بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆك: پێویستە دوو هەفتە قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێم رابگەیەندرێت

02/10/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆك داوای راگەیاندنی دوو هەفتە قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەشڵێت پێشتریش هەمان داوایان كردووە.

نزار عیسمەت، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت "داوا دەكەین كە لانی كەم دوو هەفتە قەدەغەی هاتووچۆ نەك تەنها لە دهۆك بەڵكو لە هەموو كوردستان رابگەیەنن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانیین بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئاستێك بوەستێنین ئەوە بۆ هەمووان سوودی دەبێت".

ئەو هۆكاری تەشەنەكردنی تووشبووانی كۆرۆنا لەدهۆك دەگەڕێنێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ئاسانكاریەكانی حكومەت بۆ ژیانی هاوڵاتیان كە بووە هۆكاری ئەوەی هاوڵاتیان خۆیان نەپاراستووە. 

بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆك وتیشی پێشبینی دەكەین ژمارەكان "هەر لەزیادبووندابێت ئەگەر خەڵك پابەندنەبێت بە رێكارە تەندروستییەكان یان ئەگەر لەسەر داوای ئێمە قەدەغەی هاتووچۆ رانەگەیەنرێت بۆ ماوەی دوو هەفتە بەدڵنیاییەوە كۆنتڕۆڵی ئەو تەشەنەكردنە بەو ئاسانیە ناكرێت".

ناوبراو روونیشی دەكاتەوە ئەگەر قەدەغەی هاتووچۆ نەبێت "خەڵك دەبێت ناچار بكرێت پابەندبێت بە رێنمایی و رێكارە تەندروستییەكانەوە، ناكرێت خەڵك بێ ماسك دەربچن و بچنە جێگای قەڕەباڵغ و شایی بكەن و پرسە دابنێن و سەیران بكەن".

عیسمەت بەبیریشی دەهێنێتەوە كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئامارەكاندا داوایان لە ژووری ئۆپراسیۆنەكانی دهۆك كردووە بۆ مانگێك یان دوو هەفتە قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەندرێت، دەشڵێت "ئەمجارەش داوامانكرد لە پارێزگار و ژووری ئۆپراسیۆن كە لانی كەم دوو هەفتە قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەنن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانیین بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئاستێك بوەستێنین، چونكە چەند خەڵك زیاتر تووش بێت ئەو ڕێژەیە زیاتر پێویستییان بە نەخۆشخانە دەبێت و ڕێژەی مردنیش زیاد دەبێت".