پادشای ئوردن پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە

27/09/2020
شا عەبدوڵای دووەمی پادشای ئوردن
فۆتۆ: 

شا عەبدوڵای دووەمی پادشای ئوردن بە مەرسومێکی شاهانە ئەنجومنی نوێنەران "پەرلەمان"ی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیارەش لە ئەمرۆ یەکشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبڕیارەکەی پادشای ئوردندا هاتووە " ئێمە عەبدوڵای دووەمی کوڕی حسین، پادشای ئوردنی هاشمی، بەگوێرەی بڕی سێ لە مادەی (٣٤)ی دەستور، بە ئیرادەی خۆمان ئەم بڕیارەمان دەرکرد، ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە هەڵدەوەشێنینەوە".

بەگوێرەی دەستوری ئوردن، لەبڕگەی دووی مادەی ٧٤ی دەستور، دەبێت حکومەت دوای هەفتەیەک لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات.

دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئوردن ڕۆژی ١٠ی مانگی تشرینی دووەمی داهاتووی دیاریکردووە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و قۆناغی خۆکاندیدکردنیش لە ٦ی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوەوە دەستپێدەکات.