سەرۆکایەتیەکانی عێراق: دەبێت چەک بەدەستی دەوڵەتەوە بێت

27/09/2020
فۆتۆ: 

هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی جەختیانکردەوە لەوەی پێویستە چەک تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و پارێزگاری لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکان بکرێت و بەرپەرچی هەر کارێکی دەرەوەی یاسا بدرێتەوە، کە ئاسایش و سەروەریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار میوانداری کردووە لە هەر یەکە لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی دوا پێشهات و پەرەسەندە ئەمنی و سیاسیانەی، کە مەترسییان دروستکردووە لەسەر دۆخی ئێستا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆوبونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ئەم دواییە، کە بە ئامانجگرتنی ناوەند و بارەگا مەدەنی و سەربازییەکان درێژەیان هەیە، هەروەها باس لە کردەوە تیرۆری و فڕاندنانەی ئەم دواییە کراوە، کەر دەرهەق  بەچالاکوانی مەدەنی ئەنجامدراوە، هەموویان جەختیانکردەوە ئەو کارانە بە ئامانجگرتنی خودی عێراق و سەروەریی وڵاتەکە و پڕۆژە نیشتیمانییەکەیەتی، کە حکومەتی ئێستای لەسەر بنیات نراوە.

ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردووەتەوە لەوەی ئەو جۆرە کارانە زیانی گەورە بە ناو و ناوبانگی عێراق دەگەیەنێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە، دۆخی ئاڵۆز و نائارامی ئەمنی زیانی گەورە دەگەیەنێت بە ئابوری عێراق و ئەو هەوڵانەش کە دەیدات لە پێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکان، بە تایبەت ئەو دۆخە ئابورییە خراپەی کە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی نەوتەوە هاتووەتە ئاراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا جەختکراوەتەوە لەوەی، عێراق لە حاڵەتی جەنگدان نییە جگە لە جەنگی دژی تیرۆر نەبێت، راگەیاندنی جەنگ لە تایبەتمەندیی دامەزراوە یاسایی و جێبەجێکردنەکانی دەوڵەتی عێراقە، کە پشت بە یاسا و دەستور دەبەستێت، بۆیە مافی هیچ لایەک نییە جەنگ رابگەیەنێت یاخود بەشێوەیەک مامەڵە بکات، وەکە ئەوەی دۆخی ناوخۆیی عێراق لە حاڵەتی جەنگدا بێت.

جەختیشکراوەتەوە لەوەی عێراق دەستوەردان لە کاروباری هەر دەوڵەتێک رەتدەکاتەوە و دەستوەردانی دەوڵەتانیش لە کاروباری وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە، هەروەها رەتیدەکاتەوە خاکەکەی بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی حسابات  یان بکرێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژی کردن سەر دەوڵەتان.

لەو ڕووەوە ئاماژە کراوە بەوەی نیشتیمان پەروەرە عیراقییەکان ڕێکن لەسەر چەسپاندنی دەوڵەتی نیشتیمانی، کە خاوەنی سەروەریی تەواو بێت و دوور بێت لە چەمکەکانی هەژموونی دەرەکی و دەستورەدان لە کاروبارەکانی.

هەر لەکۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریش ئامادەی بووە، هۆشداری درا لەو ئاراستەی کارکردنەی کە گروپەکانی دەرچوو لە یاسا لەدژی ئاسایش و سەروەریی وڵات ئەنجامی دەدەن، چونکە ئاراستەیەکی مەترسیداری وەرگرتووە و عێراق روبەڕوی مەترسی ڕاستەقینە دەکاتەوە، جەختیشکرایەوە لەوەی دۆخەکە پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی هەموو لایەکە لەسەر هەموو ئاستەکان، لەپێناو بەرپەرچدانەوەی ئەو تەنگەژەیە و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ دڵنیایی لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەت کرا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە و ڕێگریکردن لەکردنە ئامانجی نوێنەرایەتییەکان، کە بەگوێرەی ڕێسا و پەیڕەوە نێودەوڵەتییەکان، ئەرکی پاراستنی سەلامەتی گیانی کارمەند و دەزگاکانی لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە لە ڕێزگرتنی ڕێنماییەکانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵا، کە لەکاتی پێشوازیکردن لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاندبوو، سەبارەت بە زەمینە سازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئازاد و بێگەرد لە وڵاتدا.

کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دوای هۆشدارییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت، کە چەند لێپرسراوێکی عێراق و بیانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس" یان راگەیاندبوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتێ .

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، واشنتۆن هۆشداری داوەتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان نەکەونە جوڵە لەدژی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەوا بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە، بۆ دڵنیایی ئەوەی ڕێگە نادەن ئەو دۆخە بەردەوام بێت.