خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بەخشرایە دوو زانای ئەمریکی و بەریتانییەک

05/10/2020
فۆتۆ: 

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرایکرد، خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بەخشییە هەریەکە لە زانايان(مایکل هوتن)ی بەریتانی و هەریەکە لە (هارڤی ئالتەر و چارلس ڕایس)ی ئەمریکی، بەهۆی ئاشکراکردنی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر لە جۆری (C ).

ئەو خەڵاتە بەخشرایە ئەو سێ زانایە، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هاوکارییان لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە کوشندەیە لەسەر ئاستی جیهان، کە جگەری نەخۆش تووشی بەمۆم بوون دەکات.

ئەو زانایانە کاریانکرد لەسەر ئاشکراکردنی ڤایرۆسی هەوکردنی جگە لە جۆری (C )، کە رێگەی خۆشکرد بۆ زانایان و پزیشکەکان بە ئەنجامدانی پشکنینی خوێن و گەشەپێدانی دەرمانی نوی لەدژی ڤایرۆسی (A وB )، کە بووە هۆی ڕزگارکردنی گیانی ملیۆنان کەس.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وا پێناسەی ڤایرۆسەکەی کردووە "بریتییە لە ڤایرۆسی هەوکردنی توند و دریژخایەن، کە ئەگەری ئەوەی هەیە بۆ چەند هەفتەیەک یان تا کۆتایی تەمەن لەگەڵ مرۆڤدا بێت، بێ ئەوەی هیچ پێکەوتەیەکی سەرکەوتوو هەبێت بۆ لەناوبردنی".

تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرچاوەی تووشبوون بەو نەخۆشییە، ئەنجامدانی سێکسی دەرەوەی خێزان و خواردنی مادە هۆشبەرەکان و نەبوونی چاودێری تەندروستی پێویست.

بەگوێرەی سەرژمێری تەندروستی جیهانی، تا ئێستا ٧١ ملیۆن کەس لەسەر ئاستی جیهان تووشی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری درێژخایەن بوون، ژمارەی ئەو کەسانەش کە تا ئێستا بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٣٩٩ هەزار کەس، کە زۆربەیان بەهۆ بەمۆمبوونی جگەرەوە گیانیان لەدەستداوە.