کازمی داوای لە پزیشکە مانگرتووەکان کرد بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان

27/09/2020
دیداری کازمی لەگەڵ نوێنەرانی پزیشکانی مانگرتوو
فۆتۆ: 

کازمی داوای لە کادرانی تەندروستی کرد کۆتایی بە مانگرتنەکانیان بهێنن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

کازمی لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی پزیشکیانی جێگر و خولاو، کە مانیان لەکارکردن گرتووە، گوێبیستی داواکاریی و پێداویستیەکانیان بووە، بە تایبەت لەم دۆخەی ئیستای تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە عێراقدا.

بەگوڕەی بەیاننامەیەکی نوسینگەی کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی داخوازی پزیشکان و کادرانی تەندروستی رەوایە و کاردەکات لەسەر لابردنی سەرجەم ئەو بەربەستانەی کە دێتە ڕێگەی کارەکانیان.

داوا لە پزیشکان و کادرانی تەندروستی کرد بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان و هاوکاری هاوڕێکانیان بکەن، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە تەندروستییە مەترسیدارەی، کە ئەمڕۆ روبەڕوی وڵاتەکە بووەتەوە.

دواتریش نوسینگەی کازمی لە بەیاننامەیەکی دیکەدا بڵاویکردەوە، کادرە پزیشکییەکان دیواری یەکەمی ڕوبەڕوبوونەویە پەتای کۆرۆنا بوون، بە تایبەت کە هەندێکیان بوونەتە شەهیدی ئەو ڕێگەیە و لەئەرکدا گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری کەمی ژمارەی پزیشکان و کادرانی تەندروستی و کەلوپەلی پێویست، بەڵام سەربازانی سپی پابەندبوون بەئەرکی ڕۆژانەی خۆیانەوە و لەسەروی تواناکانی خۆشیانەوە کارەکانیان راپەڕاندووە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە پزیشکان داخوازییە رەواکانی خۆیان بەرزکردووەتەوە، بەڵێنیان پێ دەدەن، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدواچوون بۆ داواکانیان بکرێت و بخرێنە پێش زۆر کار و ئەرکی ترەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو داوایانە مافێکە نابێت دوابخرێن، مەگەر بەهۆی ئەم دۆخە نائاسایییە تەندروستییەی ئیستای وڵاتەوە بێت، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناو گەندەڵییەوە ئابوری وڵات ڕوبەڕوی قەیرانی قورس بووەتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای لە پزیشکان و کادرانی تەندروستی کردووە، سەرکردایەتی ئەم دۆخە تەندروستییە نائاساییە بکەن، کە کارەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانەکان، دیارە تەندروستی و گیانی عێراقییەکان ئەمانەتێکە لە  گەردنی ئەو سوپا سپیەدایە.