كتێبێكی نوێ لەبارەی زیگفرید كراكاوەر بڵاودەكرێتەوە

01/10/2020
فۆتۆ: 

لە كۆد گۆڕینی كانتەوە بۆ تیۆری فیلم ناونیشانی كتێبێكی نوێی پێشڕەو محەمەدە لە بارەی زیگفرید كراكاوەر كە تیایدا نووسەر هەوڵی داوە ژیان و بەرهەمی كراكاوەر بخاتەوە ناو سیاقە مێژووییەكەیان.

زیگفرید كراكاوەر لە ساڵانی (١٨٨٩-١٩٦٦) ژیاوە كۆمەڵناس، ڕۆماننووس، ڕەخنەگری ئەدەبیی، مێژوونووسی سینەما، تیۆریزەكەری فیلم بوو، لەو كتێبەدا كە بڵاودەكرێتەوە وێنە و پۆرترێتی ڕۆشنبیریی و هزریی كراكاوەر و ڕێگای لە فرانكفورتەوە بەرەو بەرلین و لەوێوە بەرەو پاریس و پاشان بەرەو نیویۆرك، دەكێشێت. 

ئەو كتێبە هەوڵدەدات بیرمەندەكە لەگەڵ بیرمەندانی دیكەی ئەو قۆناغەدا بەراورد بكات و ئایدیا و بیرۆكەكانیان بخاتە ناو سیاقێكی فراوانترەوە بۆ بەدەستەوەدانی وێنەیەكی گشتییتر و فراوانتر نەك تەنها بۆ كراكاوەر. 

لەم ڕێگایەوە نووسەری ئەم كتێبە هەوڵی داوە چەند ئامانجێك بپێكێت: زیندووكردنەوەی یەكێك لە بەرجەستەترین پاڵەوانەكانی مۆدێرنیتە، دامەزراندنی فەلسەفەیەكی ماتریالیستیی بەناوی فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی و دواجار بەكارهێنانی ئەم ئایدیایانە بۆ بینینی خۆمان لەسەردەمی نوێدا.