر چیڕۆكی كوردی، هه‌روه‌ها كتێبێكی تریشم كه تایبه‌تمه‌نده به رۆمانی كوردی و به‌ناوی "ڕۆمانی كوردی خوێندنه‌وه و پرسیار"ـه، جگه له‌مانه له باره‌ی وه‌رگێڕان و بابه‌تی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی كتێبی تریشم زۆره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خ بێت، گرنگی زۆرم به چیڕۆك و ڕۆمان داوه.
ژیان: كاتێك ده‌ستت به نووسین كرد له‌ژێر كاریگه‌ری كام له نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كان له ئاستی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه ده‌ستت پێ كرد؟
سابیر ڕه‌شید: سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی ساده و ساكار ده‌ستم پێ كرد، وه‌كو "فڕی فڕی قه‌ل فڕی، بۆ پێكه‌نین، حیكایه‌تی دز و قازی، له خه‌وما جه‌میل سایب، په‌نده‌كانی پیره‌مێرد و خشته‌ی مرواری عه‌لائه‌دین سجادی" دواتر خوێندنه‌وه‌مان قوڵتر بوو و زیاتر چووینه نێو دونیای ئه‌ده‌بیات و كتێبی چیڕۆكنووسه به‌ناوبانگه‌كانی كوردمان ده‌خوێنده‌وه، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه زۆر پێ كاریگه‌ر بووم، چیڕۆكه‌كانی محه‌مه‌د مه‌ولود مهم و حسێن عارف بوو، ئه‌وانه وایان لێكردم كه خه‌ریكی دونیای نووسین بم، هه‌ر چه‌نده چیڕۆكی دیكه‌ش زۆر بوون كه كاریگه‌رییان له‌سه‌رم هه‌بوو. پاشانیش كه ڕۆمانمان خوێنده‌وه، زیاتر كه‌وتمه نێو دونیای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی گێرانه‌وه. هه‌روه‌ها سه‌لیم به‌ره‌كات وه‌كو نووسه‌رێكی كوردی سوریا زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر من هه‌بووه و ڕۆمانهكانیشم هه‌مووی خوێندۆته‌وه و تا ئێستاش هه‌ر بابه‌تێكی نوێی سه‌لیم به‌ره‌كات ده‌ربچێت، من ده‌یخوێنمه‌وه، جگه له‌وه‌ش نووسه‌رانی تری بیانیش زۆرن ئه‌وانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر من هه‌بووه، بۆ نمونه هه‌ر له "ئه‌لبێرت كامۆ"ـوه بگره تا ده‌گاته زۆربه‌ی نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی دونیا.
ژیان: چ جیاوازییه‌ك له نێوان چیڕۆك و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی تر ده‌بینیت؟
سابیر ڕه‌شید: چیڕۆك ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه، به‌ڵام به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی تر مه‌رج نیه ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه بێت، واته ئه‌وه‌ی چیڕۆك له به‌رهه‌می دیكه‌ی ئه‌ده‌بی جیا ده‌كاته‌وه، ته‌نها گێڕانه‌وه‌كه‌یه كه به‌شێكی زۆر گرنگی ئه‌ده‌بیاته. هه‌روه‌ها چیڕۆك زۆر جۆری هه‌یه، وه‌كو "چیڕۆكی درێژ، كورته چیڕۆك، كورتیله چیڕۆك، نۆڤلێت و ڕۆمان" كه هه‌ر یه‌كێك له مانه پۆڵینێكی جیاوازی هه‌یه و به گوێره‌ی قه‌باره و جۆری بابه‌ته‌كه له یه‌كتر جیا ده‌كرێنه‌وه.
ژیان: چ ڕۆمانێك زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌رته‌وه هه‌بووه و تۆی گریاندووه؟
سابیر ڕه‌شید: زۆرن ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌رم هه‌بووه و منیان گریاندووه، به‌ڵام دیارترینیان ڕۆمانی "كاتژمێر بیست‌وپێنجی کۆستانتین جۆرجیۆ" كه باسی كێشه و معاناتی جوله‌كه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها ڕۆمانی "دایك" منیان گریاندووە.
ژیان: زیاتر به ئه‌ده‌بیاتی چ نه‌ته‌وه‌یه‌ك سه‌رسامیت؟
سابیر ڕه‌شید: به دهبیاتی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كان سه‌رسامم، به‌ڵام له هه‌مووی زیاتر به ئه‌ده‌بیاتی ڕووسی سه‌رسامم زۆریشم خوێندۆته‌وه، چونكه ڕۆمانی ڕووسی زۆر خزمەتی مرۆڤایەتیی کردووە و هه‌موو واقیعیهتێكی گه‌له‌كه‌ی خۆی گێڕاوه‌ته‌وه، میلله‌تی كوردیش زۆرێك له بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان و شێوه‌ی ژیانی له ئه‌ده‌بیاتی ڕووسی ده‌چێت. دوای ئه‌ویش زۆر سه‌رسامم به ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مه‌ریكای لاتین به واقیعیه سیحرییه‌كه‌ی هه‌ر له ماركیزه‌وه بگره تا ده‌گاته بۆرخیس و نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، چونكه ڕۆمانی ئه‌مه‌ریكای لاتین توانی خۆی بخاتە ناو ئەدەبیاتی هەموو دونیا و خۆی بسەپێنێ و چێژ و جوانی ببەخشێت.
ژیان: تا ئێستا خۆت چه‌ند ڕۆمانت نووسیوه‌ته‌وه؟
سابیر ڕه‌شید: خۆم دوو ڕۆمانم نووسیوه و چاپم كردوون له‌گه‌ڵ نۆڤلێتێك، ڕۆمانی یه‌كه‌م به‌ناوی "شمشێری مو‌سا" و ڕۆمانی دووه‌م به‌ناوی "كوێره‌ی چاو ساغ"ـه، ئه‌م دوو ڕۆمانه‌م دوو جار چاپ كردووه، هه‌روه‌ها ساڵی ١٩٩٩ نۆڤلێتێكم بڵاوكرده‌وه به‌ناوی "مه‌رگی بازنه‌یی" و ئێستاش ڕۆمانێكی ترم له‌به‌ر ده‌سته به‌ناوی "كتێبفرۆش" كه له قۆناغی پاكسازی وشه‌دایه و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا چاپ و بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه.
ژیان: ڕۆمانی "كوێره‌ی چاو ساغ" له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆی هێنا، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه باس له‌چی ده‌كات؟
سابیر ڕه‌شید: ڕۆمانه‌كه باس له ئێش و ئازاره‌كانی مرۆڤی كورد ده‌كات، واته باس له مرۆڤێكی كورد ده‌كات كه هه‌ر له سه‌رده‌می قازی محه‌مه‌ده‌وه پێشمه‌رگه بووه تا ده‌گاته قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆڵ بدات، هه‌موو ژیانی خۆی له پێناو كوردایه‌تی ته‌رخان ده‌كات، كاتێك ده‌گاته ڕاپه‌ڕین، له‌وێوه ده‌وستێت. هاوكات ئه‌و مرۆڤه له ڕۆمانه‌كه وا باس ده‌كرێت كه له یه‌كێك له شه‌ڕه‌كان له دژی دوژمن زامدار ده‌بێت و چاوه‌كانی له ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕینه‌كه جگه له موچه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێ، هیچ شتێكی تری بۆ نه‌كراوه، موچه‌كه‌ش به‌شی ژیانی ناكات، له كاتێكدا هه‌موو كه‌س و منداڵه‌كانی به‌هۆی كوردایه‌تییه‌وه له ده‌ستداوه جگه له هاوسه‌ر و كچه‌كه‌ی نه‌بێ كه به ته‌نها بۆی ماونه‌ته‌وه.
ژیان: جگه له‌م دوو ڕۆمانه‌ی كه باست كرد له ئێستادا هیچ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیت له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌یه كاری له‌سه‌ر بكه‌ی؟
سابیر ڕه‌شید: بێگومان جگه له‌و دوو ڕۆمانه‌ی كه باسم كرد، ئێستا كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كه‌م به‌ناوی "ئهنتۆڵۆژیای چیڕۆكی كوردی" ئه‌و پڕۆژه‌یه، پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی زۆر گه‌وره‌یه و ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره بۆ كتێبخانه‌ی كوردی و كتێبخانه‌ی چیڕۆكی كوردی، پڕۆژه‌كه ئێستا قۆناغی یه‌كه‌می ته‌واو بووه كه تایبه‌ته به چیڕۆكنووسانی هه‌ولێر، هه‌روه‌ها ئێستا كار له‌سه‌ر چیڕۆكنووسانی شاره‌كانی تری كوردستان ده‌كه‌م. پڕۆژه‌ی دووه‌میشم هه‌ر وه‌ك له‌سه‌ره‌تا ئاماژه‌م پێ كرد، نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمانێكه به‌ناوی "كتێبفرۆش" له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واوی ده‌كه‌م و بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه.
ژیان: جیا له‌م پڕۆژه‌یه، بۆچی ئێستا كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی به‌شێك له چیڕۆكه‌كانی دڵشاد مه‌ریوانی ده‌كه‌یت؟
سابیر ڕه‌شید: دڵشاد مه‌ریوانی جیا له‌وه‌ی كه نووسه‌رێكی شه‌هیده، له هه‌مان كاتدا نووسه‌ریكی فره به‌هره و فره به توانا بووه و له هه‌موو بواره‌كانی ئه‌ده‌بیدا ده‌ستی ڕه‌نگینی هه‌بووه، وه‌كو "چیڕۆك، شیعر، لێكۆڵینه‌وه، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، فۆلكلۆر" و زۆربه‌ی بواره‌كانی تر، بۆیه كه‌سی دڵسۆزی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كۆ بكاته‌وه، من شانم دا به‌ر ئه‌و پڕۆژه گه‌وره‌یه و ئه‌م ساڵ كتێبی دڵشاد مهریوانیم هه‌ر به‌ناوی "دڵشاد مه‌ریوانی" چاپ كرد كه نوێكارێكی چیڕۆكی كوردییه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه هات كاتێك لێكۆڵینه‌وه‌م له‌سه‌ر چیڕۆكه‌كانی دڵشاد مه‌ریوانی ده‌كرد، هه‌ستم كرد ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه دكتۆر ئازاد حه‌مه‌شه‌ریف له ساڵی ٢٠١٤ كاری له‌سه‌ر كردووه و له ده‌زگای موكریانی كۆی كردۆته‌وه و به چاپی گه‌یاندووه، ١٣ چیڕۆكی كه‌مه و دیار نین، بۆیه به پێویستم زانی وه‌كو ته‌واوكه‌ری پڕۆژه‌كه‌ی دكتۆر ئازاد حه‌مه‌شه‌ریف، ئه‌و ١٣ چیڕۆكه له‌گه‌ڵ دراماكانی كۆ بكه‌مه‌وه كه پێنج درامان و ئێستا درامایه‌كی تر و چیڕۆكێكی تریشیم ده‌ست كه‌وتووه و له‌وانه‌یه چاپی بكه‌م.
|