كەجەكە لەبارەی ناردنی گەریلا بۆ ئەرمینیا روونكردنەوە دەدات

03/10/2020
فۆتۆ: 

كەجەكە لەبارەی ناردنی گەریلا بۆ شەڕی ئەرمینیا روونكردنەوە دەدات و دەڵێت ئەوە درۆیەكی گەورەی توركیایە بیەوێت هەر شوێنێك داگیر بكات دەڵێت پەكەكە و كورد لەوێ هەیە.


ڕۆنی سەردەم، وتەبێژی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بە ئاژانسی هەواڵی فورات نیوزی ڕاگەیاند، دەوڵەتی توركیا شەڕی ئازەری و ئەرمەنی قوڵتردەكاتەوە. 

ناوبراو رایگەیاند: ئەو دۆخە كە وەك شەڕی ئازەربیجان و ئەرمینیا دەناسرێت، لە ڕاستیدا شەڕی دەوڵەتی توركە و بەشێكە لە پرۆژەی عوسمانی و ئامانجەكانی ئەو پرۆژەیە بەڕێوەبەریی ئاكەپە ماوەیەك لەوە پێش نەخشەیەكی توركیای بڵاوكردبووە، ئەو ناوچەیەی لە خۆ دەگرت.

ئەو ئاماژەی بە ناردنی چەكدارە سوریەكان كرد بۆ شەڕی ئەرمینیا و ئازەربیجان و دەشڵێت "لە هەر جوگرافیایەكدا كە دەیانەوێت داگیری بكەن و شەڕ بكەن، بە پاساوی ئەوەی پەكەكە و كوردی تیادایە دەست دەكەن بە هێرشی داگیركەری و بەوەش بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانی خۆیان، ئاستی درۆ گەورەكانیان و هەروەها دوژمنیایەتیان بەرامبەر بە كورد دەخەنەوەڕوو". 

وتەبێژەكەی كەجەكە راشیگەیاند: بەهۆی شەڕی ئازەربیجان و ئەرمینیاوە، لەبارەی بزووتنەوەكەمانەوە هەواڵی درۆ بڵاودەكەنەوە، بەوەش دەیەوێت لە پێش هەموو شتێكەوە لە دژی گەلەكەمان و گەلان دوژمنایەتی قوڵتر بكاتەوە.