لێكۆڵینەوەیەكی بەریتانی: نەمانی هەستی تام و بۆن نیشانەیەكی سەرەكی كۆرۆنایە
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ لەبارەی نیشانەكانی كۆرۆنا ئاشكرایدەكات بەشێكی زۆر لەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن هەستی تام و بۆنیان نامێنێت، 40%ی ئەو كەسانەشی تووشی كۆرۆنابوون هەستی تام بۆنیان نەماوە بەڵام توشی كۆكە و هەناسە تەنگیش نەبوون.
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی بەریتانی دەریخستووە لە دەستانی هەستی تام و بۆنكردن نیشانەیەكی دروست و بێ هەڵەیە بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لێكۆلەرانی زانكۆی (كینگ كۆلێج)ی بەریتانی لە ناوەندە سەرەكییەكانی لەندەن هەڵسەنگاندنیان بۆ داتای تووشبووان ئەنجامداوە، بۆیان دەركەوتووە ٪78 ئەو كەسانەی وتویانە هەستی تام و بۆنكردنیان لەدەستداوە ئەنجامی پشكنینەكانیان بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا پۆزەتیڤبووە.
لێكۆڵینەوە بەریتانیەكە روونیشیكردووەتەوە ٪40 ئەو كەسانەی هەستی تام و بۆنكردنیان نەماوە تووشی كۆكە و هەناسە تووندی نەبوون، كە بەیەكێك لە نیشانە سەرەكییەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا دیاریكراوە.
توێژەرانی زانكۆكە ئەوەشیان وتووە، لەدەستدانی هەستی تام و بۆنكردن ئاماژەیەكی دروست و تەواو ڕاستە بۆ ئەگەری تووشبوونی كەسێك بە ڤایرۆسەی كۆرۆنا و دەبێت وەك پێوەرێكی سەرەكی پشتی پێببەسترێت.
سروشت و كاریگەری كۆرۆنا لە جیهاندا كە ماوەی زیاتر لە 10 مانگە لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە بەشێوەیەكی بەردەوام لێكۆڵینەوەی لە نیشانە و هۆكار و چارەسەر و پێكوتەی جیاواز لەبارەیەوە دەكرێت.
بەشێكی كەم لە وڵاتانی جیهان لەدەستدانی هەستی بۆن و تامكردن بە نیشانەی تووشبوون بە كۆرۆنا دادەنرێت، ئەنجامدەرانی لێكۆڵینەوەكەش ئەوەیانوتووە كە پێویستە نەمانی هەستی تام و بۆنكردن بخرێتە ناو نیشانەكانەوە و بە فەرمی بناسرێت.
ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەی زیاتر لە 10 مانگە لە جیهان بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە و شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەكە سەریهەڵداوە بەتایبەت دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون لە بەشێك لە وڵاتان.
|