سانسۆر

28/09/2020
فۆتۆ: 

کەریم پەرەنگ


سانسۆر لە سادەترین پێناسەیدا واتە کۆنترۆل و پشکنینی چاپ و فلیم و هتد لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ ئەوەی هەندێ شت ڕێی پێ بدرێت و هەندێ شتی دیکە ڕێی چاپ و بڵاوبوونەوەی لێ بگیرێت.

سانسۆر لە ڕاستیدا کۆنترۆڵی زانیارییە، ئەو ناوەڕۆکانەی لەگەڵ بیرکردنەوەی دەوڵەتدا ناگونجێن لا ببرێن و تەنیا ئەو شتانەی بە دڵی دەوڵەتن بڵاو ببنەوە، یان بە ڕستە و بڕگەی دیکە بگۆڕدرێن. سانسۆر وەکو کۆڵەکەیەک بەکار دەهێنرێت بۆ هێشتنەوەی شێوەی حوکمڕانی. پێش هەموو شتێک مافە بنەماییەکان یان ئازادییە بنەماییەکان (بۆ نموونە ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ئایین، ئازادیی هونەر، ...) دەبنە بابەتی سانسۆری سیاسی.

لە بەر ئەوەی لە کوردستان بە مانای دەوڵەت دەوڵەت نییە، بەڵکو حکومەت جێگەی دەوڵەتی گرتووەتەوە، حکومەتیش واتە حیزب، ئیدی هەر نووسێنێک، فلیمێک، دەقێکی داهێنراو (ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، هتد.) بە دڵی سانسۆرەکانی حیزب نەبن بە ناوی (پاراستنی به‌ها پیرۆزه‌کان)ەوە ڕێیان لێ دەگیرێت. کەس پێمان ناڵێت ئەم بەها پیرۆزانە چین.

لە تورکیا مادەیەک لە یاساکەیاندا هەیە بۆ دژەتیرۆر، نەک تەنیا ئەندامانی پ.ک.ک و هادەپ و هەوادارنی گویلەن، بەڵکو هەندێ جار ڕۆژنامەوانی بێگانەش بە بیانووی ئەم پەرەگرافەوە دەگیرن و لە بەندیخانەی توند دەکەن.

ڕۆژ بە ڕۆژ لە کوردستانی باشوور زیاتر ماڵئاوایی لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین دەکرێت. لە سەردەمی بەعسیشدا خەڵکی خۆی پیشان بدایە دەگیرا، دەبوو کتێب و شانۆگەری و تەمسییلەکانی سانسۆر بکرێن، هەر کەسێک شتێکی بنووسیبا و بە دڵی حیزب نەبوایە دەگیرا و سڕگوم دەکرد، ئێستاش بە بیانووی خراپبەکارهێنانی مۆبایل خەڵکی دەگیرێت وئێستاش هەوڵی ئەوە هەیە سانسۆر بخوێتە سەر دەربڕین.

کێ دیاری دەکات (بەهای پیرۆز) چییە هەتا بپارێزرێت؟ پێناسەی (بەهای پیرۆز) چییە؟

کاتێ زنجیرەی شانۆی بیانی بڵاو دەبووەوە نەیاری هەبوو. چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی هەوڵی ڕاگرتنیان دەدا. خەڵکی دڵڕەشی لەو بابەتە دەتوانن بچنە بنکلێشەی وەزیری ڕۆشنبیرییەوە و وای تێبگەیەنن ئەم شانۆییانە (بەها پیرۆز)ەکانمان لەکەدار دەکەن.

لە سەردەمێکدا کە ئینتەرنێت نەبوو، سانسۆر دەیتوانی ڕۆڵێکی نەرێنی لە بڵابوونەوەدا ببینێت، بەڵام ئەمڕۆ ئینتەرنێت دەتوانێ تا ڕادەیەک ئەم سنوورە ببەزێنێت. کاتێ مەحمودی دەوڵەتئابادی ڕۆمانی (کۆلۆنیل)ی نووسیبوو دابوویە سانسۆری ئێران و ساڵانێکی درێژ چاوەڕوانی مۆڵەت بوو. کە چرای ئومێدی کوژایەوە، ڕۆمانەکەی ناردبوو بۆ (بەهمەن نیرومەند)، بەهمەن وەریگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی، لە ئەڵمانییەوە وەرگێڕدرایە سەر چەندن زمانی دیکە. ئێستا ئەو ڕۆمانە بە فارسی نەبێت بە زۆر زمانی دیکەی جیهانی هەیە.

نووسەرانی ناحیزبی کورد ناشکێت. مرۆڤ چەند لاپەڕەیەک لە یەکێک لە ڕۆژنامە، گۆڤار، مالپەڕەکانی ئەو حیزبانە هەڵبداتەوە، چەند سەعاتێک سەیری کەناڵەکانی تەلەفزیۆنیان بکات، گەر هەموومان ڕۆژانە بیست و چوار سەعات بنووسین و شانۆگەری نمایش بکەین و هونەری شێوەکاری پیشان بدەین و هەموویشی دژی ئەخلاق و بەهای مرۆڤ بن بە قووڵەپی ئەواندا ناگەین.

بەڵام کە سیاسەتکار ڕۆئیای نەبوو، کە بیر لە پاشەڕٶژی گەلەکەی نەکاتەوە، کە تەنیا کۆپی ڕەفتارە هەرە نێگەتیڤەکانی دیکتاتۆرەکان بکات، بێگومان چگە لە سانسۆر و سنووردارکردنی هزر و ئاوەزە ئازادە بەرهەمێنەکان بیر لە شتی دیکە ناکاتەوە.