تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن: ترەمپ دووچاری کێشەی هەناسەدان بووەتەوە

03/10/2020
فۆتۆ: 

تۆڕی هەواڵی (CNN )ی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا، لە ئێستادا دووچاری کێشەی هەناسەدان بووەتەوە.

تەلەفزیۆنەکە لە ڕاپۆرتێکدا لەزاری ڕاوێژکارێکی ترەمپەوە بڵاویکردەوە، ئاماژەی دوو دڵی هەیە سەبارەت بە تەندروستی ترەمپ و دۆخەکەی بە "مەترسیدار" ناوبردووە.

ئەو ڕاوێژکارەی ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ دووچاری هیلاکی و کێشەی هەناسەدان بووەتەوە.

تۆڕی هەواڵی  (CNN ) لەزار سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژەی بەوەکردووە، لێپرسراوانی کۆشکی سپی هەست بەدوودڵییەکی گەورە دەکەن سەبارەت بە تەندروستی ترەمپ.

لێپرسراوێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆک باشە، بەڵام ترسی ئەوەیان هەیە بارودۆخەکە بە پەلە بگۆڕێت.

    (CNN ) ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی ترەمپ لە میلیای هاوسەری خراپترە، بەڵام تا ئێستاش دەسەڵاتەکانی ڕادەستی میک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا نەکردووە.

خراپبوونی دۆخی تەندروستی ترەمپ لەکاتێکدایە، پێشتر کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، دوناڵد ترەمپ بە سوکی نیشانەکانی کۆرۆنای لەسەر دەرکەوتووە و دەستبەجێ گوێزراوەتەوە بۆ بەشێکی تایبەتی نەخۆشخانەی  "واڵتەر ڕید"ی سەربازیی لە ویلایەتی میریلاند.