پارێزگای دهۆك لەبارەی فرۆشتنی 90پارچە زەوی لەلایەن دوو كەسەوە روونكردنەوە دەدات

28/09/2020
فۆتۆ: 

پارێزگای دهۆك لە بارەی فرۆشتنی 90 پارچە زەوی بە ساختەكردن روونكردنەوە دەدات و دەڵێت دۆسیەكە لەدادگا یەكلایی كراوەتەوە و چوار كەس بەوهۆیەوە سزای جیاوازدراون.

كارگێڕی پارێزگای دهۆك روونكردنەوەیەك لەبارەی ئەو دوو فەرمانبەرەی كە 90 پارچە زەویان لەسەر كەسوكاری خۆیان تاپۆ كردووە بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات زەویەكان بە یاسا گەڕێندراونەتەوە. 

دوای ئەوەی دوێنێ لە ژمارەیەك میدیا دۆسیەی دوو فەرمانبەر بڵاوكرایەوە كە 90 پارچە زەوی كەسوكاری شەهیدانیان بە شێوەیەكی ساختە تاپۆ كردووە و دواتر فرۆشتویانەتەوە كارگێڕی پاریچزگای دهۆك روونكردنەوەیەكی بڵا, كردەوە و دەڵێت ئەو كەیسە ساڵی (2015 بۆ2016) گەیشتووەتە بەشی یاسایی لە پارێزگای دهۆك. 

ئەوەی روونكردووەتەوە بەشی یاسای پارێزگای دهۆك و بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و شارەوانی دهۆك پێكەوە داوای یاساییان لەسەر ئەو كەیسە تۆمار كردووە و داوای رێكاری یاساییان كردووە. 

ئەوەشی راگەیاندووە  دواتر ئەو بابەتە لەلایەن دادگای دهۆك یەكلایی كراوەتەوە و هەموو پارچە زەویەكان بۆ شارەوانی فەیدیێ گەڕێندراوەتەوە، لەلایەن دادگای باڵای تەمزیەوە پەسەند كراوە و چوار تاوانبار بە سزای جیاواز سزا دراون بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969. 

پارێزگای دهۆك ئەوەشی ئاشكراكردووە ئەو كەسانەی كە زیانمەندن و پارچە زەویەكانی خۆیان فرۆشتووە بەڕێگای دادگا دەتوانن داواكاری مافەكانی خۆیان بكەن.