فەیسبوک پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ دەسڕێتەوە

06/10/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسینێکی سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی بەرواردکردنی کۆرۆنای بە نەخۆشی ئانفلۆنزای سڕییەوە کە لە پەیجی تایبەتی خۆی داینابوو.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاش چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا و یەک ڕۆژ دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، لە پەیامێکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردبووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بە نەخۆشی ئانفلۆنزا بەراورد کردبوو.

فەیسبوک پەیامەکی ترەمپی سڕییەوە، چونکە ماوەیەکە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سڕینەوە و لابردنی زانیاری ناڕاست دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای خستووەتە بەرنامەی کاریی خۆیەوە.

دۆناڵد ترەمپ نوسیبووی، "وەرزی ئانفلۆنزا بەڕێوەیە، سەرەڕای بوونی ڤاکسینی ئانفلۆنزا، هەموو ساڵێک و زۆربەی کات زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەستدەدەن".

ئاماژەی بەوەشکردبوو، پێویست ناکات بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە ژیان لە وڵاتەکەیان ڕابگرن، چونکە لەگەڵ نەخۆشییەکە ڕاهاتوون، هەروەک فێری ئەوە بوون کە چۆن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ژیان بەسەرببەن.

ئەمەش بۆ یەکەمجار نییە کە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پۆستێکی سەرۆکی ئەمریکا دەسڕێتەوە، نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا و کاتێک دۆناڵد ترەمپ بەشێک لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی لە ئاکاونتی تایبەتی خۆی دابەزاند و تیایدا ئاماژەی بەوەکردبوو، "تاڕادەیەک منداڵان لەبەرامبەر کۆڤید 19دا پارێزراون و کەمتر تووشی نەخۆشییەکە دەبن"، دەستبەجی فەیسبوک پۆستەکەی سڕییەوە و ڕایگەیاند، ئەو جۆرە لێدوانانە، بە پێشێلکردنی یاساکانی فەیسبوک لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەقەڵەمدەدرێت و زیانی بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی هەیە.