دوای دیبەیتەكەی لەگەڵ ترەمپ دەنگەكانی بایدن زیادیكردووە

06/10/2020
فۆتۆ: 

لە دوای یەكەم گفتوگۆی نێوان ترەمپ و جۆو بایدنەوە، ئاستی لایەنگرانی كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا ڕووی لە زیادبوون كردووە.

ناوەندی ئێس ئێس ئار ئێسی تایبەت توێژینەوەی كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكی ڕاپرسییەكی سەبارەت بە ڕێژەی لایەنگرانی هەردوو كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكا بڵاوكردووەتەوە، بەپێی ڕاپرسییەكە لە دوای یەكەم گفتوگۆی ڕوبەڕووی هەردوو كاندیدەكەوە، ئاستی لایەنگرانی جۆو بایدن زیاتر بووە و ژمارەی لایەنگرانی ترەمپیش ڕووی لە كەمی كردووە.

بەپێی ڕاپرسییەكە، ٪‏٥٧ی ئەو كەسانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەكەدا كردووە ئاشكرایانكردووە پشتگیری لە جۆو بایدن دەكەن و ٪‏٤١ پشتگیری لە ترەمپ دەكەن.

ناوەندەكە ئاشكرایكردووە، دوو هۆكار هەن كە وایانكردووە ئاستی لایەنگرانی ترەمپ داببەزێت ئەوانیش، ئەنجامدانی یەكەم گفتوگۆی ڕوبەڕووی نێوان ترەمپ و بایدن بوو كە كەناڵی سی ئێن ئێن و بەشێك لە ناوەندی لێكۆڵێنەوە سیاسییەكانی ئەمریكا بە خراپترین گفتوگۆی نێوان كاندیدی سەرۆكایەتیی ناویان هێنا، هۆكارێكی دیكەش تووشبوونی ترەمپە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هەر بەپێی راپرسییەكە، لە بابەتی ڕوبەروبوونەی كۆرۆنادا ٪‏٥٩ی بەشداربوان بایدن بە باشتر دەزانن و ٪‏ ٣٨ترەمپ، لە رووی چاودێری تەندروستییەوە ٪‏٥٩ بایدن و ٪‏٣٩ترەمپ، لە رووی نایەكسانی رەگەزییشەوە ٪‏٦٢ بایدن و ٪‏٣٦ ترەمپ، هەروەها ٪‏٥٧ی بەشداربووان بایدن بە باشتر دەزانن بۆ كاندیدكردنی ئەندامانی دادگای باڵا و ٪‏٤١ ترەمپ بە باشتر دەزانن، لە رووی سەلامەتی و تاوانەوە ٪‏٥٥ بۆچوونیان وایە بە هەڵبژاردنی بایدن سەلامەتی زیاد دەبێت و تاوان كەم بەڵام ٪‏ ٤٣ ترەمپ بە باشتر دەزانن لەو ڕووەووە، لە ڕووی ئابورییەوە بەهەمان شێوە بایدن لە پێشەوەیە، بەجۆرێك ٪‏٥٠ بەشداربووان بۆچونیان وایە بایدن لە ڕووی ئابورییەوە سەركەوتوتر دەبێت بەڵام ٪‏٤٨ بەشداربووانی دیكە دەڵێن ترەمپ سەركەوتوتر دەبێت.

لە راپرسییەكەدا بۆچوونی هاوڵاتیان سەبارەت بە هەستی ئەرێنییان بەرامبەر هەردوو كاندیدەكە وەرگیراوە و ٪‏٥٢ هەستی ئەرێنییان بەرامبەر هەڵبژاردنی بایدن هەیە و ٪‏٣٨ بەرامبەر ترەمپ، لە كۆتایی راپۆرتی ناوەندەكەشدا ھاتووە كە ئەم ئەنجامانە لە رۆژی دەنگدان و لەسەر سندوقی دەنگدان یەكلا دەبنەوە.