لە کێشەدا

03/10/2020
فۆتۆ: 




ئەنتوان چیخۆڤ

پەریخان ئیسماعیل


   پیۆتەر سمیۆنیچ، بەڕێوبەری بانک، لەگەڵ ژمێریار، و یارمەتیدەر، و دوو ئەندامی ئەنجومەن، بەشەو بۆ بەندینخانە بردران . ڕۆژێک دوای ھەڵچوونەکە بازرگان ئاڤدیڤ ، کە یەکێک بوو لە لیژنەی وردبینی، لەگەڵ ھاوڕێكانی لە فرۆشگاکە دانیشتبوو دەیگوت: 

   " ئینجا ئەمە قەدەری خودایە، وا پێدەچێت. ھیچ ھەلێک نیە تا لە چارەنووس ڕابکەین، لێرە و ئەمڕۆ ئێمە کاڤیار ( خۆراکێکە لە ھێلکەی ماسی دروست دەکرێت ) دەخۆین و بەیانی ، پێویستە بزانین ، کەبەندینخانە ،سواڵکەرییە، یان لەوانەیە مردن . ھەرشتێک لەوانەیە ڕوبدات ، پیۆتەر سمیونیچ وەک نمونە وەربگرن..."

   قسەی کرد ، چاوە مەستەکانی گوشی، لەکاتێکدا ھاوڕێکانی لەخواردنەوە، خواردنی کاڤیار ، و گوێگرتن بەردەوام بوون. وەسفکرنی ئابڕووچوون و بێ سوودی پێۆتەر سمیۆنیچ ، کە ڕۆژێک پێشتر خاوەن دەسەڵات و ڕێزدار بوو لای ھەمووان ، ئاڤدیڤ لەگەڵ ئامۆژگاریەک بەردەوام بوو:

   "فرمێسکەکانی مشک بۆ پشیلە دەگەڕێنەوە. بەڕاستی پێشکەشیان بکە، ئەی چەپەڵینە!
دەتوانن بدزن ، فێڵبازەکان ، ئینجا با وەڵامی بدەنەوە!"
   "باشتر وایە ئاگاداربێ، ئیڤان دانیلیتش، چونکە تۆش لێی تێناگەیت!" یەکێک لە ھاوڕێکانی وردبووەوە لێی. 
   "ئەمە پەیوەندی چیە بە منەوە؟"
   "بۆچی ، ئەوان دەدزن. و ئێوەی وردبین بیرتان لە چی دەکردەوە؟ من پابەند دەبم ، تۆ پیاچوونەوەی حسابەکانت واژۆکرد."
   "ئەمە باشە کە قسەی لەسەر بکەین !" ئاڤدیڤ پێکەنی:
"واژۆم کردوە ، ڕاستە! ئەوان و اڕاھاتبوون کە ھەژمارەکان بۆ فرۆشگاکەم بھێنن و ومنیش واژۆیان بکەم.

ئەوەی تێی گەیشتبم! ھەرچیت پێ خۆشە بمدەیە، من بەسەرپێی ناوی خۆمی لەسەر دەنووسم.

ئەگەر ئەوەش بێت کە من کەسێکم کوشتووە من ناوی خۆمی لەسەر دەنووسم . کاتم نیە بۆ ئەوەی پێوەی خەریک بم، سەرەڕای ئەوەش ناتوانم بەبێ چاویلکەکەم ببینم."

   دوای تاوتوێکردنی شکستی بانک و چارەنووسی 

پیۆتەر سمیونیچ، ئاڤدیڤ وھاوڕێکانی چوون بۆ خواردنی کولێرە بە قیمە لە ماڵی یەکێک لەو ھاوڕێیانەیی کە ھاوژینەکەی ئاھەنگی (ڕۆژی _ ناو) ی دەگێڕا. لەئاھەنگی ڕۆژی ناودا ھەموویان تاوتوێی شکستی بانکیان دەکرد .ئاڤدیڤ لە ھەموویان بە پەرۆش تر بوو، و ئەوەی ڕاگەیاند کە ماوەیەکی درێژ  پێشتر پێشبینی تێکشکانی بانک و دووساڵ پێشتر ئەوەی کە کارەکان بەباشی لە بانکەکە بەڕێوە ناچن. 
لەکاتی خواردنی کولێرە بە قیمەدا ، دەیان کاری نایاسایی باس کرد کە ھاتونەتە بەردەستی.

   "ئەگەر دەتزانی ، بۆچی زانیاریت نەدا؟"

ئەفسەرێکی ئامادەبوو پرسیاری کرد.
   "من تاکە کەس نەبووم: ھەموو شارۆچکەکە دەیانزانی،"ئاڤدیڤ پێکەنی . "سەرەڕای ئەمەش، کاتم نیە بۆ بەدواکەوتنی یاسایی دادگا، بەنەفرەت بن!"

دوای کولێرە بە قیمەکە سەرخەوێکی شکاند دوایی نانی ئێوارەی خوارد، دوایی وەنەوزێکی تری دا، دوایی چووە خزمەتی ئێواران لە کڵێسە کە تیایدا چاودێر بوو، دوای خزمەت گەڕایەوە بۆ ئاھەنگی (ڕۆژی_ ناو) و دواتر تاکو نیوەشەو یاری کارتی کرد. ھەمووشتێک قایلکەر بوو. 

   بەڵام کاتێک ئاڤدیڤ دوایی نیوەشەو پەلەیی کرد بۆ ماڵەوە چێشتلێنەرەکە، کە دەرگایی لێ کردەوە، زەرد ھەڵگەڕاو بوو، و زۆر بەسەختی دەلەرزی کە نەیتوانی وشەیەک بڵێت . ھاوژینەکەی، ئیلیزاڤێتا ترۆفیمۆڤنا، ئافرەتێکی شل ولاواز، لەگەڵ قژە سپییە خاوەکەیی، لەسەر قەنەفەی ژووری وێنەکێشان دانیشتبوو بەھەموو لایەکدا ھەڵدەلەرزی، چاوی بەشێوەیەکی بێ مانا دەسوڕاند وەک ئەوەیی مەست بێت. کوڕە گەورەکەی، ڤاسیلیی، قوتابی قوتابخانەیی ئامادەیی، زەردھەڵگەڕابوو، و زۆر ھەڵچووبوو، بە پەرداغێک ئاو دەھات ودەچوو.

   ئاڤدیڤ پرسیاری کرد،"کێشە چیە؟ بەتوڕەییەوەسەیری لایەکانی ئاگردانەکەیی کرد (خێزانەکەیی بە بەردەوامی ناڕەحەت بوون بە دوكەڵی گازەکە). 

   ڤاسیلی وەڵامی دایەوە،"دادپرسی لێکۆڵەر لەگەڵ پۆلیسەکان لێرە بوو،گەڕانێکیان کرد."

   ئاڤدیڤ سەیری دەوروبەری کرد. دۆڵابەکان، باوڵەکان، مێزەکان...

ھەمووشتێک شوێنەواری گەڕانی تازەی پێوە دیار بوو. بۆ خولەکێک ئاڤدیڤ بەبێ جوڵە وەستا وەکو تۆقاوێک، نەیدەتوانی تێبگات. دوایی ھەموو ناخی لەرزی و وادەردەکەوێت قورس بووبێت، قاچی چەپی سڕ بوو، و نەیتوانی بەرگەیی لەرزینەکەی بگرێت، لەسەر قەنەفەکە بە پشتدا کەوت. ھەست بە قورسی ناخی کرد و قاچی  چەپی بەدواوەی قەنەفەکە دەکەوت.لەماوەیی دوو یان سێ خولەکدا ھەموو ڕابردووی بیرکەوتەوە، بەڵام ھیچ تاوانێکی بیر نەکەوتەوە کە شایانی سەرنجی پۆلیس بێت. 

   وتی: "ئەمە بێمانایە،"ھەستایەوە. ئەوان دەبێت تۆمەتیان بۆ ھەڵبەستبم، سبەی پێویستە سکاڵایەکی ناڕەزای بەرزبکەمەوە کە چۆن وێراویانە شتێکی ئاوا بکەن."

بەیانی دواتر دوای شەوێکی بێدار ئاڤدیڤ، وەک ھەمیشە چوو بۆ فرۆشگاکەی. کڕیارەکانی ئەو ھەواڵانەیان بۆ ھێنا کە لەماوەی شەودا داواکاری گشتی، جێگری بەڕێوبەر و سەرۆکی وردبینی ناردۆتە بەندینخانە. ئەو ھەواڵانە ئاڤدیڤی نەشڵەژاند. باوەڕی وابوو کە تۆمەتیان بۆ ھەڵبەستووە، و ئەگەر سکاڵایی ناڕەزایی دژی دادپرسی لێکۆڵەر لە مڕۆدا بەرزبکاتەوە ئەوا دەکەوێتە ناو کێشەوە بەھۆیی گەڕانەکەی شەوی پێشتر.

   لە نێوان کاژێر نۆو دە بەپەلە چووە ھۆڵی شارۆچکەکە بۆ بینینی سکرتێر، کەتاکە کەسی ڕوناکبیری ناو ئەنجومەنی شارۆچکەکە بوو. 

   وتی، "ڤلادیمێر ستیپانیتچ، ئەم مۆدە نوێیە چیە؟" چەماوە بۆلایی گوێی سکرتێر . " خەڵکی دزی دەکەن، بەڵام من چۆن تێوەگلاوم؟ من چیم کردووە؟ 

ھاوڕێ ئازیزەکەم ، " چرپاندی ، " گەڕانێک لە ماڵەکەمدا کراوە شەوی ڕابردوو! لەسەر قسەی من! ئایا ئەوان شێت بوونە؟ بۆچی من؟

   "چونکە مرۆڤ نابێت مەڕ بێت،" سکرتێرەکە بە ئەسپای وەڵامی دایەوە.

" پێش ئەوەی واژۆ بکەین پێویستە سەیر بکەین."

   " سەیری چی بکەم؟ بەڵام ئەگەر بۆ ھەزار ساڵ سەیری ئەم ھەژمارانە بکەم ناتوانم  سەرەداو یان شوێن پێیەکیان لێ ھەڵبگرم! ئەمە ھەمووی یۆنانیە بۆ من! من وردبین نیم. واڕاھاتبوون بۆ منیان بھێنن و واژۆیان بکەم."
   " ببورە. بەڵام جگە لەوە تۆ  ولیژنەکە سازانتان کردووە، تۆ نۆزدە ھەزارت لە بانک قەرز کردووە، بە بێ پێدانی دڵنیایی."

   ئاڤدیڤ بەسەر سوڕمانیەوە ھاواری کرد، "خودا بەزەییمان بەسەردا بڕژێنێت!"

" من تاکە کەس نیمە قەرزم وەرگرتبێ لەبانک! ھەموو شارۆچکەکە پارەیی قەرزارە.

من باجەکەم داو دەبێت قەرزەکەشم بدەمەوە. دواتر چی! سەرەڕای ئەمەش، با ڕاستگۆ بم من خۆم قەرزەکەم وەرنەگرت. پیۆتەر سمیۆنیتچ زۆری لێکردم.' وتی' وەریبگرە. ئەگەد وەری نەگریت،'وتی، ' مانایی وایە متمانەت بە ئێمە نیەو شەرممان لێدەکەیت. تۆ وەریبگرە، ' و وتی ، ' ئاشێک بۆ باوکت دروست بکە.' بۆیە وەرم گرت."

   "باشە،دەبینی،کەس جگە لە منداڵ و مەڕ ھۆکاری ئاوا نادەن. لەھەر حاڵەتێکدا، بەڕێز، پێویست ناکات پەشۆکاو بیت. ناتوانیت لە شوێن پێ ڕابکەیت، بەدڵنییاییەوە، بەڵام تۆ دڵنییای لە بێتاوان دەرچوونت."

   تۆنی گوێنەدان و ئارامی سکرتێرەکە ئارامی ئاڤدیڤی گەڕاندەوە. گەڕایەوە فرۆشگاکەی و ھاوڕێکانی لەوێ بوون، دووبارەدەستی کرد بە خواردنەوە، خواردنی کاڤیار، و خستنەڕووی بیرۆکەکانی کرد. خەریک بوو گەڕانەکەی پۆلیسی لەبیردەکرد، و تاکە کێشەی ئەو حاڵەتە بوو نەیدەتوانی پشتگوێی بخات: قاچی چەپی بەشێوەیەکی نامۆ سڕ بوو بوو، وە گەدەشی بەھەر ھۆکارێک بێت لەکارکردن وەستابوو.

   ئەم ئێوارەیە چارەنووس مامەڵەیەکی تر و زرمەیەکی زۆر بەھێزی لە ئاڤدیڤ دا: لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی شارۆچکەکەدا ھەموو ئەندامانی دەستەی بانک، ئاڤدیڤ لە نێویاندا، داوایان لێکرا دەست لە کاربکێشنەوە، لەسەر بنەمایی تاوان و سەرپێچی، لە بەیانیدا داواکاریەکیشی بەدەست گەیشت کە دەستبەرداری ئەرکەکانی بێت وەک چاودێری کڵێسە.

   دوایی ئەوە ئاڤدیڤ نەیتوانی ئەو زرمانە بژمێرێت کە چارەنووسی مامەڵەی پێدەکرد، بە نامۆی، ڕۆژانی پێشبینی نەکراو بەخێرایی تێپەڕدەبوون، یەک لەدوای یەک، و ھەموو ڕۆژێک سوپڕایزێکی نوێ و پێشبینی نەکراوی دەھێنا. دادپرسی لێکۆڵەر بانگھێشتنامەی دادگای بۆ نارد، و دوایی چاوپێکەوتنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، ڕوخسارێکی سوکایەتی پێکراوی سورھەڵگەڕاو،

   "ئارامی لێبڕیم، جاڕسی کردم کە پێی بڵێم بۆچی واژۆم کردوون. واژۆم کردن و ئەمە ھەموویەتی. بە ئەنقەست وام نەکردووە. ئەوان کاغەزەکانیان دەھێنایە فرۆشگاکەم و منیش واژۆم دەکردن. من توانایەکی باشی خوێندنەوە و نوسینم نیە."

   پیاوانی گەنج بە ڕوخساری بێ باک ھاتن، فرۆشگاکەیان سەربەمۆر کرد، و ھەموو کەلوپەلەکانی ماڵەکەیان جەرد کرد. ئەو پێشبینی ھەندێک داوی دەکرد لەپشت ئەمە، و، وەک پێشتر لەھەر کارێکی ھەڵە بێئاگا بوو، ئاڤدیڤ لە ئۆفیسێکی حکومی بۆ یەکێکی تر بە ڕسواییەوە بۆ بەرزکردنەوەی سکاڵا ڕایدەکرد. چەندین کاتژمێری لە ژوورەکانی چاوەڕوانی بەڕێدەکرد، سکاڵانامەی دوور و درێژی دادەڕشت، فرمێسکی دەباراند، سوێندی دەخوارد.

   دواکاری گشتی و دادپرسی لێکۆڵەر بۆ سکاڵاكانی بە كەمتەرخەمی و پێگەشتووی وەڵامیان دایەوە:

   " وەرە بۆ لامان کاتێک بانگھێشت کرای: ئێستا کاتمان نیە کە ئامادە بین."
لەکاتێک ھەندێکی تر: " ئەمە کاری ئێمە نیە."
   سکرتێرەکە، کە پیاوێکی ڕوناکبیر بوو، ئاڤدیڤ پێی وابوو دەتوانێت یارمەتی بدات، بەئەستەم شانی ھەڵتەکاند و وتی: 

   " ئەمە ھەڵەی خۆتە پێویست نەبوو مەڕ بووبایت."
   پیاوە پیرەکە ئەوپەڕی توانایی خۆیی بەکارھێنا، بەڵم قاچی چەپی ھێشتاش ھەر سڕ بوو، و ھەرسکردنی خراپتر و خراپتر دەبوو. کاتێک ھەستی بەوە کرد ناتوانێت ھیچ شتێک بکات و ھەژارتر و ھەژارتر دەبوو. بڕیاری دا بچێت بۆ ئاشەکەی باوکی، یان لای براکەی ودەست بەکاری دانەوێڵە بکات. خێزانەکەی ڕۆشتنە لای باوکی وخۆی بەتەنیا مایەوە.

   ڕۆژەکان یەک لە دوای یەک ڕۆشتن. بەبێ خێزان، بەبێ فرۆشگا، و بەبێ پارە، چاودێری کەنیسەیی پێشوو، پیاوێکی دڵسۆزو بەڕێز، ھەموو ڕۆژەکانی بە ڕۆشتن بۆ فرۆشگایی ھاوڕێکانی بەسەر دەبرد، خورادنەوە، خواردن، گوێگرتن لە ئامۆژگاری.

   لە بەیانیان و ئێواراندا، بۆ کاتێکی درەنگ، دەچووە کڵێسە. چەندین کاتژمێر لە ئایکۆنەکان ڕادەما، نەدەپاڕایەوە، بەڵکو بیریدەکردەوە. ویژدانی ئاسودە بوو، وە حاڵەتەکەی بۆ ھەڵەتێگەشتن دەبردەوە، بە بیری ئەو، ھەموو ئەمانە دەگەڕانەوە بۆ ئەم ڕاستیەی کە بەرپرسان و دادپرسی لێکۆڵەر کەسانی گەنج و بێ ئەزموون بوون. پێی وابوو ئەگەر قسەبکات و دڵی خۆی بۆ دادوەرێکی بەتەمەن بکاتەوە، ھەموو شتێک باش دەبێتەوە، لە دادوەرەکان نەدەگەیشت و پێی وابوو ئەوانیش لێی تێناگەن.

   ڕۆژان ڕۆیشتن، لە کۆتایدا، دوای دواخستن و بەرھەڵستیەکی زۆر، ڕۆژی دادگایی ھات. ئاڤدیڤ پەنجا ڕۆبڵ (پارەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران) قەرزکرد، ھێزی دایە بەرخۆی و دەستی بە قاچیدا ھێنا و گژوگیای ھەرسکردنی ھەڵگرت، ڕۆیشت بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە بازنەیی دادگایی دەگرتەخۆ.

   دادگایی کردنەکە دە ڕۆژی خایاند. بە درێژایی دادگاییەکە ئاڤدیڤ لە نێوان ھاوەڵەکانی و بەدبەختی دادەنیشت ھاودەم لەگەڵ  ھێمنیەک و شکۆدارییەکی شیاو کە لەگەڵ پیاوێکی بەڕێز و بێتاوان دەھاتەوە ھاوشان بە ئازارچەشتنێکی بەبێ تاوان: گوێی دەگرت و وشەیەک تێنەدەگەیشت.لەجەوێکی دوژمنانەدا بوو. لەوە توڕە بوو ماوەیەکی زۆر لەدادگا دەستبە سەر کرا، نەیدەتوانی خورادنی بەسیر خۆشکراو لە ھیچ شوێنێک بدۆزێتەوە، وپارێزەری بەرگریکاریش لێی تێنەدەگەیشت، و پێی وابوو، شتێکی ھەڵە دەڵێ. پێی وابوو دادوەر لە کارەکانیان تێناگات. ئەوان زۆر بە دەگمەن سەرنجی ئاڤدیڤیان دەدا، لە سێ ڕۆژدا تەنیا یەک جار بانگیان کرد،

وپرسیارە ئاڕاستەکراوەکانیش لەو جۆرانە بوون کە ئاڤدیڤ بە گوێگران پێدەکەنی ھەر جارێک وەڵامی  دەدانەوە، کاتێک ھەوڵیدا قسەبکات لەبارەی ئەو مامەڵانەیی کە جێبەجێکراون، ئەوانەیی لەدەستی داون، وەدەرخستنی خەرجی دادگا، پارێزەرەکەیی ئاوڕێکی مڕومۆچی لێدایەوە، گوێگران پێکەنین، ودادوەر ئەوەی خستە ڕوو کە ھیچ شتێک لەگەڵ ئەم کەیسە ناکرێت. ئەم دوو وشەیەیی کۆتا کە ڕێی پێدرابوو بیڵێت ئەوە نەبوو کە پارێزەرەکەیی ڕێنمونی کردبوو بۆ وتنیان ، بەڵکو شتێکی تەواو جیاواز، کە دووبارە بە پێکەنینی ھێنانەوە.

   لەماوەی ئەو کاژێرە ناخۆشەدا کاتێک دەستەی بڕیاردەران لە ژووری خۆیان ڕاوێژیان دەکرد ئەو بە توڕەییەوە لە باڕی ساردەمەنی دانیشتبوو، ھیچ بیری لە دەستەی بڕیاردەران نەدەکردەوە. تێنەدەگەیشت بۆچی بە ئەنقەست درێژەی پێدەدەن لە کاتێکدا ھەموو شتێک ڕوونە، و چیان لە ئەو دەویست.
   برسی بوو، داوای لە گارسۆنەکە کرد ژەمێکی خواردنی بە سیر خۆشکراوی بۆ بھێنێت. بە چل کۆپێک ماسی سارد و گێزەریان بۆ ھێنا. خواردی و ھەستی دەکرد ماسیەکان لەناو گەدەی گرێ دەبن، کە باوبژ، دڵەکزە، و ئازاری بەدواداھات.
   دوایی ئەمانە، کاتێک گوێی لە سەرۆکی بڕیاردەران دەگرت کە پرسیارەکانی خاڵ بە خاڵ دەخوێندەوە، شۆڕشێک لە ناخیدا دەستی پێکرد، لاشەی ئارەقەیەکی ساردی کردەوە، قاچی چەپی سڕ بوو. بەدوای نەڕۆیشت، و ھیچ تێنەگەیشت، و ئازارێکی وای ھەبوو نەیدەتوانی دابنیشێت نە پاڵبکەوێت کاتێک سەرۆکی بڕیاردەران دەیخوێندەوە.

   لە کۆتاییدا کە ڕێگە بە خۆی و ھاوەڵەکانی درا کە دابنیشن، داواکاری گشتی ھەستا و شتێکی بێ مێشکانەی وت، لەیەک کاتدا، ھەموو بازیاندایە سەر زەویەکە، ھەندێک ئەفسەری پۆلیس دەرکەوتن و بە شمشێرەکانیان دەوری بەندکراوەکانیان دا. ئاڤدیڤ پێی وترا ھەستێت و بڕوات.

   ئێستا زانی کە تاوانبار کراوەو لەدەست پۆلیسدایە، بەڵام نەترساو نە سەرسام بوو، ئاژاوەیەک لەناو گەدەیی ھەبوو نەیدەتوانی بیر لە پاسەوانەکان بکاتەوە.

پرسیاری لە یەکێک لە ھاوەڵەکانی کرد،" کەواتە ناتوانین بچینەوە ھۆتێلەکە؟".

"بەڵام من ڕۆبلی و چارەگە کیلۆیەک چایم ماوە لە ژوورەکەمدا."

   شەوێکی لە بنکەی پۆلیس بەسەربرد، ھەموو شەوەکە بەخەبەر بوو و ھێڵنجی دا لەبەر ماسییەکان، وبیری لە سێ ڕۆبلی و چارەگە چایەکە دەکردەوە. لە بەیانی زوودا کاتێک ئاسمان دەستی بەشین بوون دەکرد، پێی وترا کە ھەستێت و جلەکانی  لەبەر بکات.

   دوو سەرباز بە ڕمەوە بردیان بۆ زیندان. پێشتر ھەرگیز شەقامەکانی شارۆچکەکە ئاوا درێژو بێکۆتا نەبوون. لەسەر شۆستە نەدەڕۆشت بەڵکو لەناوەڕاستی ڕێگاکە لە قوڕ، بەفری لیتە. لە ناوەوەی ھێشتا ھەر جەنگ بوو لەگەڵ ماسییەکە، قاچی چەپی ھەر سڕ بوو، کالەکانی لەبیر چووبوو لە دادگا یان بنکەی پۆلیس، ھەستی بە بەستن دەکرد لە پێیەکانی.

   پێنج ڕۆژ دواتر ھەموو زیندانیەکان بردرانە پێش دادگا بۆ گوێگرتن لە کۆتا ڕستەیان. ئاڤدیڤ دەیزانی دووردەخرێتەوە لە ھەرێمی تۆبۆلستک.

ئەوەش نەترساندی و نەسەری سوڕما. خەیاڵی دەکرد کە ھێشتا دادگاییەکە تەواو نەبووە، و دواخستنی زیاتر ماوە، ھێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە...

لەزیندان ھەموو ڕۆژێک چاوەڕوانی کۆتا بڕیاربوو.

   شەش مانگ دواتر، کاتێک ھاوژین و ڤاسیلی کوڕ ھاتن بۆ وتنی خودا حافیزی، و کاتێک ئیلیزاڤێتا ترۆفیمۆڤنایی جارێک قەڵەو شکۆداری لە جلێکی بێ بەھا و دڕاو بینی، و کاتێک کوڕەکەی لە چاکەتێکی کەشتیوانی کورتی خراپ بینی لەگەڵ پانتۆڵێکی لۆکەلە جیاتیجلی یەکپۆشی قوتابخانەی ئامادەیی، بۆی دەرکەوتچارەنووسی دیاری کراوە، و بڕیاری نوێ ھەرچیەک بێت، ڕابردووی ھەرگیز ناگەڕێتەوە بۆی. و بۆ یەکەم جارلە ماوەی دادگایی و زیندانیکردنی ڕوخساری توڕەیی جێھێشت، و بە توندی گریا.

تێبینیەکان
ڕۆژی_ناو: ڕووسەکان لەو ڕۆژە پیرۆزەدا ئاھەنگ دەگێڕن کە بەناوی کەسێکەوە ناونراون