بۆچی موچەی یاریزانانی تۆپی پێ خەیاڵییە؟

27/09/2020
فۆتۆ: 

ئەم پرسیارە لەوانەیە لای زۆرینەمان دروستبووبێت، كاتێك دەبیستین پارەیەكی خەیاڵی دراوە بە ئەستێرەكانی تۆپی پێ كە زۆر زیاترە لە موچەی تەواوی سەرۆك و بەڕێوەبەری وڵاتە زلهێزەكان بۆ نمونە بەپێی گۆڤاری فۆربس بە گرانبەهاترین یاریزان لە ساڵی 2020 كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەڵبژێردراوە، موچەی ساڵانەكەی 72 ملیۆن دۆلارە.


هاوكات كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پرتوگالی ئەستێرەی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، ساڵانە 70 ملیۆن دۆلار لە یانەكەی وەردەگرێت، ئەمە جگە لە كرێ و ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ كۆمپانیا وەبەرهێنە زەبەلاحەكان لەبەرامبەر ئەو ڕیكلامانەی ئەم ئەستێرەیەی تۆپی پێی تێدا دەردەكەوێت و بڕەكەیان دەیان ملیۆن دۆلار زیاتردەبێت. 

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا موچەی ساڵانەكەی 400 هەزار دۆلارە، ئەمەش بەرامبەر موچەی ئەستێرەكانی تۆپی پێ زۆر كەمە، باشە ئەم بڕە پارە زەبەلاحانە لەپێناوی چییدا؟ بەسادەیی دەتوانیت بڵێیت موچە و نرخ لە بواری ئابووریدا پشت دەبەستێت بە بڕی كاڵا و ڕێژەی خواستن، لە دیاریكردنی موچەی یاریزانانی تۆپی پێشدا بەهەمان شێوەیە ئاستی خواستن لەسەر ئەستێرە پێشكەوتووەكان زۆرە و لەبەرامبەردا ژمارەی یاریزان و كەسە بەتواناكان كەمە.

لە خولە نایابەكان، بەراورد بەو خواستە زۆرەی یانەكان بۆ بەدەستهێنانی یاریزانی پێشكەوتوو هەیانە ژمارەیەكی كەمتر لە یاریزانان هەیە ئەمەش هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكانیان.


تەنها لە وڵاتی بەریتانیا ساڵانە ڕاهێنان بە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەكرێت، بەهیوای ئەوەی بتوانن بچنە ڕیزی یانە و یاریزانە  پێشكەوتووەكان، بەڵام لە كۆتاییدا هەڵبژاردە بەردەستەكان كەم دەبنەوە بۆ تەنها 180 یاریزان، ئەمەش لە زمانی ئابوریدا واتا خواستی زۆر و كەمی كاڵا، بۆیە نرخی كاڵاكان بەرزدەبێتەوە.

هۆكارێكی دیكەش بۆ پێدانی ئەو موچە خەیاڵییە سود و قازانجەی دوولایەنەیە، چونكە یاریزانە پێشكەوتووەكان خاوەنی هاندەر و جەماوەرێكی زۆرن كە دەبێتە هۆی ڕاكێشانی سەرنج بۆ ئەو یانەیەی یاری بۆ دەكات و ناوبانگیان زیاد دەكات، لەبەرامبەردا ژمارەیەكی زۆرتر لە سپۆنسەر و هاندەر بۆ یانەكە ڕادەكێشن.

بوونی هاندەری زۆریش بۆ یانەكان یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی داهاتە بەهۆی سەیركردنی یاریەكان و كڕینی ئەو كاڵایانەی یانەكە بە لۆگۆ و ژمارەی یاریزانەكانەوە دروستی دەكات و دەیخاتە بازاڕەكانەوە. 

لەلایەكی دیكەشەوە بەهای مافی گواستنەوەی پەخشی ڕاستەوخۆی كەناڵەكان و دەستكەوتە بازرگانی و بازارگەرییەكان بۆ ئەو پاڵەوانییەتیانەی خاوەندارێتی یانەكە دەكەن زیاد دەكات، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكانی كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و راوێژكاریی تایبەت، لەماوەی وەرزی 2017-2018 دەستكەوتی بازرگانی چامپیۆنس لیگ 17 ملیار دۆلاری تێپەراندووە.

پێشتر بەهۆی بوونی هەریەكە لە رۆناڵدۆ و نەیمار و میسی لە خولی ئیسپانیدا، گروپی كەناڵەكانی بین سپۆرت زۆرترین پارەی دەدایە مافی پەخشی یاریەكانی لالیگا، بەڵام لەگەڵ دوور كەوتنەوەی هەریەكە لە نەیمار و رۆناڵدۆ كە ئەگەریش هەیە لە ساڵی داهاتوودا میسی لە یانەكە بڕوات كێشە بۆ ئەو گرێبەستە دروست دەبێت كە دەستەی لالیگا ئەنجامی داوە لەگەڵ كەناڵە قەتەریەكە. 

ئەستێرەكان بەشێك لەم دەستكەوتانەیان پێدەدرێت، چونكە یەكێكن لە هۆكارەكانی بەدەستهێنانی ئەو داهاتەی خولەكە، ناكرێت ئەو ڕۆڵ و كاریگەرییە گرنگانەی تۆپی پێ لەسەر وڵاتان لەبیربكەین، نمونەش بۆ ئەوە لەكۆتایی وەرزی ئەمساڵی یاریەكانی بەرشەلۆنە، كاتێك میسی رایگەیاند كە دەڕوات، سەرۆكی دەستەی لالیگا و سەرۆكی ویلایەتی كەتەلۆنیا هاتنە سەر خەت و پشتیوانی یانەكەیان كرد بۆ نەڕۆشتنی ئەو یاریزانە، هۆكارەكەشی بۆ ئەو زیانە مادیانە لێكدرایەوە كە بەر هەریەكە لە كەتەلۆنیا و لالیگا دەكەوت. 

لەلایەنی ئابورییەوە، یانە پێشكەوتووەكان هاوكارن لە چالاككردنی ئابوری وڵاتەكانیان، بەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای (پی دەبلیو سی) بواری وەبەرهێنان، وڵاتی ئیسپانیا وەرزی ڕابردوو، نزیكەی سێ ملیار و 214 ملیۆن  یۆرۆی بەهۆی یانەی بەرشەلۆنە بەدەست هێناوە، لەهەمان كاتدا تەنها ئەو یانەیە زیاتر لە 31 هەزار و 475 هەلی كاری ڕەخساندووە، وەرزی رابردوو زۆرترین زیانەكانی كۆرۆنا بەر خولی ئیسپانی كەوت لە كاتێكدا بەهۆی رۆشتنی بەشێكی زۆر لە یاریزانە ناسراوەكانی خولەكە هاندەرانی یانەكان كەمبوونەوە و ركابەری نێوان یاریزانەكان كەمتر بوویەوە. 

هەروەها لەلایەنی سیاسیەوە، تۆپی پێ بووە بە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی كە كاریگەری لەسەر پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی وڵاتان دروستدەكات، لەمڕۆدا شتێك هەیە بە (دیبلۆماسیەتی وەرزشی) ناسراوە، وڵاتەكان هەموو ناكۆكی و جەنگەكانیان وەلا دەنێن لە پێناوی چێژ وەرگرتن لە ڕكابەری هەڵبژاردە و یانەكانیان بۆ بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانیەتییەكان. پێدەچێت هەر ئەمە هۆكاربێت لەپشت وتەی "بەرۆحی وەرزشی وەریبگرە".

وەرگێرانی: شایی ئارام