| کازمی ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمنی دەستبەسەر کرد  
                             
                                بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرجەم ئەو فەرماندە و لێپرسراوە ئەمنییانە دەستبەسەر کران، کە لەناوچەکانیان موشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا و دەوروبەری کراوە.
                                
 
 میدیاکان بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی ئەم ئیوارەیە موشەکێکی کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرا، بەسەر ماڵێکدا کەوتە خوارەوە و بووە هۆی کوژرانی سی کەس و بریندار بوونی دوو کەسی دیکە، کە سەرجەمیان هی خێزانێکن. دوای ڕوداوەکەش مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانیکرد بە دەستبەسەرکردنی سەرجەم لێپرسراوی ئەمنی ئەو گەڕەک و ناوچانەی موشەکەیان لێوە ئاراستە دەکرێت بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و ناوچەی سەوز. کازمی لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە سەرکێش و کەسانی لە یاسا دەرچوو نادرێت بە ویستی خۆیان هاتوچۆ بکەن و یاری بە ئاسایس و ئارامی عێراق بکەن، بێ ئەوەی سزای عادیلانەی خۆیان وەربگرن. ئەو فەرمانەی کازمی لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی کەوتنەوەی موشەکێکی کاتیۆشایەوە کە لە گەرەکی "حەی جیهاد" ی بەغداوە ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا کرابوو، بەر ماڵێک کەوتووە و سێ کەسی خێزانەکە کوژران و دوو کەسی دیکەشیان بریندار بوون.    
 
 |