ئازەربایجان مەرجەكانی بۆ وەستانی شەڕی ئەرمینیا راگەیاند

06/10/2020
فۆتۆ: 

ئازەربایجان بە پشتیوانی توركیا مەرجی خۆی بۆ وەستاندنی شەر راگەیاند و بە پێویستی دەزانێت ئەرمینیا داوای لێبوردن بكات و رێز لە یەك پارچەیی ئازەربایجان بگرێت.


ئیلهام عەلیڤ، سەرۆكی ئازەربایجان، مەرجی وڵاتەكەی بۆ راگرتنی شەر لەگەڵ ئەرمینیا ئاشكرا دەكات و دەڵێت، پێویستە سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا داوای لێبوردن بكات و بڵێت كاراباخ ئەرمینیا نیە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە ساڵێك پێش ئێستا سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لەبارەی ئەو هەرێمەوە وتبووی كە بەشێكە لە ئەرمینیا، هەر بەوهۆیەوە عەلیڤ داوا دەكات كە "دەبێت ئەو بڵێت كاراباخ ئەرمینیا نییە" و پێویستە رێز لە یەكپارچەیی خاكی ئازەربایجان بگرێت. 

ئەو مەرجێكی دیكەی وەستاندنی شەڕی لەو ناوچەیە راگەیاندووە و دەڵێت: دەبێت كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەرمینیا لە كاراباخ دیاری بكات. ئەو قسانەش لە لایەن گرووپی مینسكەوە پشتڕاست بكرێنەوە.

هەر لەو بارەیەوە توركیا كە بە وتەی ئەرمینیا سەرپەرشتی شەڕی ئازەربایجان لە ناوچەكە دەكات، پشتیوانی قسەكانی سەرۆكی ئازەربایجانی كرد، مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند "هەموولایەك، دەبێت داوا لە ئەرمینیا بكات بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بكشێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان و لەسەر بنچینەی یەكپارچەیی خاك و سنوری ئازەربایجان".

هەرچەندە ئاماری دروستی شەڕەكە نەزاندراوە بەڵام ئەرمینیا رایدەگەیەنێت تا ئێستا 2300 سەربازی ئازەریان كوشتووە، بەڵام ئەو وڵاتە هیچ ئامارێكی زیانەكانی شەڕ بلاو ناكاتەوە تەنها ئاماری سەركەوتن بڵاودەكاتەوە. 

ئەرمینیا ئەوەشی راگەیاندووە تا ئێستا 170 سەربازیان كوژاوە، بەڵام بەرپرسانی ئازەربایجان رایدەگەیەنن كە وڵاتەكەیان توانیویەتی نزیكەی 600 سەربازی ئەرمەنی بكوژن، ئەوە جگە لەوەی تا ئێستا باس لە كوشتنی دەیان چەكداری توركیا دەكرێت لەو شەڕەدا كە لە سوریاوە لەبەرامبرە پارەدا رەوانەی ئەو ناوچەیەی كردوون.