"گیان لەدەستدانی 12 توشبووی کۆرۆنا لە 24 کاتژمێردا زەنگێکی مەترسیدارە"

05/10/2020
فۆتۆ: 
سلێمانی

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، گیان لەدەستدانی 12 توشبووی کۆرۆنا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زەنگێکی مەترسیدارە و ئەرکی هەموو لایەکە بە زووترین کات کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە.

د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی تووشبووانی کۆرۆنای لە سلێمانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنها لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ٢٧ نەخۆشی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی کراون.

ئاشکراشیکرد، هەر لەو ماوەیەدا ١٢ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە کە توشبوویەکیان لە نەخۆشخانەی ئاسا، چوار توشبوو لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ، شەش توشبوو لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن و توشبوویەکی دیکەش لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گیان لەدەستدانی (١٢) توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە (٢٤) کاتژمێری ڕابردوو و (٤٠) تووشبوو لە ماوەی (٥) ڕۆژدا لە شاری سلێمانی زەنگێکی مەترسیدارە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاشیگەیاند، روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ئەرکی سەر شانی کەرتی تەندروستی نیە لە شارەکە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکە بە زووترین کات کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە خراپتر بوونی دۆخەکە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥١ هەزار و ٧٧ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٨٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٢ هەزار و ٣٧٨ توشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.