نارین: زۆرجار نووسینم لە جیانی حەبی ئارامكەرەوە بەكارهێناوە.

03/10/2020
فۆتۆ: 

سازدانی: داستان

(نارین ڕۆستەم) كچە شاعیرێكی دانیشتووی شاری هەولێرە و ماوەی چەند ساڵێكە شیعر دەنووسێت، بەشداری لە چەندین كۆڕ و فێستیڤاڵی ئەدەبیدا كردووە، باوكیشی شاعیرێكی دیاری ئەو شارەیە و لەگەڵ هاونەوەكانی خۆییدا توانیوویەتی جیاوازییە شیعرییەكانی بكاتە ناسنامەیەك بۆ خۆی، بەڵام نارین لە باوكیشی ناچێت و شیعرەكانی ڕوانینی خودی ئەون بۆ جیهان، لەم دەرفەتە تایبەتەی  (ژیان)دا نارین وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە. 

ژیان: چیبوو وایكرد بنووسیت؟ بۆچی نووسیت؟ بۆچی كارێكی دیكەت نەگرتەبەر بۆ دەربڕینی ئەوەی دەتووسیت بیڵێت؟
نارین: منداڵبووم بەهۆی نەخۆشییەكەوە كێشەیەك لە قورگمدا دروستبوو، زۆرجار دەنگم دەنووسا، نەمدەتوانی قسەبكەم، بۆیە هەموو ئەو شتانەی نەمدەتوانی بیانڵێم دەمنووسینەوە، سەبارەت بە من هیچ كات ئەركی نووسەربوونم بەخۆم نەبەخشیوە، كەی بمەوێت دەنووسم، كە نەشمەوێت وەك كچێكی گچكە، قوتابیەك لە هیچ كات لە مامۆستاكانی فێرنابێت، دارا چەند داری دیو دۆی كێ ڕژاوە دەژیم، ئەوجا لەوە دڵنیام شاعیربوون ئەوەندەش خۆش نییە، كە ئازار دەكرێتە شیعر، ئازارەكەش تەواو ببێ شیعرەكە دەمێنێتەوە.

ژیان: چ ساتێك دەنووسیت؟ چییە وادەكات بنووسیت؟
نارین: كاتێكی دیاریكراوم بۆ نووسین دانەناوە، شەو یان ڕۆژ هەمان شتن، ساڵ و مانگەكانیش،بەڵام زۆرجار نووسینم لە جیانی حەبی ئارامكەرەوە بەكارهێناوە، بۆ من ئەدەبیات سەرەی سەموون نییە لەبەر ئەوەی ژنیت خاترت بگیرێت و بێ سەرە كیسە سەموونی گەرمت پێشكەش بكرێت، ئەدەبیات كرێكارییە.

ژیان: لە چ كەشێكدا دەنووسیت؟ پێویستت بە چییە بۆ ئەوەی بنووسیت؟
نارین: هەموو نووسینەكانم لە ماڵەوە نووسیوون، ڕەنگە ئەوەش هۆكاربێت بۆ ئەوەی كە شیعرەكانم هەوای دەرەوەیان بەرنەكەوتبێت و هەر باسی ئەو ماڵە بكەن كە هێشتا بۆ من قوتوویەكی بچكۆلەی بێ سەرە. 

ژیان: زیاتر خوێنەری چ جۆرە بەرهەمێكیت؟
زۆرتر حەزم لە كتێبی سیاسییە، بەڵام ڕەقم لە سیاسەتە.

ژیان: ئایا ئەوەی تاكو ئێرە نووسیووتن بە دڵی خۆتن؟ 
نارین: نەخێر ئەوانەی نووسیوومن بەدڵی خۆم نین و ڕەنگە لە داهاتووشدا وابمێننەوە.

ژیان: هەریەك لەمانە چی دەگەێنن لەلای تۆ؟
هەولێر: باشترین شار بۆ ئەوەی بتكاتە هونەرمەندێكی سوریالی، یان شێتی سەر جاددە.
شانۆ: نەخۆشخانەیەكی نەخۆش، لە ناویدا بزربووم.