ژمارەی کوژراوە سورییەکان لە جەنگی قەرەباغ بەرزبۆوە

04/10/2020
جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجان ماوەیەی هەفتەیەکە درێژەی هەیە
فۆتۆ: فۆتۆ: ڕۆیتەرز

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەی سوریا کە تورکیا ناردوونی بۆ بەشداریکردن لە جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزدەبێتەوە.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، نوێترین سەرژمێری کوژران چەکدارە سورییەکان کە تورکیا ڕەوانەی جەنگی ناگۆرنی قەرەباغی کردوون، تا ئیستا گەیشتووەتە ٧٢ کوژراو، لە کاتێکدا ئەو ژمارەی ڕۆژی شەممە ٦٤ کوژراو بووە.

چەکدارە بەکرێگیراوە سورییەکان لەپاڵ هێزەکانی ئازەربایجان شەڕ لەدژی ئەرمینیا دەکەن، کە ماوەی هەفتەیەکە لە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ دەستی پێکردووە.

پێشتریش ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، کۆمپانیا ئەمنییەکان و دەزگای هەواڵگری تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی ڕەوانەکردن و ڕاهێنانن بە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامی گروپە چەکدارە نزیکەکانی لە تورکیا، بۆ بەشداریکردن لەگەڵ جەنگی ناگۆرنی قەرەباغ لە پاڵ هێزەکانی ئازەربایجان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا، تا ئیستا تورکیا نزیکەی ١٢٠٠ چەکداری ڕەوانەی ئازەربایجان کردووە، کەزۆربەیان لە پێکهاتەی تورکامانن لە هەردوو گروپی "سوڵتان موراد" و "عەماشات".

سەرباری ئەوەی ئازارەبایجانی هاوپەیمانی تورکیا بەردەوام رەتیدەکاتەوە چەکداری بەکرێگیراوی تورکیای بەکارهێنابێت لە جەنگی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەڵگەکان لەسەر تێوەلانی ئەو چەکدارانە لە جەنگەکەدا زیاتر دەبێت، بە تایبەت دوای ئەوەی هەریەکە لە ئەمریکا و ڕوسیا و فەڕەنسا، دوودڵی خۆیان نیشاندا سەبارەت بە ڕۆڵی چەکدارە بەکرێگیراوە سورییەکان لە جەنگەکاندا.

هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ  دەکەوێتە دڵی خاکی ئازەربایجانەوە و پایتەختەکەی "سیتبان کیرت"ە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانەوە، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەرمەندایە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٥٠ هەزار کەسە و ئەرمەنییەکان لەئیستادا نزیکەی لە ٩٥%ی پێکدەهێنن.

هەرێمەکە لە ساڵی ١٩٩٢ جیابوونەوەی خۆی لە ئازەربایجان ڕاگەیاند، بێ ئەوەی لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا بنرێت، تەنانەت لەلایەن ئەرمینیاشەوە، بەڵام ئامادەیە هاوکاریی بکات.