ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا: یەکەم چەکداری سوری لە ئازەربایجان کوژرا

30/09/2020
فۆتۆ: فۆتۆ: ڕۆیتەرز

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، یەکەم چەکداری سوری ئەندامی گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە جەنگی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ کوژرا.

لە بەیاننامەیەکدا، روانگەی مافی مرۆڤی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەی کە تورکیا بردوونیەتە ئازەربایجان و پاسەوانی بیرە نەوتەکانیان پێدەکات، چەند رۆژێکە تێوەی گلادوون لە شەڕەکەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا تورکیا ٣٢٠ چەکداری ئەو گروپە سوریانەی نزیک لە خۆی گواستووەتەوە ئازەربایجان، ئەو ڕاپۆرتانە دوورن لە ڕاستییەوە کە باس لە بوونی زیاتر لە ٤هەزار جەنگاوەری سوری دەکەن.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوری ڕوونیکردووەتەوە، ئەو چەکدارە سوریانە  لەگەڵ کۆمپانیا ئەمنییەکانی تورکیا گرێبەست دەکەن، کە زۆربەیان لە هاوڵاتیانی تورکمانن.

ماوەی چوار ڕۆژە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بە سەختی لەسەر هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ دەستیپێکردووەتەوە، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەرمەنن و لە سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لەنەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئازەربایجان جیابۆوە.

ئەمڕۆ ئەرمینیا هەوڵەکانی ڕوسیای بۆ ناوبژیوانی لە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئازەربایجان رەتکردەوە، کە ماوەی چوار ڕۆژە دەستی پێکردووەتەوە.