زاخۆ: لە دوو ڕوداوی هاتوچۆدا حەوت کەس برینداربوون
بەرە بەیانی ئەمڕۆ دوو روداوی هاتوچۆ لە قەزای زاخۆ رویدا و بووە هۆی برینداربوونی حەوت کەس.
بەشیر محەمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی زاخۆ بە(تۆڕی هەواڵی ژیان) ی راگەیاند کاتژمێر حەوت و بیست خولەکی بەیانی لەسەر رێگای سەرەکی گەڕەکی شقا روداوێک لە نێوان ئۆتۆمبیلێکی توێتا هایلۆکس و تەکسی کۆرۆلا رویدا و لە ئەنجامدا پێنج کەس برینداربوون.
وتیشی کاتژمێر هەشت و سی خولەکی بەیانی ئەمڕۆش لەنێو تونێلی زاخۆ روداوێکی دیکەی هاتوچۆ ڕویدا و دووکەس برینداربوون.
بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی زاخۆ ڕاشیگەیاند لە ئەنجامی روداوەکان زیانی زۆر بەر ئۆتۆمبیلەکان کەوتن و داواشیکرد شۆفێران پابەندی رێنمایەکان بن.

|